ئەرکی دایەنێتی منداڵ بەپێی یاسا

وەردە ڕەشید - نووسەر

لە یاسای باری کەسیدا بەپێی ماددەی ٥٧، دوای جیابوونەوەی هاوسەران ئەگەر هاتوو ئەو مەرجانەی دەستەبەری ژیانێکی شایستە بۆ منداڵ دەکەن هاتنەدی ئەرکی دایەنێتی منداڵ لە ئەستۆی دایکدایە، بەڵام لە هەموو بارودۆخێکدا دادگا سەیری بەرژەوەندیی منداڵ دەکات، واتە دادگا رەچاوی ئەوە دەکات، کامە ژینگە دەستەبەری بەدیهێنانی ژیانێکی شایستە بۆ منداڵ دەکات، منداڵ لە ژینگەی دایکیدا بێت هەست بە ئارامی دەکات یاخود لەلای باوکی؟ هەڵبەت دادوەر لە دوای لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوە بە بابەتەکەدا بڕیاری یەکلاییکەرەوە دەدات. 


دەمەوێت تیشک بخەمە سەر دیاردەیەکی نەشاز کە لە کۆمەڵگاکەماندا باوە، ئەویش دیاردەی شتنەوەی مێشکی منداڵ و ئاڕاستەکردنیەتی بە ناجۆری، کاتێک چارەنووسی لەلای یەکێکیان (دایک یان باوک) دەگیرسێتەوە، بەجۆرێک ئەو لایەنەی کە بەپێی بڕیاری دادگا ئەرکی لە ئەستۆگرتنی منداڵەکەی دەکەوێتە سەرشان، هەمیشە دەیەوێت وێنەیەکی ناشیرینی هاوسەری پێشووی لە هزری منداڵەکەیدا دروست بکات! کە لەڕاستیدا ئەم هەڵوێستە نادادییە، لەبەرئەوەی منداڵ تووشی جۆرێک لە نائومێدی و بێهیوایی دەکات، زۆرجاریش هەردوولا ئەو هەڵوێستە دەنوێنن! ئەمەش وا لە منداڵ دەکات لە دووڕیانی مەوقیفێکدا رابمێنێت، لەبەرئەوەی نازانێت هەڵسەنگاندنە دروستەکە هی کامیانە، زۆرجاریش ئەم وێناکردنە نەشاز و رق ئامێزە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵ رەتیبکاتەوە، لایەنی بەرامبەر ببینێت، بەڵام خۆشبەختانە یاسا رازیبوونی منداڵی بە مەرج دانەناوە بۆ بینینی دایک و باوک، لەبەرئەوەی پێیوایە منداڵ بەرژەوەندیی خۆی نازانێت، یەکێکی دیکە لە دەردەسەرییەکانی منداڵانی قوربانی دەست هاوسەرگیرییەکی شکستخواردوو ئەوەیە، زۆرجار منداڵ لەلایەن هاوسەری دووەمی باوکی یاخود هاوسەری دووەمی دایکییەوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرێت، چەندین حاڵەتی لەو جۆرە روویداوە، هەر بۆیە دەڵێم تۆی خانم کاتێک دەتەوێت هاوسەرگیریی لەگەڵ کەسێکدا بکەیت کە منداڵی هەیە پێویستە پێشتر ئەم پرسیارە لەخۆت بکەیت، ئایا دەتوانم ببم بە دایکی دووەمی ئەو منداڵە؟ خۆ ئەگەر وەڵامی پرسیارەکەت بەڵێ نەبوو، تاوانە هەنگاو بۆ پرۆسەیەکی لەو چەشنە بنێیت، دەکرێت پیاوانیش رۆڵێکی کاریگەر بگێڕن لە رووی باشکردنی پەیوەندیی نێوان منداڵی هاوسەری پێشوویان و هاوسەری نوێ، بەوەی بەردەوام هاوسەری تازە دڵنیابکاتەوە لەوەی ئەگەر رەفتاری لەگەڵ منداڵەکانیدا باش بێت، لە پاداشتی ئەوەدا بە جوانترین شێوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکات.


پێشینان فەرموویانە "مار بە قسەی خۆش لەکون دێتەدەر" زۆرجار پیاوانیش ئازار و ئەشکەنجەی منداڵی پێشووی هاوسەری نوێیان دەدەن کە تاوانە، لەبەرئەوەی کاتێک خانمێک دەیەوێت بۆ جاری دووەم هاوسەرگیریی بکاتەوە، بەو ئومێدەیە خۆی و منداڵەکەی یان منداڵەکانی لەژێر سایە و سێبەری کەسێکی دیکەدا بحەسێنەوە، لەبەرئەوە هاوسەری نوێی بانگهێشتی دادگا دەکرێت و بەڵێنی ئەوەی لێوەردەگیرێت، ئایا ئامادەی هەڵگرتنی ئەو بەرپرسارێتییە؟ لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی بەڵێنەکەیدا بە کەسێکی بەڵێن شکێن ناوزەد دەکرێت.