"بەدەستهێنانی یاسایەکی گونجاو بۆ ژنان ئەرکی پەرلەمانتاران و بە تایبەت ژنانی پەرلەمانتار دەبێت"
هانا شوان، کاندید بۆ پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بۆ پشتگیری کردنی ژنان، هاوڵاتیان بەشداری لە دەنگدان بکەن، چونی ژنان بۆ پەرلەمان وێستگەیەکی دیکەی کارکردن و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەبێت.
هێلین ئەحمەد
سلێمانی- هەبوونی پەرلەمان دامەزراوەیەکی گرنگە لە جیهاندا، بەڵام لە هەرێمی کوردستان چەندین جار هەبوونی پەرلەمان لە لایەن حزبەکانی هەرێمی کوردستانەوە پەکخراوە، خولی پێنجەمی پەرلەمان ماوەی دوو ساڵ بە چەندین هۆکاری سیاسیی درێژ کرایەوە، لە دوای ٥ جار هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەم لە هەرێمی کوردستاندا، بڕیارە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجامدانی خولی شەشەمی پەرلەمان بە ڕێوەبچێت، هەبوونی قەیرانە سیاسیی و ئابوریەکان لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکەن، سەرەڕای خراپی بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی لە پەرلەمانی عێراق کێشەکانی ژنان و منداڵانیان زیاتر کردووە، ڕۆڵی ژنان لە خولی شەشەمی پەرلەماندا دەبێتە دەستکەوتێکی بەهێز بۆ ژنان، لە لایەن ژنانی کاندیدەوە ڕێگریکردن لەهەموارکردنەوەی یاساکانی دژ بە ژنان دەستکەوتێکی گرنگی ژنان دەبێت، پشتگیری کردنی ژنانی کاندید لە لایەن دەنگدەرانەوە دەبێتە هۆکاری گۆڕانکاری لە یاساکانی دژ بە ژناندا، یەکبوون و کارکردن بۆ پرسەکانی ژنان لە پەرلەماندا ژنان بەرەو ژیانکردنێکی شایستە دەبات.
"داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان لە پەرلەماندا، کارکردن و پێکەوەبوونی ژنانی کاندید دەوێت"
هانا شوان، کاندیدی لیستی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە ڕۆڵی ژنان لە پەرلەمانی کوردستان کردو وتی: کاندیدەکان لە لایەن حزبەکانیانەوە سەرپشک دەکرێن بۆ دانانی سیستمیکی بانگەشە کردن، ڕۆڵی ژنان و بەشداری کردنیان لە ئاستێکی باشدایە، ژنان لە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ کابینەی شەشی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی باش دەبینن، بەڵام دەشێت بەشداری کردن و ڕۆڵگێڕانیان لە پەرلەماندا لە ئاستێکی باشتردا ببیندرێت، ژنانێکی ئازا و بوێر پێویستە بۆ چونە پەرلەمان تا بتوانن باشترین داکۆکییەکان لە مافی ژنانی باشووری کوردستان بکەن، سەرپشک کردنی ژنانی پەرلەمانتار بۆ داڕشتنی چەندین دیدگای کارکردنیان، لایەن و حزبەکان دنیا بینی خۆیان هەیە بەڵام ژنان جیاواز لە بیرکردنەوەکانیانی حزبەکان، بۆ کارکردن لەسەر پرسە تایبەتەکانی ژنان پێویستە پەرلەمانتارانی ژن بە بیری ژنانەوە مافە ڕەواکانیان بەدەستبهێنن.
