ژنانی لوبنانی لە نێوان ئاگر و بەرخۆداندا

مەحاسن مودەللـە، ئەندامی ژنۆلۆژی، چالاکوان

 

شەڕ لە لوبنان چیتر ڕووداوێکی زوو تێپەڕ و قۆناغێکی کاتی نییە، بووەتە ڕاستیەکی درێژخایەن کە ژیانی ڕۆژانە دەگرێتەوە و بە قووڵی و دووبارە و سێبارە کۆمەڵگە لە قاڵب دەداتەوە، لە دڵی ئەم ڕاستیەدا ژنێکی لوبنانی وەستاوە کە زۆرترین کاریگەر و خۆڕاگرترینە، ڕووبەڕووی فشارە دەروونی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییە کۆبووەکان دەبێتەوە کە ژیانی دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی ڕۆژانە بۆ مانەوە، شەڕێک بۆ پاراستنی یەکگرتوویی خێزانیی لە نێوان بارودۆخێکی سەخت و ئاڵۆزدا کە کەمترین ئاستێکی سەقامگیری و ئاسایش پێشکەش ناکات.

دووبارەبوونەوەی شەڕەکان و قەیرانە یەک لە دوای یەکەکانی لوبنان کەشێکی ناسەقامگیری دروستکردووە کە فاکتەرە سیاسی و خێڵەکی و ئابوورییەکان بە قووڵی تێکەڵاو بوون، ئەمەش بووەتە هۆی لاوازبوونی دامەزراوە حکومییەکان و کەمبوونەوەی تواناکانیان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، ئەم تێکچوونە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژنان هەبووە، کە خۆیان دەبیننەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە دەستەبەرکردنی خۆراک، چاودێری تەندروستی و پەروەردە دەبنەوە، هەموو ئەمانە لە کاتێکدا پشتگیرییەکی پێویستیان نییە، ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان دەبنەوە و تووشی دابەزینی توانای کڕین دەبن.

 

”ژنان وەک یاریزانی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا”

ژنانی لوبنانی ئیتر تەنها زیانبەرکەوتووی شەڕ نین، بەڵکو بوونەتە یاریزانی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەکاندا،بناچار بوون چەندین بەرپرسیارێتی لە دەرەوەی ڕۆڵە نەریتییەکانیان هەڵبگرن، بوونەتە بژێوی ژیان و چاودێری ماڵەوە و بڕیاردەر لەناو خێزانەکەدا. ئەم گۆڕانکارییە هەڵبژاردن نەبوو بەڵکو پێویستییەک بوو کە بارودۆخەکان سەپاندیان، بووە هۆی سەرهەڵدانی نموونەیەکی نوێی ژنایەتی کە سستی و هێز تێکەڵ دەکات، ڕەنگدانەوەی توانایەکی سەرنجڕاکێشە بۆ گونجاندن لەگەڵ ڕاستیدا.

لەسەر ئاستی دەرونی ژنانی لوبنانی بەهۆی ترسی بەردەوام لە داهاتوو و نەبوونی ئاسایش و بەردەوامبوونی قەیرانەکان بەبێ چارەسەری ڕوون لە دۆخێکی بەردەوامی دڵەڕاوکێ و گرژیدا دەژین. ئەم دۆخە بەهۆی کۆبوونەوەی فشارەکانی ڕۆژانەوە خراپتر دەبێت، وەک سەختی دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان و ترس بۆ داهاتووی نادیاری منداڵەکانیان، کە دەبێتە هۆی تێکچوونی جیاوازی دەروونی لەوانە خەمۆکی، دڵەڕاوکێ، تێکچوونی خەو، هەستکردن بە ماندوێتی بەردەوام.

جگە لەوەش بەرکەوتنی بەردەوام بە ڕووداوە زەبربەخشەکان وەک لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانەکەی، ئاوارەبوون، شایەتحاڵی توندوتیژی، جێپەنجەی قووڵ لەسەر دەروونی ژن بەجێدەهێڵێت و دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە بە زەبر و زەنگی درێژخایەن ناسراوە. ئەم زەبر و زەنگە کاریگەری لەسەر ڕەفتار و توانای ڕووبەڕووبوونەوەی دەبێت لە درێژخایەندا، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا دەبێت، هەروەها زیاتر تووشی گۆشەگیری و کشانەوە و لەدەستدانی متمانە بە کەسانی دیکە دەکات.

