بەرخۆدانی کۆبانێ، جیهانی خستە بەردەم بڕیارێکی نوێ

بەرخۆدانی کۆبانێ پاش ١٣٤ ڕۆژ، مێژوویەکی نوێی بۆ گەلی کورد تۆمارکرد و ئەو شارەی کردە سیمبولی بەرخۆدانی، ئاوابوونی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان لەسایەی ئەو بەرخۆدانییەی بۆ تێکشکاندنی داعش کرا، هەنگاوێک بوو و لە جیهاندا دانیپێدا دەنرێت، بەڵام هەرێمی کوردستان سەرەڕای بوونی بڕیاریش بەڵام پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان ناکات.

 

تەوار پێنجوێنی

سلێمانی- ١ی تشرینی دووەم، بە ڕۆژی پشتیوانی لە کۆبانی دادەنرێت، ئەم ڕۆژەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠١٤ کاتێک لە ١٥ی ئەیلولدا داعش هێرشی کردەسەر کۆبانێ و لە لێواری داگیرکردن نزیک بووەوە، ئەو ساڵە دەرفەتێک بوو بۆ گەلی کورد تا بتوانێت لە جیهاندا خۆی بسەلمێنێت.

 

٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤ ناوەندە گرنگەکانی کۆبانێ لەلایەن داعشەوە داگیرکران، بەڵام بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، بە چالاکییە گیانبازییەکەی ئارین میرکان و بە وتە مێژووییەکەیی "هێشتا ژنان کۆتا قسەی خۆیان نەکردووە"، کۆبانێ بووە سیمبولی بەرخۆدان.

 

دوای تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ و ڕۆژئاوای کوردستان، خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزرا، کە گەل خۆیان بوونە کارگێر و خۆیان لە بڕیارەکانی تایبەت بە بەڕێوەبردن و پەیوەست بە گەلەوە بڕیاریاندا، ئەمەش مۆدێلێکی نوێ بوو لەناو جەرگەی سیستمی سەرمایەداری و دەوڵەت-نەتەوەدا سەریهەڵدا، بۆیە بووەتە جێی ترسی سیستمی هەگەمۆنی جیهانی، بەڵام ئەو بەرخۆدانیەی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەکرێت، توانیویەتی بەسەر هێرشە یەک لەدوا یەکەکانی دەوڵەتی تورکیا بە کارتی سەوزی ناتۆ سەربکەوێت و دەستکەوتی مەزن بەدەستبهێنێت، وەک دانپێدانانی پەرلەمانی کەتەلۆنیا بە خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

 

لەو بارەیەوە لەیمان شویش، نوێنەری کۆنگرەی ستار لە هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، خۆبەڕێوەبەری مۆدێلێکی نوێ بوو لەسەر بنەمای بەڕێوەبردنی گەل بێ دەوڵەت و بووە جێی گفتوگۆی جیهان و سەنجەکانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، شۆڕشی ڕۆژئاوا بە هاوکاری و پشتیوانی پارچەکانی دیکەی کوردستان سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

 

بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان

لە ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا هاوکات لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوا، خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ژمارە ٢٤ی دەرکرد، کە "لەپێناو پشتیوانیکردنی گەلی کوردستان لە ڕۆژئاوا و هاوکاریکردنی مافە ڕەواکانی وپاڵپشتی یەکڕیزی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکان" بوو، بڕیارەکان بەم شێوەیەیە:

یەکەم: پەرلەمانی کوردستان پاڵپشتی لە ئیرادەی گەلی ڕۆژئاوای کوردستان لەهەر شێوازێکی خۆبەڕێوەبردندا بێت دەکات، پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکات.

دووەم: پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی توانای دارایی خۆی هاوکاری پێویست پێشکەش بە ڕۆژئاوای کوردستان بکات.

سێیەم: پێویستە لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم بڕیارە جێبەجێبکات.