هانا شوان ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەکانی ژنانی کاندید لەگەڵ ڕێکخراوەکان، بەشداری ژنانی کاندید لە کۆڕ و ئاخاوتنەکانیان لەسەر پرسی ژنان کارێکی گرنگە، وتی: ئێمەی کاندید بۆ بابەت و پرسە جیاوازەکان چەندین کۆبوونەوەی خۆمان ئەنجام دەدەین، لە بیری کارکردندا ئێمەی ژنانی کاندید چەندین تێڕوانینی جیاوازمان هەیە، بەڵام تێڕوانینەکانمان بۆ پرسەکانی ژنان نزیکی و هاوشێوەی بیرو بۆچوونەکانی ژنانی کاندید بوو، پێویستە ئێمەی ژنان بۆ پەرلەمان بە دیدگایەکی جیاوازتر خۆمان ئاماددە بکەین، ئەو دیدگا و تێڕوانینەی هەمانە بۆ ژنان بتوانین پاراستنی لێ بکەین، نەبوونی یاسایەکی حەقیقەت بۆ ژنان کێشەی گەورە بۆ ژیانکردنی ژنان درووست دەکات، بەدەستهێنانی ماف و یاسایەکی گونجاو بۆ ژنان ئەرکی پەرلەمانتاران و بە تایبەت ژنانی پەرلەمانتا دەبێت.
" بۆ پشتگیری کردنی ژنان و کۆمەڵگە پێویستە ژنان و هاوڵاتیان بەشداری لە دەنگدان بکەن"
هانا شوان، باسی لەوەشکرد، نەبوونی دەستوری هەرێم بووەتە هۆکاری پابەندبوونی هەرێم بە دەستووری عێراقەوە، هەمووار کردنەوەی یاساکان لە عێراقدا دەبێتە ئاگرێک و پڕیشکی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت، وتی: هەموارکردنەوەی یاسای ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراقی، زیان بە تەواوی کۆمەڵگەو لە ناویاندا ژنان و منداڵان دەگەیەنێت، لە هەرێمی کوردستان لایەن و ڕێکخراوەکان ڕوبەرووی ئەو یاسایە دەبنەوە، بەڵام ژنانی کاندید پێویستە پێداگربن لەسەر نوسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان کە تەواوی مافەکانی ژنان و کۆمەڵگە تێیدا پارێزراوبێت، هەروەها مامەڵە کردنمان لەگەڵ ئەو یاسایانەی شکۆی ژنان و منداڵان دەشکێنێت، هەبوونی تائیفیەت لە هەر خێزانێکدا دەبێتە هۆکاری لە باربردنی خێزانەکان، هەبوونی یەک دەنگی و یەک هەڵوێستی لە ناو ژنانی بەربژێردا بۆ ڕوبەڕوو بونەوەی ئەو یاسایانەی ماف لە ژنان و منداڵان زەوت دەکەن بگەڕێننەوە.
""پەرلەمانتاران دەبێت ڕاستەوخۆ بابەتەکانیان پەیوەستبێت بە خواستەکانی کۆمەڵگەوە
هانا شوان لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا، هەوڵدان بۆ پەرلەمان بەرنامەیەکی بەهێزی دەوێت، پێویستە کاندیدەکان دیدگای کارکردنیان لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانی کۆمەڵگەدا ڕێک بخەن، گرنگە ئەو پەرلەمانتارانەی دەچنە پەرلەمان ڕاستەوخۆ بابەتەکانیان پەیوەستبێت بە خواستەکانی کۆمەڵگەوە، لە بارەی کار و چالاکیەکانی وەک کاندیدێکی ژن، وتی: بۆ یەک پڕۆگرام کە سەبارەت بە گەنجان هەمە سەدان گەنج دەدوێنم، تا بزانم دنیا بینینیان بۆ ژیانکردن لە هەرێمی کوردستاندا چۆن دەبێت، لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکاندا گرنگی دەدەم بە ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، پێویستە ئەو بابەتانە ببرێتە پەرلەمان کە لە لایەن حکومەتەوە پەراوێز خراون، هاوڵاتیان بەرپرسن لەو دەنگدانەی کە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمان تۆماری دەکەن، هەبوونی چەندین بەڵێنی ساختە لە خولەکانی دیکەی پەرلەماندا نابێت ژنان بێ هیوابکات لە بەدەستهێنانی مافەکانیان، بۆ پشتگیری کردنی ژنان و کۆمەلگە پێویستە ژنان و هاوڵاتیان بەشداری لە دەنگدان بکەن، چوونی ژنان بۆ پەرلەمان وێستگەیەکی دیکەی کارکردن و بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان دەبێت، دەبێت ژنان بچنە پەرلەمان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر بۆ ژنان.