کاریگەرییە دەروونییەکان تەنها لە لایەنە سۆزدارییەکاندا سنووردار نین بەڵکو بۆ لایەنە جەستەییەکانیش درێژدەبنەوە، زۆرێک لە ژنان بەدەست نیشانە تەندروستییەکانەوە دەناڵێنن کە پەیوەندییان بە فشاری دەروونییەوە هەیە، وەک سەرئێشەی درێژخایەن، کێشەی هەرس، لەدەستدانی ئارەزووی خواردن و ماندوێتی بەردەوام. ئەم نیشانانە ئازارەکانی ژنان زیاتر دەکەن و توانای ئەنجامدانی ئەرکەکانی ڕۆژانەیان بە شێوەیەکی کاریگەر سنووردار دەکەن.

هەروەها بارودۆخی ئابووری سەخت بەشداری کردووە لە هەڵوەشاندنەوەی هەندێک پەیوەندی خێزانی لە ئەنجامی ئاوارەبوون و کۆچکردن لە گەڕان بەدوای دەرفەتی باشتردا. ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی تۆڕەکانی پشتیوانی کۆمەڵایەتی کە سەردەمانێک سەرچاوەیەکی ئاسایشیان بۆ ژنان دابین دەکرد. لەم ڕاستیەدا ژنان زیاتر تووشی فشارە کۆمەڵایەتی و دەروونییەکان بوون.

لە دیارترینیان کە لە ئەنجامی ئەم هەلومەرجانەدا سەریان هەڵدا، بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی خێزانییە، کە فشارە ئابوورییەکان و گرژییە دەروونییەکان دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ناکۆکی لەناو خێزانەکەدا، هەروەها هەندێک ناوچە شاهیدی زیادبوونی هاوسەرگیری پێشوەختە بوون وەک ئامرازێک بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری یان وەک هەڵبژاردنێکی زۆرەملێ لە نەبوونی جێگرەوەکاندا، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر داهاتووی منداڵانی کچ دەبێت و دەرفەتی خوێندن و دامەزراندنیان سنووردار دەکات.

سەرەڕای هەموو ئەم ئاڵەنگاریانە، ژنانی لوبنانی خۆڕاگری و گونجانی ناوازەیان نیشانداوە. ئەوان لە چەندین بواردا سەرکەوتوو بوون، بەشدارییان لە دەستپێشخەرییە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان کردووە، پشتگیرییان لە خێزانە زیانلێکەوتووەکان کردووە، هەڵمەتی هاوکارییان ڕێکخستووە، و پشتگیری دەروونی و ڕەوشتییان پێشکەش بە کەسانی دیکە کردووە، ئەم ڕۆڵە ڕەنگدانەوەی هێزی ناوەکی بێئەندازە و ئیرادەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ بەرخۆدان سەرەڕای هەموو بارودۆخێک.

”لە ڕووی ئابوورییەوە”

ژنان لە نێو ئەو گروپانەن کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، داڕمانی ئابووری بووەتە هۆی لەدەستدانی هەلی کار و بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری و دابەزینی بەرچاوی موچە، بەهۆی نەبوونی پاراستنی کۆمەڵایەتی، ژنان خۆیان دەبیننەوە کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هەژاری دەبنەوە بەبێ هیچ پارێزبەندییەک بۆ ئەوەی نەتوانن بچنە ناو بارودۆخێکی ترسناکترەوە.

ژنانی لوبنان لە خەباتدان بۆ دۆزینەوەی هەلی کارێکی سەقامگیر و ڕووبەڕووی هەڵاواردن لە بازاڕی کاردا سەبارەت بە کرێ و دەرفەتەکان، نەبوونی ئاسایشی کار ناچاریان دەکات لە کەرتی نافەرمیدا کار بکەن، وەک کاری ناوماڵ یان بازرگانی بچووک کە سەقامگیرییان نییە و داهاتی پێویست بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان دابین ناکەن.

