چالاکوانێک: دەبێت کۆی دەنگ و ئایدیاکان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستینەوە

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامی هەیە، بەپێی دوایین ئامار لە ماوەی شەش مانگدا ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی بەکارهاتووە، چالاکوانێکی بواری ژینگەش دەڵێت، دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر ژینگە و زیندەوەران و پێویستە هەمووان بێینە دەنگ.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر باشوری کوردستان لە ٢٣ی نیسانی ئەمساڵەوە بەردەوامی هەیە، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، دەوڵەتی تورکیا ٣٢٣ جار چەکی کیمیایی لە هەرێمەکانی بادینان، ئاڤاشین، زاپ و مەتینا بەکارهێناوە، ڕێکخراوی سی پی تی لە کوردستانی عێراقیش ئاماژەی بەوەدا کە هاوڵاتی مەدەنی بوونەتە قوربانیی چەکی کیمیایی.

 

لەبارەیە چەمەن تاهیر، چالاکوانی مەدەنی بواری ژینگە، ژن و منداڵ، باس لەوەدەکات هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا پێش ئەوەی هێرش بێت بۆسەر لایەنێک، هێرشە بۆ سەر ژینگە و زیندەوەران و ئاژەڵانی کێوی کە سامانێکی نەتەوەیی و نیشتمانی ئەم خاکەن، دەشڵێت: دوای هێرش و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ژیانەوە لەو ناوچانەدا زەحمەت دەبێت، هەروەها باری دەرونی هاوڵاتیان لەو ناچەیە تێکدەچێت و هاوڵاتی مەدەنی لە گوندەکاندا زیانیان بەردەکەوێت و دژ بە مرۆڤایەتییە".

 

چەمەن بێدەنگی چالاکوانان و ڕێکخراوە ژینگەییەکان بە هۆکاری درێژەدان بە هێرشەکان دەوڵەتی تورکیا دادەنێت، "لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دەبوو هەموو هاوارمان کردایە بۆ وەستاندنی هێرشەکان، چونکە ئەو گوندانەی کە وێران دەبن هەرێمی کوردستانە و هێچ پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە نییە، چونکە ئەو کەسانەی شەهید دەبن و بریندار دەبن تاکێکی کوردستانن و بە سایەی ئەوانەوە کە سروشتیان پاراستووە، دەبوو دەنگمان لەگەڵ دەنگی ئەواندا بێت"، دەشڵێت "دەم داخستن و چاوداخستن تەنها خۆ هەڵخەڵەتاندنە".

 

ئەو چالاکوانە کاری ڕێکخراوەکان بە گرنگ دەبینێت کە دەتوانن لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێوەدەوڵەتییەکانەوە هەوڵ بۆ وەستاندنی هێرشەکان بدرێت و وتی: چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنیی دەتوانن لە ڕێگەی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە دەنگ و هاواری خۆیان بگەیەننە هەموو جیهان، بە کۆکردنەوەی دەنگ و ئایدیاکانمان دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بوەستینەوە، چونکە ژینگە لەناوبردن لەناوبردنی مرۆڤایەتی و هەرێمەکەمان.

 

دەشڵێت: پێویستە ئەو هێرشانە بوەستێنرێت، مافی خۆمانە وەکو کورد زیادەڕەوی و هێرش بۆسەر خاکی کوردستان بوەستێنرێت.

 

ت.پ