برینی هەڵەبجە و بینینی، بۆ دووبارە پێداگری بەدەستهێنانی مافەکانمان

ئەندامانی شاندی نیونەتەوەی ئاشتی و ئازادی بۆ کوردستان دەربارەی سەردانەکەیان بۆ شاری هەڵەبجە و لە نزیکەوە بینینی زامی هەڵەبجە، قسە بۆ ژنها دەکەن.

 

میهرەبان سەلام کاکەیی

هەڵەبجە- پاش ئەوەی شاندی نیونەتەوەی بۆ ئاشتی و ئازادی سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد، نیگەرانی خۆیان خستەڕوو لە هەمبەر ئەو جینۆسایدەی بەرامبەر هەڵەبجە کراوە و تاوەکو ئیستا بەکارهێنەرانی ئەوچەکە سزای خۆیان وەرنەگرتووە.

فریشتە محمدی، ئەندامی شاندی نێونەتەوەی ئاشتی و ئازادی دەربارەی سەردانەکەیان وتی: هەندێک سیاسەت هەیە کە دەستی دەرەکی لەپشتە وە ئەو سیاسەتەی ئیستا گیراوەتەبەر لە تورکیادا ئەوەیە کە دەیەوێت شەڕی کورد بە کورد بکات، ئێمەش ئامانجی هاتنمان بەرگریکردنە لە گەلی کورد، سەردانەکەمان بۆ هەڵەبجەش وای لێکردین زۆر لە جاران زیاتر پێداگری بکەین بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانمان.

 

فریشتە محمدی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا سەردانکردنیان بۆ هەڵەبجە زۆر کاریگەری هەبووە لەسەریان: "دوای بینینی ئێرە لە جاران هێزم زیاترە، چونکە ئازارێکم زیندوو بوویەوە بە بینینی هەڵەبجە، ئەو ئازارەی لە هەڵەبجە دایە وای لێکردم ببێ بە ڕقێک و زیاتر دژی هەر هێزێکی داگیرکاری بوەستمەوە، هەروەها هەموو هێزمان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ڕێگری بکەین لە هەر داگیرکارییەک یان شەڕی کورد و کوردێک".

 

یەکنەگرتنی حیزبەکان هۆکار بوون بۆ کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

ئەو ئەندامەی شاندی ئاشتی باس لە گرنگی یەکڕیزی لایەنەکان دەکات و دەڵێت: یەکنەگرتنی حزبەکان لەوکاتەدا وایکرد هەڵەبجە کیمیاباران بکرێت، بۆ ئەوەی ئەو کارەساتە دووبارە نەبێتەوە، دەبێت لەگەڵ حزبەکان گفتوگۆ بکەین بۆ ئەوەی شەڕی براکوژی ڕوونەدات، چونکە ئەمجارە ئیتر بێچارەیی و بەدبەختی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، باسیشی لەوەکرد شاندەکەیان لە ئەندام پەرلەمان، ژینگەپارێز، چالاکوانی سیاسی و مەدەنی و نوێنەری ڕێکخراو پێکهاتوون و لە چواردە وڵاتەوە هاتوونەتە باشوری کوردستان.

"خەڵکی هەولێر ناتوانن پشتگیرمان بکەن"

سادات کوران، وڵاتپارێز، وتی ئێمە سێ بۆ چوار ڕۆژە لە سلێمانین لەوێ ئازادترین، لە هەولێر ناتوانین چالاکی بکەین و ڕێگەمان پێنادەن، ئەمڕۆش هاتوینەتە هەڵەبجە بۆئەوەی هەست بە ژیان بکەین، بۆئەوەی پشتگیری بۆ گەریلا بەدەستبهێنین، ئێمە ژن و دایکی کوردین، ئێمە تەنها ژنی باکور نین، دەمانەوێت هەر چوارپارچەی کوردستان ببێت بەیەک، باسیشی لەوەکرد ناترسن و دەبێت دژی براکوژی بن "لەو باوەڕەداین سەردەکەوین".

 

سادات ئاماژەی بەوەدا: بانگەوازی و داخوازییەکانمان خستەڕوو لەسەر شەقام تا ئەو چیرۆکە ڕەشەی کە تۆمار کراوە دووبارە نەبێتەوە، لە درێژەی قسەکانیدا وتی بۆ ئێمە جیاوازی نییە، پەکەکە، گۆران، یەکێتی و پارتیش خوشک و برا و ڕۆڵەی ئێمەن و دەبێت دەست لەناو دەست بن بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری.

 

ئامانجی شاندی نێونەتەوەی ئاشتی و ئازادی، یەکڕیزی هەر چوار پارچەی کوردستانە و ماوەی هەفتەیەکە لە شارەکانی باشوری کوردستان چالاکی ئەنجام دەدەن دوای ئەوەی لە شاری هەولێر ڕێگرییان لێکرا لە ١٦ی مانگەوە لە سلێمانی و دەوروبەری کۆبوونەوە لەگەڵ حزب و لایەنەکان دەکەن بە مەبەستی ڕێگری کردن لە براکوژی و شەڕی ناوخۆ و داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا.

 

ت.پ