هەروەها ژنان بەهۆی پێداویستییە ئاڵۆزەکان و نەبوونی پشتیوانی دامەزراوەییەوە تووشی کێشەی بەرچاو دەبن لە دەستڕاگەیشتن بە دارایی و قەرز، ئەمەش توانای دامەزراندنی بازرگانیان یان پەرەپێدانی توانا ئابوورییەکانیان سنووردار دەکات، وابەستەیی ئابوورییان بەهێزتر دەکات و سەربەخۆیی دارایی لە هەلومەرجی ئێستادا قورس دەکات.

جگە لەوەش، ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبنەوە کە پەیوەندییان بە تێچووی زۆری چاودێری تەندروستی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانەوە هەیە، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ژێرخانی لاوازیان هەیە، کەمیی و گرانی نرخی دەرمان، بارگرانی دارایی و دەروونی لەسەر ژنان زیاد دەکات، بەتایبەتی ئەوانەی بەرپرسیارن لە چاودێریکردنی ئەندامانی نەخۆش لە خێزان.

هەروەها ژنان ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە کاری مرۆیی، سەرکردایەتیکردنی هەوڵەکانی فریاگوزاری لەناو کۆمەڵگە ناوخۆییەکان، پێشکەشکردنی یارمەتی بۆ ئەو خێزانانەی کە پێویستیانە، ڕێکخستنی دەستپێشخەرییە خۆبەخشییەکان، زۆرجار ئەم ڕۆڵانە بەبێ قەرەبووکردنەوە ئەنجام دەدەن، ئەمەش بارگرانییان زیاتر دەکات و تووشی فشاری جەستەیی و دەروونی دەبن.

”ژنان سەرچاوەی سەرەکی سەقامگیری دەروونین لەناو خێزاندا”

کاریگەری شەڕ لەسەر ژنان درێژدەبێتەوە بۆ منداڵان، بەو پێیەی ژنان سەرچاوەی سەرەکی سەقامگیری دەروونین لەناو خێزاندا، کاتێک ژنان تووشی فشاری دەروونی یان زەبر و زەنگ دەبن، ئەمە ڕاستەوخۆ لە منداڵەکانیاندا ڕەنگ دەداتەوە، کە ڕەنگە کێشەی ڕەفتار و خراپی ئاستی خوێندن و هەستکردن بە بەردەوامی دڵەڕاوکێ و نائەمنی نیشان بدەن. جگە لەوەش، ڕەنگە بارودۆخی ئابووری سەخت، منداڵان ناچار بکەن لە تەمەنێکی بچووکدا واز لە خوێندن بهێنن و کار بکەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر داهاتوویان دەبێت و هەژاری لەناو کۆمەڵگەدا زیاتر بکات.

کاریگەری کۆچی زۆرەملێ لەسەر ژنانی لوبنان ناتوانرێت چاوپۆشی لێ بکرێت. زۆرێک لە ژنان ناچارن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەدوای پارێزراوی یان هەلی کاردا بگەڕێن، ئەمەش ڕووبەڕووی مەترسییە نوێیەکانیان دەکاتەوە کە پەیوەندییان بە ناسەقامگیری و دابڕان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە هەیە، دەربەدەری بارگرانی دەروونی زیاتر زیاد دەکات، لەوانە بیری ماڵەوە، دڵەڕاوکێ و ترس لە داهاتوو، هەروەها ڕەنگە هەندێک لە ژنان ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی ببنەوە کە پەیوەندییان بە نیشتەجێبوون، دامەزراندن و دەستڕاگەیشتن بە مافە سەرەتاییەکان لە وڵاتانی میوانداردا هەیە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم هەلومەرجەدا کەلێنێکی ڕوون لە نێوان یاسا نێودەوڵەتییەکانی مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان و ڕاستی ڕاستەقینەی سەر زەویدا سەرهەڵدەدات، دامەزراوەکان بەدەست کەمی سەرچاوە و بێتوانایی جێبەجێکردنی ئەم یاسایانە بە شێوەیەکی کاریگەر دەناڵێنن، ئەمەش ژنان بەبێ پاراستنی پێویست دەهێڵنەوە، بەتایبەتی سەبارەت بە پاراستن لە توندوتیژی و دابینکردنی پشتیوانی دەروونی و ئابووری.

