"بەرژەوەندی ئابووری چاوپۆشی دەکات لە سزادانی بەکارهێنەرانی چەکی کیمیایی"

گەلی کورد هەمیشە لەلایەن دوژمن و نەیارانییەوە ڕووبەڕووی داگیرکاری بووەتەوە و خراپترین جۆری چەکی کیمیاییان بەرامبەر بەکارهێنراوە، شارەزایەکی چەکی کیمیاییش دەڵێت: لەبەر بەرژەوەندی ئابووری یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێناکرێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- چەکی کیمیایی ئەو چەکە کۆمەڵکوژەیە لەلایەن ڕژێمە داگیرکارەکانەوە بەرامبەر کورد بەکارهاتووە، لە دەیەکانی ڕابردوودا لەلایەن ڕژێمی ئێران و بەعسی عێراقییە بەرامبەر بە گەلی کورد بەکارهاتووە، لە ئێستاشدا جگە لەوەی ڕژێمی ئێران گازی ژەهراوی لە قوتابخانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشێکی ئێراندا بەکاردەهێنێت بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییەکانی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی، دەوڵەتی تورکیاش بە بەردەوامی قورسترین چەکی کیمیایی لە چیاکانی کوردستان بەکاردەهێنێت و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات.

 

هەرچەندە ئەم چەکە لە یاسا نێەودەڵەتییەکان قەدەغە کراوە و بەکارهێنانی سزای لەسەرە، بەڵام وڵاتە زلهێزەکان بێ دەنگن بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا دەیکاتە سەر کورد، لەکاتێکدا دەوڵەتی تورکیا واژۆکاری ڕێککەوتننامەی قەدەغەی چەکی کیمیاییە، ئەم بێدەنگییەش لە بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا.

 

"چەکی کیمیایی لەبەر مەترسییەکەی لە یاسا نێودەوڵەتییەکان قەدەغە کراوە"

ئیراد مەنوچەهر، شارەزا لە بواری چەکی کۆمەڵکوژ، ئاماژەی بەوەکرد، چەکی کیمیایی ئەو چەکە کۆمەڵکوژیانەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قەدەغەکراوە، بە تایبەتی کاتێک لە جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم بەکارهاتووە و بووە هۆی کوشتی ملیۆنەها کەس، ئەمە وایکرد لە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا زۆر جەخت بکرێتەوە لە قەدەغەکردنی ئەم چەکە لە جەنگەکاندا، دوای جەنگی جیهانی دووەم، چەکی کیمیایی ترسناکترین چەک بووە لە هەرێمی کوردستان دژی گەلی کورد بەکارهات، هەموو چەکەکان کۆمەڵکوژن و مەودایەکی مەترسیداریان هەیە، بەڵام ترسناکترینیان چەکی ڤی ئێکسە، کە چەکی گازە دەمارییەکانی پێ دەوترێت و دەبێتە هۆی لە کارخستنی کۆئەندامی دەمار لەو کەسانەی بەر ئەم چەکە دەکەون.

 

"مەترسیدارترین چەکی کیمییای بەرامبەر بە گەلی کورد بەکارهاتووە"

ئیراد مەنوچەهر ڕوونی کردەوە، ئەم چەکە جگە لە زیانی گیانی دەبێتە هۆی لەناوچوونی ژینگە ئاوی و وشکانییەکان، هەروەها دەبێتە هۆی تێکچوونی ئەو زنجیرە خۆراکییەی لە نێوان زیندەواراندا هەیە و کاریگەری درێژخایەن بەجێدەهێڵن، چەند جۆرێکی چەکی کیمیایی بەرامبەر بە گەلی کورد بەکارهاتووە وەک، گازی خەردەل، تابون، سارین، ڤی ئێکس و هەروەها زۆربەی سەرچاوەکان دەریدەخەن کە گازی سیانینیش بەکارهاتووە.

 

وتیشی: لە ساڵی ١٩٩٣ بە چەند بڕگەیەک خاوەندارێتی کردن و هەڵگرت و دروستکردنی چەکی کیمیایی لە ئاستی نێودەوڵەتی بە یاسا قەدەغە کراوە، زۆربەی وڵاتانیش واژۆی ئەو ڕێکەوتنەیان کردووە کە مامەڵەی کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی ئەم چەکەی قەدەغە کردووە، بە پێی ئەو یاسایانەش هەر وڵاتێک چەکی کیمیایی بەرامبەر مرۆڤایەتی بەکاربهێنێت لە ڕووی ئابوورییەوە سزا دەدرێت و دەبێت بچێتە ئەو دادگاییەی لە لاهای هەیە، هەروەکو ئەو سزا ئابوورییەی بەسەر عێراقدا سەپێندرا، کاتێک لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەو چەکە بەکارهێنرا.

 

"یاسا نێودەوڵەتییەکان وەکو خۆیان جێ بەجێناکرێن"

دەوڵەتی تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ماوەی ساڵێکدا زۆرترین چەکی کیمیایی لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا لە چیاکانی باشووری کوردستان، بە مەبەستی داگیرکاری بەکارهێناوە، لە یەکێک لە هێرشەکاندا بەهۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاییەوە ١١ گەریلای ئازادی کوردستان گیانیان بەختکرد، بەڵام ڕێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکان بێدەنگ بوون، ئیراد مەنوچەهر لەو بارەیەوە وتی: لە یاسا نێودەڵەتییەکان سزا دانراوە بۆ بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، بەڵام ئێستا کۆمپانیاکان ئەو چەکە دروست دەکەن و لە یاساکەدا هیچ بڕگەیەک نییە لەسەر سزادانی کۆمپانیاکان و بە یاسای کەسی دانراوە، ئەمەش تەمومژییەک لە یاساکان دروست دەکات، زۆرجاریش بەرژەوەندی ئابووری وا دەکات چاوپۆشی بکرێت لە سزاکان، بەڵام ئەگەر یاساکان بە شێوەیەکی ڕاستی جێبەجێ بکرێت، دەبێت ئەو وڵاتانەی چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن بچنە ژێر ئەو بەرپرسیارێتییەوە و لە دادگای نێودەڵەتی لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

 

لە کۆتاییدا دەشڵێت: دەبێت گفتوگۆکان لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان قوڵتر بکرێنەوە و سزاکان قورستر بکرێن و پێویستە زۆربەی تەوەرەکان لەسەر باسکردنی ئەم چەکە بێت، چونکە ئەم چەکە تەنها نابێتە هۆی کوشتی کەسەکان، بەڵکو بۆماوەیی دەمێنێتەوە، ئەو وڵاتانەی لە جەنگدان زیاتر جەختیان لێ ناکرێتەوە لەسەر بەکارنەهێنانی ئەم چەکە، بۆیە ئەمەش وا دەکات بە ئاسانی دەستیان بە چەکی کیمیایی بگات، وە بە پێی سەرچاوەکان ئەڵمانیا زۆرترین بەرهەمهێنەر و فرۆشیاری چەکی کیمیاییە، بەڵام تا ئێستا نەڕۆشتوەتە دادگا و لێپرسینەوەی لێ نەکراوە.