داواکانی مەغریب بۆ زیادکردنی نوێنەرایەتی ژنان لە نێوان بانگەوازەکانی هەڵبژاردنی "ئازاد و دادپەروەرانە"

گفتوگۆ بەردەوامەکان سەبارەت بە بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسیدا تیشک دەخاتەسەر ئەوەی کە سەرەڕای زیادبوونی نوێنەرایەتی ژنان لە پەرلەمان، جیاوازییە ڕەگەزییەکان لە بەرنامەکانی هەڵبژاردندا بەردەوامی هەیە.

حەنان حارت

 

مەغریب- لە کاتێکدا مەغریب خۆی بۆ هەڵبژاردنی یاسادانان ئامادە دەکات کە بڕیارە لە مانگی ئەیلوولدا بەڕێوە بچێت، بزووتنەوەی ژنان زیاتر داوای ئەوە دەکات کە یەکسانی ڕەگەزی ناوەندی بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەکان بێت، ئەوان هەڵبژاردنی داهاتوو بە تاقیکردنەوەی پابەندبوونی ئەکتەرە سیاسییەکان بە وەرگێڕانی بنەما دەستوورییەکان بۆ سیاسەتی کرداریی دەزانن، هاوکات گفتوگۆ سەبارەت بە نوێنەرایەتی ژنان لە چوارچێوەی دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان و میکانیزمەکانی بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان لە بڕیاردان بەردەوامە.

 

لەو چوارچێوەیەدا، کۆمەڵەی دیموکراتی ژنانی مەغریب داوای لە پارتە سیاسییەکان کرد، کە لە کاتی ئامادەکردنی بەرنامەی هەڵبژاردنەکانیاندا ڕوانگەی ڕەگەزی بگرنەبەر، ئەمەش دوای ناردنی نامە بۆ لایەنە جیاوازەکان بە هاوڕێیەتی توێژینەوەیەک لەسەر "وضع ومكانة النساء في البرامج الانتخابية للأحزاب السياسية برسم انتخابات 2021".

"دۆخ و شوێنی ژنان لە بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتە سیاسییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢١".

 

جەختی لەوە کردەوە، توێژینەوەکە کە پشتی بە ئامرازەکانی هەڵسەنگاندنی ڕەگەزی بەستووە، جیاوازییەکی ڕوونی ئاشکرا کردووە لە ڕادەی لایەنەکان باس لە کێشەکانی ژنان دەکەن، هەروەها دەریخست کە بنەمای یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان لە بەرنامەکانی هەڵبژاردندا بە نەبوونی ماوەتەوە، سەرەڕای ئەوەی پایەیەکی بنەڕەتییە، ئەمە جگە لەوەی کە مافەکانی ژنان لە چوارچێوەی دیدگای سیاسی و ئامانجە ستراتیژییەکانی لایەنەکاندا سنووردار کراوە.

 

دووپاتیکردەوە، ئەم ڕاستیە ناتەبایە لەگەڵ دەستووری ساڵی ٢٠١١ کە بنەمای یەکسانی چەسپاندووە و هەوڵی بەرەوپێشبردنی یەکسانی داوە، لەگەڵ پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی مەغریب بۆ مافەکانی مرۆڤ، داوای بەشداریکردنی ژنان لە ئامادەکردنی بەرنامەکانی هەڵبژاردن و تێکەڵکردنی دیدگای ڕەگەزی لە سیاسەتە گشتییە جیاوازەکاندا، نەک وەک بابەتێکی جیا مامەڵە لەگەڵ پرسی ژنان بکرێت.

 

جەمیلە ئایوکۆ، سیاسەتمەدار لە بارەی هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا باسی لەوە کرد، کە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا پێویستە ژمارەی کاندیدەکانی ژن و بەرپرسە هەڵبژێردراوەکان زیاد بکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە بەشداریکردنی فراوانی ژنان خاڵێکی سەرەکییە بۆ گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەزی.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سیستمی پشکەکان وەک میکانیزمێکی گوازراوە دەمێنێتەوە کە بەشداربووە لە باشترکردنی نوێنەرایەتی ژنان، بەڵام بۆ خۆی ئامانج نییە، ئامانجی کۆتایی گەیشتن بە یەکسانییەکی ڕاستەقینە کە ڕێگە بە ژنان بدات کێبڕکێ بکەن و دەستیان بگات بە پۆستەکانی پەرلەمان و بڕیاردان لەسەر بنەمای دەرفەتی یەکسان.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە گەیشتن بەو ئامانجە پێویستی بە هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسییەکان و بزووتنەوەی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە، جگە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دادپەروەرانە، هەروەها بەردەوامی بەکارهێنانی پارەی بانگەشەی هەڵبژاردن و هەندێک پراکتیزە کە بە ناڕەوشتی پێناسەی کردووە، دەرفەتی یەکسان و متمانەی هاوڵاتیان بە پرۆسەی هەڵبژاردن تێکدەدەن.

 

داوای لە لایەنەکان کرد پابەندبن بە جێبەجێکردنی ئەو بەرنامانەی کە پێشکەشی دەنگدەران دەکەن کاتێک دەگەنە دەسەڵات، بەو پێیەی بەستنەوەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بە لێپرسینەوە دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی متمانەی هاوڵاتیان بەتایبەتی لای گەنجان بۆ دامەزراوە هەڵبژێردراوەکان.

 

داوای لە گەنجان و بە تایبەتی ژنانی گەنج کرد کە بە باوەڕ و تێگەیشتنێکی ورد لە بەرنامە و ئاراستە حزبییەکان بەشداری کاری سیاسی بکەن، هەروەها ژنان خاوەنی لێهاتوویی پێویستن بۆ وەرگرتنی پۆستی بەرپرسیارێتی، بەرزکردنەوەی بەشداریکردنیان وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ چەسپاندنی دیموکراتی و یەکسانی دەمێنێتەوە.

 

خولی یاسادانانی ئێستا لە کۆی ٣٩٥ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران ٩٦ ژن لەخۆدەگرێت کە نزیکەی چارەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکەن، کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەی نوێنەرایەتی ژنانە لە دەستەی یاسادانان لە دوای پەسەندکردنی میکانیزمەکان بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئامادەبوونیان، بەڵام بزووتنەوەی ژنان پێی وایە ئەم پێشکەوتنە ژمارەییە بە هەمان ڕادە لە پۆستە سەرکردایەتییەکانی ناو پارتە سیاسییەکان یان لە ناوەڕۆکی بەرنامەکانی هەڵبژاردندا ڕەنگدانەوەی نەبووە، بەردەوامە لە داوای گۆڕانکاری لە نوێنەرایەتی ژمارەییەوە بۆ بەشداریکردنی ڕاستەقینە لە بڕیاردان.

 

ئەم گفتوگۆیە لە کاتێکدایە کە داواکاری بەردەوامی بزووتنەوەی ژنان بۆ تێپەڕاندنی تەنها زیادکردنی ژمارەی ژنان لە پەرلەمان بۆ فراوانکردنی بەشداریکردنیان لە پۆستەکانی بڕیاردان لە ناو پارتە سیاسییەکان و دامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا، هەروەها یەکسانی بکەنە سەرنجێکی ناوەندی سیاسەتی گشتی، وەک نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو کە دیمەنی سیاسی مەغریب بۆ ساڵانی داهاتوو لە قاڵب دەدات.