ئێمە و هەڵبژاردن لە عێراق

‌د. ڕێزان ئەحمەد هەردی

 

هەر لەپاش هاتنی بەریتانیا بۆناوچەکە ودەرکردنی سوپای عوسمانی لە ویلایەتەکانی بەسرە بۆ بەغداد وموسڵ ،بەپشتگیری ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئینگلیز وهێنانی فەیسەڵی کوڕی حوسەین لەشامەوە، کردنی بە مەلیکی عێراق، عێراق کەوتە قۆناغێکی نوێوە بڕواناکەم هیچ دەوڵەتیک ئیرەییی پێ بردبێ، چونکە هەرلەسەرەتای دروستبونیەوە مەلیکەکەی سوننەی هاوردەبوو، لەکاتێکدا مەزهەبی شیعە زۆرایەتی بوو، کوردیش نەتەوەیەکی جیاواز بوو بە زۆر خزێنرایە ناو ئەم چوارچیوەیەوە.

 

بەدوای ئەمەشدا دووکاراکتەری سەرەکی دەوری کاریگەری خۆیان هەبوو بە شێوەی کرداری لە پڕۆسەی جێگیرکردن و سەپاندنی ئەم دەوڵەتە بەسەر دانیشتوانەکەیدا ئەوانیش بیری نەتەوەپەرستی عەرەب و‌هێزە چەکدارەکەی ئینگلیز بوو، ئەم دووانە پاڵپشتی یەکتری بوون تاکو ڕوخانی حوکمی مەلیكی، کە ئەنجامەکەی واشکایەوە، ‌هێزی نەتەوەپەرستی عەرەبی دەسەڵاتی خستە ژێر زووڵمی تاکڕەوی خۆیەوە، هەموو ئازادیەکانیان لەگەلی پێکەوەلکێنراوی عێراق زەوتکرد،‌ هیچ ئاسانکاریەکی بەرچاو نەکرا بۆ پێکەوە ژیانی پرکەرامەت لەم ناوچەیەدا، ئەمە وایکرد پیکدادانی چەکداری برەو بسینێ و ڕق و توڕەیی جێگەی ئاشتی کۆمەڵایەتی بگرێتەوە تاگەیشتە پاکتاوی نەژادی کورد لەپڕۆسەی کۆمەڵکوژی ئەنفال و راگواستنی کورد و کاولکردنی کوردستان و کۆمەلکوژی شیعەکان و کپکردنی دەنگی ئازادی سونەکانیش تارادەیەک.

 

بۆئێمەی کورد لەم ناوچەیەدا کە چواردەورمان داگیرکەری ماڵ کاولکەرە، لەدوای پڕۆسەی ئازادی عێراق فرسەتێک هاتۆتە کایەوە کە گرفتەکانمان لەگەڵ ئەم عێراقەدا بەشێوەی دیموکراتی لەپەرلەمانێکی هەڵبژێردراودا بەووتوویژ و پێسەلماندن چارەسەربکەین، ڕاستە ئەم ڕێگەیە دوورو دریژوو بێزارکەرە چونکە دانوستاندنەکانمان لەگەڵ حیزب و کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودایە کە مووتوربە کراوە بەگیانی تۆڵە و ڕق ومەزهەب گەرایی وبێسەرەو بەرەیدا، بەڵام وەک ئەڵێن گفتوگۆ هەرچەند درێژ دادڕیش بێ لەشەر وپێکدادان چاکترە.

 

ئێمە مێژووی خەباتی چەکداریمان لەسەد ساڵەی دروستبوونی عێراقدا ئەزموونکردوە بەخوێنی باشترین ڕۆڵەکانی ئەم میللەتە، بەڵام هەرماڵ وێرانی زیاتری بەدواداهات تا گەیشتووینەتە ئەم ڕادەیەی ئێستا، ئەگەر چی حوکمداری خۆمان لەهەرێم باش نیە و لێی ڕازی نین و دەکرا باشتر بووینایە، بەڵام باشتروایە کەهەر سووربین لەسەر خەباتی پەرلەمانی و هەنگاوەکانمان سست نەکەین لەسەرگفتوگۆی پەرلەمانی لەگەڵ نەیارەکانماندا، بەردەوامبین بۆ سەلماندنی مافە زەوتکراوەکانمان لەبودجەو شەریکبین لە بەڕێوەبردنی ئەم دەوڵەتە و خۆمان تەرک نەکەین، خۆئەگەر وانەکەین ئەوا کەس لەڕێی خوادا بەزەیی بەم میللەتەدا نایەتەوە مافەکانی بۆ بگێڕێتەوە، بۆیە ئەم بژاردەیە باشترینە، بەشداری کردنمان لەهەڵبژاردن بە ڕێژەیەکی بەرچاو ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوایەتیە، زەمانەتی بەدەستهێنانی مافە دەستوریەکانمانە لە چوارچێوەی عێراقدا.