ژن و ڕەنگپۆشی

نەرمین عوسمان -نووسەر

ڕەنگەکان تەنها بریتی نین لە هەستێکی بینایی و بەرچاو، بەڵکو پێکهاتەی ئەزموونێکی فرە رەهەندی فیزیایی، بایۆلۆژی، سایکۆلۆژی و رۆشنبیرین، سەبارەت بە پەیوەندیی ژن بە رەنگەکانەوە، لە رووی زانستییەوە دەرکەوتووە ژن پەیوەندیییەکی قووڵتر و تێکەڵاوتری هەیە لەگەڵ رەنگدا بەراورد بە پیاو، بەهۆی پێکهاتە بایۆلۆژی و هەستەوەرییە دەروونییەکەی و بەکارهێنانە بەرفراوانەکەی بۆ دەربڕینی شوناس و میزاجی تایبەتی ژنانە.

 

هەڵبژاردنی رەنگەکان بۆ هەر رەگەزێک بە گشتی و بۆ ژنان بە تایبەتی تەنها پەیوەست نییە بە زەوقی تاکە کەسەوە، بەڵکو پەیوەندیی بە کۆمەڵێک فاکتەری دیکەوە هەیە، وەک باری دەروونی، پەستانە کۆمەڵایەتییەکان و هێما رۆشنبیرییەکان، یەکێکیش لەو رەنگانەی لەسەر ئەو بنەمایانەی پێشوو ئاماژەمان پێدا هەڵدەبژێردرێت.

 

لە کولتووری خۆرهەڵاتیی و تەنانەت کوردیشدا رەنگەتۆخەکان بە رەنگەکانی هەڵکشانی تەمەن ناوزەد دەکرێن و واباوە کە ژنێک لەگەڵ گەیشتنی بە تەمەنی نائومێدی، ئیتر یەکێک لەو شتانەی پێویستە رەچاوی بکات پۆشینی رەنگە مات و تۆخەکانی وەک رەش، نیلی، خۆڵەمێشی، قاوەیی و..هتدە، ئەوانە لەو رەنگانەن کە بە رەنگی رەسەن هەژمار دەکرێن بۆ ئەو تەمەنە و ئیتر لەو تەمەنەوە جوانترە بۆ ژنێک لە رەنگە ئاڵ و واڵاکان بکشێتەوە و خوو بەم رەنگانەوە بگرێت، خۆ دەکرێت هەندێک کولتووری دیکەش هەبێت، وەک هیندییەکان و ژاپۆنییەکان کە ژنانیان لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا روو بکەنە پۆشینی رەنگە تۆخ و ماتەکان، بەڵام بە واتا و هۆکارێکی فەلسەفی و ئایینی قووڵترەوە، پەیوەندیییان هەیە بە خۆگونجاندن لەگەڵ سرووشت و نەریتەکانی ژیاندا، نەک کۆتکردنی ژن بە رەسەنایەتی و هەندێک پەستانی دیکەی کۆمەڵایەتییەوە هاوشێوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

 

لەسەر بنەمای توێژینەوەکان پسپۆڕانی دەروونی ئامۆژگاریی ژنانی تەمەن نزیک لە 50 ساڵ و سەرووی ئەو تەمەنە دەکەن بۆ پۆشینی کۆمەڵێک رەنگ و ئەو رەنگانەش بریتین لە پەمەیی کاڵ، سەوزی زەیتونی، زەردی هەنگوینی، شینی ئاسمانی، مۆری کاڵ و خۆڵەمێشی تێر، ئەو پسپۆڕانە دەڵێن: بەکارهێنان و تێکەڵکردنی رەنگە هێمن و کاڵەکان بەشێوەیەکی نەرمونیان دەبێتە مایەی چەسپاندنی هەستی ئارامیی و متمانە بەخۆبوون و ئاسودەیی لەگەڵ خوددا.

بەپێی توێژینەوەیەک کە پەیمانگەی زانستی دەروونناسی رەنگەکان لە بەریتانیا کە لەسە هەزار و ٢٠٠ ژن کردوویەتی کە تەمەنیان لەنێوان ٤٠ بۆ٦٠ ساڵیدایە، لەسەر ئەنجامی بەکارهێنانی رەنگە کاڵەکان گەیشتوونەتە ئەم ئامارە:

 

١-رێژەی ٧٨٪ی ژنان هەستیان بە ئارامی کردووە کاتێک جلوبەرگە رەنگ کاڵەکانیان پۆشیوە.

 

٢-رێژەی ٧٢٪ی ژنان هەستیان بە باشبوونی دەروونیان کردووە و دڵەراوکێ و خەمۆکییان کەمتر بووە، بە پۆشینی جلوبەرگە رەنگ کاڵەکان.

 

٣-ڕێژەی ٦٤٪ ژنان هەستیان بە زیادبوونی باوەڕبەخۆبوون و خۆ قبوڵکردن کردووە بە پۆشینی رەنگە کاڵەکان.

٤-ڕێژەی ٥٨٪ ژنان بەردەوامبوونی پەیوەندیییە کۆمەڵایەتییەکانیان و هەستی نزیکبوونەوەیان لە کەسانی دیکە زیادی کردووە.

٥- ڕێژەی ٦١٪ ژنان هەستیان بە کاریگەریی ئەرینی لەسەر باشبوونی خەو کردووە، بە بەکارهێنانی رەنگە کاڵەکان لە ژووری خەوتنەکانیاندا یاخود بۆ جلوبەرگی خەوتنیان.

 

لە توێژینەوەکەیاندا ئەو زانایانەی بەریتانیا گەیشتنە ئەم تێبینیانەی خوارەوە:

١-بەکارهێنانی رەنگە کاڵەکان کاریگەریی هەیە لەسەر هێورکردنەوەی مێشکی ئەو ژنانەی رەنگە کاڵەکانیان پۆشیوووە.

٢-ئەو ژنانەی رەنگە کاڵەکانیان لە ژیانی رۆژانەیاندا بەکارهێناوە نەرمونیانییەکی زیاتر و توانایەکی گەورەتریان لە مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانکارییە جەستەیی و دەروونیەکانی  پەیوەست بە تەمەنەوە نیشانداوە.

٣-کاریگەریی رەنگەکان بەهێزتر دەردەکەوتن کاتێک ژنێک خۆی رەنگی پۆشاکەکانی هەڵدەبژارد، نەوەک لەسەر خواستی کۆمەڵگە یاخود بەپێی دابونەریتەکان هەڵیبژاردبێت.

دواجار بە هەموو ژنێک دەڵێین خۆت خاوەنی تەمەنی خۆتیت و گشت قۆناغێکی تەمەنت جوانی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆیە مەهێڵە رەنگەکانت لە هیچ قۆناغێکدا بۆ هەڵبژێردرێت و خۆت خاوەنی رەنگی پۆشاکەکانت بە.