ژنی کورد لەنێوان بەرداشی مێژوو و ئاسۆی ئازادیدا

نەرمین عوسمان محەمەد- نووسەر

ساڵی ١٩٩١ بۆ مێژووی گەلی کورد تەنیا گۆڕانکارییەکی سیاسی سادە نەبوو، بەڵکو ساڵی تاقیکردنەوەیەکی سەختی مرۆیی بوو کە تێیدا هەموو جومگەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی هەژاند، لە کاتێکدا ڕاپەڕینی ئازار مژدەی کۆتاییهاتنی ساڵانێکی درێژی ستەمی بەعسی پێ بوو، بەڵام شکستی سەربازی و کۆڕەوە ملیۆنییەکە، میللەتێکی رووبەڕووی مەرگێکی بەکۆمەڵ کردەوە، لەناوجەرگەی ئەم کارەساتەدا، ژنی کورد تەنیا قوربانی نەبوو، بەڵکو پاڵەوانێکی بێدەنگ بوو کە باری قورسی تراژیدیاکەی لەسەر شان بوو. 

ژنی کورد، پارێزەری مانەوە لە ناو کۆڕەودا 
لە کاتی راکردن بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا، ژنی کورد رووبەڕووی دۆخێک بووەوە کە وەسفکردنی بە وشە ئەستەمە، ئەو دەبوو لەهەمان کاتدا دایک بێت، پەرستار بێت، خۆراکدەر بێت، لەبن تاشەبەردەکان و لە ژێر بارانی بەخوڕی بەهاردا، زۆرێک لە ژنان جەستەی خۆیان کردە قەڵغان بۆ پاراستنی کۆرپەکانیان لە سەرما و نوقمبوون، دیمەنی ئەو دایکانەی منداڵەکانیان لە باوەشدا گیانیان سپارد، یان ئەوانەی بە ناچاری جگەرگۆشەکانیان لەناو خۆڵدا بەجێهێشت، برینێکی قووڵە کە تا ئێستاش لە ویژدانی مێژوودا ماوەتەوە، ژن لەو کاتەدا تەنیا بەرگری لە ژیانی خۆی نەدەکرد، بەڵکو بەرگری لە مانەوەی نەوەیەک دەکرد کە دوژمن دەیویست لەناویان ببات. 

کاریگەرییە درێژخایەنەکان
دوای گەڕانەوە بۆ شارەکان، ژنی کورد رووبەڕووی جۆرێکی تر لە جەنگ بووەوە، جەنگی بژێوی و ئاوەدانکردنەوە، زۆرێک لە ژنان هاوسەر یان باوکیان لەدەستدابوو، ئەمەش وایکرد ببنە سەرپەرشتیاری تاقانەی خێزان، ئەم گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە، هەرچەندە پڕ بوو لە ئازار، بەڵام بووە هۆی ئەوەی ژنی کورد زیاتر بێتە ناو مەیدانی کار و بڕیاردان، هۆشیارییەکی سیاسی و نەتەوەیی قووڵتری لادروست بێت. 


هەندێ پێشنیار بۆ قەرەبووکردنەوەی ژنی کورد دوای رووداوەکانی ١٩٩١ بێگومان قەرەبووکردنەوەی ئەو ئازارە گەورەیە تەنیا بە پارە ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە ستراتیژێکی نیشتمانی هەیە لەوانە: 
*قەرەبووی دەروونی و کلینیکی: دامەزراندنی سەنتەری تایبەت بە (چارەسەری ترۆما) (Trauma Therapy) بۆ ئەو دایکانەی هێشتا ئازاری لەدەستدانی منداڵ یان دەستدرێژییەکانی سەردەمی بەعس لە ناخیاندا ماوەتەوە.
*یاسای دڵنیایی کۆمەڵایەتی: دەرکردنی یاسایەکی تایبەت بۆ دابینکردنی مووچەیەکی مانگانەی شایستە بۆ ئەو ژنانەی لە کۆڕەودا زیانیان بەرکەوتووە، بەتایبەت ئەوانەی ئێستا لە تەمەنێکی گەورەدان و توانای کاریان نەماوە.
*دۆکیومێنتکردنی مێژووی ژن: دروستکردنی مۆزەخانەیەکی نیشتمانی و کتێبخانەیەک کە تایبەت بێت بە گێڕانەوەی بەسەرهاتی ژنان لە ساڵی ١٩٩١، تا نەوەکانی داهاتوو بزانن ئازادیی ئەمڕۆ بەرهەمی چ خۆڕاگرییەکی ژنانەیە.
*پشتگیریی ئابووریی سەربەخۆ: دابینکردنی قەرزی بچووک و بێ سوود بۆ ئەو ژنانەی دەیانەوێت پڕۆژەی خۆیان هەبێت، وەک رێزێک بۆ ئەو ساڵانەی وەک کرێکار و ماندوو لە بێباوکیدا خێزانەکانیان بەخێو کرد.
*ناونانی شوێنە گشتییەکان: ناونانی شەقام و قوتابخانەکان بە ناوی ئەو ژنانەی لە کۆڕەودا بوونە سیمبوولی قوربانیدان، بۆ ئەوەی ناویان لە یادەوەری گشتیدا بە نەمری بمێنێتەوە.  


دواجار قەرەبووکردنەوەی ژنی کورد، تەنیا ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو بەشێکە لە راستکردنەوەی مێژوو، رێزگرتن لەو ژنانەی بوونە قوربانیی کۆڕەوەکەی ساڵی ١٩٩١، رێزگرتنە لەو خاکەی ئەوان بە فرمێسک و ئارەقەی نێوچەوانیان پاراستیان.

لە کۆڕەوەکەدا زۆرێک لە ژنان ژێر بارانی بەخوڕی بەهاردا، جەستەیان کردە قەڵغان بۆ پاراستنی کۆرپەکانیان لە سەرما.