زریکەی کیژانی دزراوی مەلەک تاوس
کهژاڵ ئهحمهد- شاعیرو نووسەر
دەنگی زریکەی کیژانی دزراوی مەلەک تاوس، لە یادی رەشەکوژیی ئێزدییەکاندا لە شەنگال و دەوروبەری، بەدەستی هێزێکی ناسنامە نادیار و تاریکی وەک داعش، ئێستاش لە چیاکانی کوردستاندا دەنگدەداتەوە. ئەگەرچی ئەمڕۆ کورد و جیهانیش یادی تێپەڕبوونی ١٢ساڵ بەسەر ئەو جینۆسایدەدا بە دڵێکی پڕ لە حەسرەتەوە دەکەنەوە. بەڕێکەوت یادەکە لە رۆژانێکدایە کە دووبارە کەشی نیمچە شەڕ و جاروبارێک ئاشتی بەسەر ناوچەکەدا زاڵە، ئەمریکا بە خشکەیی وردەوردە لە هەرێمەکەمان دەکشێتەوە و نازانین کەی دەگەڕێتەوە، چەند وڵاتێکی عەرەبی هەڕەشە لە عیراق دەکەن و داوادەکەن میلیشیاکان لە شوێنی خۆیان رابگرێت، چونکە چی دی لێدانیان لەلایەن میلیشیاکانی ناو عیراقەوە قبوڵ ناکەن. لێتان ناشارمەوە منیش وەک هەندێکتان، دڵم کرمێیە لە کۆنە داعشەکەی سوریا و لە تەماعکاریی تورکی و لە غەدری ئێران بەتایبەتی کە خۆی بە غەدرلێکراو دەزانێت، لە سەروو ئەمانەشەوە دڵ چۆن کرمێ نابێت لە ئەمریکایەک کە وەک رزگارکەری عیراق بە ئاشکرا هاتە عیراق و هەرێمی کوردستان، کەچی بە خشکەیی لێی دەردەچێت. سەڕای هەموو ئەمانەش هێشتا ئومێدم هەیە بە هێزی ئاشتی و پاراستنی سەقامگیریی هەرێمەکەمان و ئەو ئایین و ئاینزا و هەمەڕەنگییە مرۆڤایەتییەی لە وڵاتەکەماندا هەیە. شەهیدان شاهیدن کە بە گیانیان سنوورەکانیان پاراستین و پێشمەرگە و خەڵکی نیشتمانپەروەر فڕێنراوەکانیان گەڕاندەوە بۆ زێدی خۆیان و گۆڕە بە کۆمەڵەکانیان دۆزییەوە و بەڕێزەوە بەخاکیان سپاردن، خانووەکانیان ئاوەدان کردەوە و دووبارە زەویی و باخەکانیان بووژاندەوە و بەردەوامن لە گەیاندنی چیرۆکە بەئازارەکانیان بە جیهان لەپێناوی دووبارەنەبوونەوەی ئەو دڕندایەتی و تاوانە گەورانەی ئەنجامدران. ئێمە ئەو خەڵکانەی ئەم وڵاتەین کە دەست لە ئومێدی مانەوە و پاراستنی مەڵبەندە دێرین و رەنگینەکەمان هەڵناگرین، دڵنیام ئەم ئومێدە بە هێزی ئاشتیخواز و مرۆڤدۆستی خۆمان، لە دەق و نووسینی زۆرێک لە شاعیران و میدیاکاران و نووسەرانی کورد دا رەنگی داوەتەوە، بەڵام پێم باشبوو شیعرێکی خۆمتان بۆ بکەمە دیاریی کۆتایی گۆشەی ئەمجارەم کە شیعرەکە بە ماوەیەکی کەم دوای جینۆسایدی ئێزدییەکان نووسیومە بە ناونیشانی: (جەفای ئەمساڵ)/ دڵم پڕە لە تەپ و تۆزی مەراقی نیشتمان / لە جێ پێی منداڵی ترساوی شەنگال و / لە زامی زریکەی کیژانی دزراوی مەلەک تاوس. / لەنزای ریشە سپییەکەی (فەقیرێک) / کە بەدەم سڕینەوەی فرمیسکەوە دەڵێت: (ماڵی مە خراپ بوو ). / دڵم پڕە لە ئازار و لە پێشمەرگە. / هەروەها، لەدەستی یارمەتیی کوردانی هەرچوار پارچە. / لە ئاڵایەک کە لەشەهیدەوە دەیپێچن / بۆ ئەوەی پیرۆز بێت. / لە جامانەیەک کەچاوی منداڵی پێ دەبەستنەوە بۆئەوەی بتوانێ بخەوێت. / جێی هیچی تر نابێتەوە لە دڵما ... / سیخناخە لەجەفا ئەم ساڵ. / چاوم پرە لەوێنەی زۆر ناشیرینی / فيلمى بێمانای داعش و / له هەواڵ و قسەی تاڵ./ کەچی خاکم پڕیەتی لە دڵی ئازا و / ئاسمانم گوڵی سەرکەوتن / دەدات لە ئەگریجەی خەیاڵ.
وەک ئەم شیعرە پێشبینی کردبوو گوڵی سەرکەوتن درا لە ئەگریجەی خەیاڵ و تەنانەت لە بەرۆکی واقیعیش. راستە لەکاتی تەنگانەکانی شەڕ و کۆمەڵکوژیدا ئایندە لێڵ و نادیار دەبێت و ئومێد و گەشبینییش وەک ساویلکەیی و خەیاڵ پڵاویی دەردەکەوێت، بەڵام هەموو دەستکەوتە گەورەکان لە سەرەتادا وەک خەیاڵێکی بچووک لەناو مێشکمانەوە لەدایک دەبێت و دواتر گەورە دەبێت و دەبێتە جێگەی سەرسامیی خەڵکی وڵاتی خۆمان و هەموو دنیاش. کاتێک ئێزدییەکان کۆمەڵکوژ کران ئەگەر بتوتایە رۆژێک کچێکی ئێزدیی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەردەگرێت بە شێت لەقەڵەم دەدرایت، بەڵام ئەوە بوو بە راستی و ئێستا کەس نییە ئێزدییەکان نەناسێت و نزای خێر بۆ پارێزراوییان نەکات.