باشترکردنی دۆخی ژنانی لوبنانی پێویستی بە هەوڵی یەکگرتوو هەیە، سەرەتا لە بەهێزکردنی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی دەروونی و دابینکردنی ناوەندی پشتیوانی نزیک لە کۆمەڵگە ناوخۆییەکان، ئەم ناوەندانە دەبێتە هۆی ئەوەی ژنان بتوانن ئازارەکانیان دەرببڕن و پشتیوانی گونجاو وەربگرن، هەروەها پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ بەهێزکردنی ژنان لە ڕووی ئابوورییەوە لە ڕێگەی دابینکردنی هەلی کاری ڕاستەقینە و بەرنامەی خولی پەروەردەی کە یارمەتیان دەدات بۆ بەدەستهێنانی کارامەیی نوێ، شایستەیان بکات بۆ بازاڕی کار.

جگە لەوەش چالاککردنی ئەو یاسایانەی کە ژنان لە توندوتیژی دەپارێزن، شتێکی بنەڕەتییە، جگە لەوەش زۆر گرنگە هۆشیاری کۆمەڵگە سەبارەت بە مافەکانی ژنان و گرنگی ڕۆڵی ئەوان لە بونیادنانی کۆمەڵگەدا، هەروەها پاڵپشتی فێربوونی تەواوی ژیان بۆ ژنان و منداڵانی کچ، کە یەکێکە لە ئامرازە گرنگەکان بۆ بەهێزکردن و سەربەخۆیی.

پێشکەوتنی ڕاستەقینە بەبێ بەشداری ژنان لە پرۆسەکانی بڕیاردان و بونیادنانی ئاشتیدا بەدی نایەت، ژنان خاوەنی ئەزموونی دەستی یەکەمن کە لە ژیانی ڕۆژانەیان لە نێوان قەیرانەکاندا بەدەستیان هێناوە، ئەمەش وایان لێدەکات چارەسەری پراکتیکی پێشکەش بکەن کە بەشدارن لە سەقامگیری و بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی.

لە نێوان هەموو ئەم ئاڵەنگاریانە، ژنانی لوبنانی وەک سیمبولی بەرخۆدان و ئیرادە دەمێننەوە، ئەوان توانای خۆڕاگرییان سەلماندووە سەرەڕای بارودۆخی سەخت و نەک هەر کاریگەری شەڕیان لەسەرە بەڵکو هاوبەشی سەرەکین لە بونیادنانەوەی کۆمەڵگە و گەڕاندنەوەی هاوسەنگییەکەیدا.

داهاتووی لوبنان بەبێ بەهێزکردنی ژنان و دابینکردنی کەشێکی پارێزەراوی بۆیان کە ژیانێکی شکۆمەندانە و بەشداری چالاکانەیان لە ژیانی گشتیدا مسۆگەر بکات، بەدی نایەت، ئەمەش پێویستی بە ئیرادەی سیاسی ڕاستەقینە و هاوکاری نێوان هەموو لایەنەکان هەیە بۆ ئەوەی ژنان بخەنە ناو دڵی پلانەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە.

لە کۆتاییدا قسەکردن لەسەر ژنانی لوبنان لە سەردەمی جەنگدا، قسەکردنە لەسەر هێزێکی سروشتی کە بەرەنگاری شکاندن دەبێتەوە و ئیرادەیەک کە سەرەڕای هەموو بارودۆخێک جوڵاو ناکات، چیرۆکێکی ڕۆژانەی بەرخۆدانە کە شایەنی ئەوەیە بگێڕدرێتەوە و پشتگیری بکرێت و بگۆڕدرێت بۆ خاڵی دەستپێک بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرتر و هاوسەنگتر و یەکسانتر، هەروەها وەبەرهێنان لە ژنان پێشمەرجێکی بنەڕەتییە بۆ هەر پرۆسەیەکی چاکبوونەوەی ڕاستەقینە، بەو پێیەی کۆمەڵگەیەکی هاوسەنگ بەبێ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان و بەهێزکردنی لە هەموو ئاستەکاندا ناتوانرێت بونیاد بنرێت.