حکومەتی هەرێم کار بە بڕیارەکانی پەرلەمان ناکات

بەم پێیە حکومەتی هەرێم پێویستە پاڵپشتی ڕۆژئاوای کوردستان بکات، بەڵام وەک نوێنەری کۆنگرەی ستار ئاماژەی پێدەدات حکومەتی هەرێم پاڵپشتی ناکات و بگرە لە باشوری کوردستانیشدا لەلایەن پەدەکەوە ئەندامی نوێنەرایەتی و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەستگیردەکات، "دوای ئەم بڕیارە هەندێک هەنگاو نران وەک ناردنی پێشمەرگە بۆ شەڕی کۆبانێ و بەکارهێنانی دەروازەی سێمێلکا بەڕووی گەلی ڕۆژئاوا، بەڵام تەنها چەند هەوڵێکی کەمبوو، دوای ئەوە لە پراکتیکدا حکومەتی هەرێم هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستانی نەکرد و ڕێگەی نەدا کە نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە هەولێر بارەگا بکاتەوە و بە هەند وەرنەگیران"، وتیشی توانیویانە نوێنەرایەتییەکانیان تەنها لە شاری سلێمانی بکەنەوە.

 

"حکومەتی هەرێمبە دەستگیرکردنی نوێنەرانی پەیەدە و خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان دەریخەری ئەوەن کە ئیرادە و هەبوونی بەڕێوەبەری خۆسەر پەسەند ناکەن، لە ڕاگەیاندنەکانیشەوە بە فکری دەوڵەت-نەتەوە ناوی ڕۆژئاوا دەهێنن و حزبێک بە بنەما دەگرن، دەڵێن ئاسایشی پەیەدە یان بەڕێوەبەری پەیەدە، ڕاستە پەیەدە پێشەنگە، بەڵام ژنان و گەنجان پێشەنگی بەڕێوەبردنن و ناوەندەکان لەلایەن گەلەوە بەڕێوەدەبرێت نەک تاکە حزبێک" لەیمان وای وت.

کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی ڕێگەچارەسەری کێشەکانی جیهانە

لەیمان دانپێدانانی پەرلەمانی کەتەلۆنیا بە خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوای کوردستان بە گرنگ دەزانێت و پێی وایە ڕۆژئاوای کوردستان دژی داعش بۆ مرۆڤایەتی تێکۆشا بۆیە هێزە نێونەتەوەییەکان وەک مۆدێلێکی نوێ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان سەیر دەکەن، "بۆ چارەسەری کێشە ئابوری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و پەروەردەییەکان مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی بە ڕێگەچارەسەر دەبینرێت".

 

هێرش و داگیرکاری لەدوای ساڵی ٢٠١٤ بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە، دوای ئەوەی داعش نەتوانی ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا بپێکێت، تورکیا ڕاستەوخۆ دەستیکرد بە هێرش بۆسەر خۆبەڕێوەبەری ڕۆژئاوا، نوێنەری کۆنگرەی ستار دانپێدانانی وڵاتانی دیکەی هاوشێوەی کەتەلۆنیا بە ڕێگەیەک دەزانێت بۆ وەستاندنی هێرشی داگیرکاری، دەشڵێت: "پێویستە لە هەرێمی کوردستان پەرلەمانتاران ببەن فشار بۆسەر پەرلەمان و حکومەت تا بڕیاری پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان جێبەجێبکات و دان بە خۆبەڕێوەبەرییەکەیدا بنێت، چونکە ڕۆژئاوای کوردستان پاڵپشت و هێزە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان".

 

شیرین ئەمین: فراکسیۆنی خاوەنی زۆرینەی کورسی پەرلەمان ڕێگرە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە

شیرین ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دانپێدانانەکەی پەرلەمانی کەتەلۆنی بە هەڵوێستێکی ئەرێنی دەزانێت، دەربارەی جێبەجێکردنی بڕیاری پەرلەمانی هەرێمیش سەبارەت بە ڕۆژئاوای کوردستان لە لێدوانێکیدابۆ ئاژانسی ژنها، دەڵێت: پەرلەمان سست کراوەکە ناتوانێت ببێتە دەنگ و خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێمی کورستان بکات چ بگاتە پارچەکانی دیکەی کوردستان، قەیران کێشەکانی ناوخۆ ڕێگرن لەوەی ئەم پرسانە ببنە بابەتی دانیشتنی پەرلەمان.

 

ئەو پەرلەمانتارە بە ئەرکی پەرلەمانی دەزانێت کە کار بکات بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردن لە ئاوەدانکردنەوەی ڕۆژئاوای کوردستان، ئاماژەی بەوەشدا کە "هێزی باڵادەستی ناو حکومەتی هەرێمی کوردستان کە خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانە ڕێگری دەکات لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە".

ت.پ