دایکانی سەیدسادق: دەبێت حکومەت بێتە دەنگ و ڕێگری لە هێرشەکانی تورکیا بکات
دایکانی سەیدسادق داوای وەستاندنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشوری کوردستان دەکەن و دەشڵێن، "لەم داگیرکارییانەدا تەنها کورد زەرەرمەندە و حکومەتیش بێدەنگە".
ئاسودە محەمەد
شارەزوور- دەوڵەتی تورکیا لە ١٧ی نیسان، هێرشی داگیرکاری بۆسەر باشوری کوردستان دەستپێکرد، بەپێی پلانێکی پێشوەختە کە لە ٢٦ی ئاداردا ئاشکرا کرا، دەوڵەتی تورکیا لە ١٥ی نیساندا لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە بۆردوومانی زاپ، ئاڤاشین و کورەژارۆی کرد، دواتر بە هێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ شیلادزێ، ئامێدی، دێرەلوک و چیای کورەژارۆ هێرشە داگیرکارییەکانی درێژە پیدا.
لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان، کوردان لە چوار پارچەی کوردستان، ئەوروپا و جیهان ڕژانە شەقامەکان و چالاکی و ڕێپێوان و گردبوونەوەیان کرد و ناڕەزایەتییان دەربڕی.
ژنان و دایکانیش وەک بەشێکی گرنگی کۆمەڵگە و پەروەردەکاری منداڵەکان لەناو ناڕەزایەتییەکاندا پێشەنگایەتییان کرد و داوایان کرد کە شەڕی کورد بە کورد نەکرێت و هەمووان هەڵوێست بنێنن دژی داگیرکاری و هێرشکردنە سەر خاکی کوردستان.
ژنان و دایکانی شارۆچکەی سەیدسادق نیگەرانن لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و تورکیا بە داگیرکار ناودەبەن، وەها بۆ ئاژانسی نوژنها دووان.
بەهار ساڵح، ژنێکی دانیشتووی سەیدسادقە، باسی لەوەکرد دەوڵەتی تورکیا هەمیشە داگیرکاری لەسەر خاکی کوردان کردووە، "تورکیا هەر داگیرکەر بووە و دەیەوێت بێتە خاکەکەمان، ڕۆڵەکانمان دەکاتە قوربانی و دەیکاتە بیانووی پەکەکە، بەڵام تورکیا هەر زوڵمکار و داگیرکار بووە، ئێستاش هەر دەیەوێت خاکەکەمان داگیربکات، حکومەت دەبێت هاوکاری خۆمان بێت، دایکان جەرگیان سوتا و ماڵیان وێرانبوو، چۆن دەبێت قبوڵی بکەین کە حکومەتەکەی خۆمان هاوکاری تورکیا بکات، دایک جەرگیان سووتا و ڕۆڵەکانمان بوو بە قوربانی دەبێت حکومەت هاوکاری کورد بێت و ڕێگە نەدات تورکیا بێتە کوردستانەکەمان-- دەبێت ڕێگربێت لە کوشتنی ڕۆڵەی ئەم خاکە و جەرگ سوتان.
زەینەب محەمەد، ژنێکی دیکەیە و لەم داگیرکارییەدا تەنها خەڵکی کورد زەرەرمەند دەبن و حکومەتیش بێدەنگە.
شەمسە عەلی نیگەرانە لە هەڵوێست و بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و داواکارە حکومەت هاوکاری دەوڵەتی تورکیا نەبێت و خەڵکەکەی لە هێرش و کوشتن بپارێزێت، "هەر ڕۆڵەی خۆمانە شەهید دەبێت، حکومەتیش بێدەنگە و خەم ناخوات، چۆن دەبێت حکومەت وەها بێت، چۆن نابێتە ڕێگر لەبەردەم هێرشەکاندا، تا ڕۆڵەی کورد شەهید نەبێت".