چالاکوانی کورد "عەزیزە ناسری" بە کەفالەت ئازادکرا

بەردەوام ئێران ژنە چالاکوانەکان بە بێ بوونی هیچ تاوانێک دەستگیر دەکات، دوای ئەشکەنجەدانێکی زۆر بە کەفالەتی بڕە پارەیەک ئازادیان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

بە پێی زانیارییەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، دەسەڵاتدارانی ئێران ڕۆژی سێشەممە ٣١ی ئاب چالاکوانێکی مەدەنی کوردیان بە ناوی "عەزیزە ناسری" لە پاش مانگێ دەستگیرکردن لە زیندانی ئورمیە، بە کەفالەت ئازاد کردووە.

لە ٢٧ی تەمموز عەزیزە لە ماڵەکەیدا لەلایەن هەواڵگری ئێرانەوە بە تۆمەتی، کارکردن دژی ئاسایشی نەتەوەیی و هاوکاریکردنی ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ بنکەی هەواڵگری.

لە پاش دەستگیرکردنی و گواستنەوەی بۆ هەواڵگری پاشان گواسترابوەوە بۆ زیندانی ئورمیە، دواجار بە بڕە پارەی ٢٠٠ملیۆن تمەن بە کەفالەت ئازاد کراوە.

لەماوەی دەستبەسەرکردنیدا، جگە لەوەی ڕێگری لێکراوە پارێزەرەکەی ببینێت، ڕێگەیان پێنەداوە خێزانەکەشی ببینێت، هەروەها فشاری زۆری لێکراوە تا دان بەو تاوانەدا بنێت کە ئەنجامی نەداوە.

ئەوە لە کاتێکدایە جاری یەکەم نییە ئەو چالاکوانە دەستگیر دەکرێت پێشتریش لە بەرواری ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠١٧ لە شاری مەهاباد دەستگیرکراو و پاشان لە ٨ی مارسی هەمان ساڵ بە کەفالەت ئازادکرا.