بۆچی هاووڵاتیان متمانەیان بە دەسەڵات نەماوە؟
بەناز حەمه رەشید – مامۆستای زانکۆ
کاتێک باس لە هاووڵاتیبون دەکرێت، هەموو پێناسەکانی هاووڵاتیبون جەخت دەکەنەوە لەوەی کە هاووڵاتیبون، ماف و ئەرکە بۆهاووڵاتی بەرامبەر بە نیشتمانەکەی، واتا دابینکردنی مافەکانی، وەک، بەشداریکردنی هاووڵاتی لەحکومڕانیدا، و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی، هەروەها فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و بونی دادپەروەری وخۆشگوزەرانی بۆ تاکەکان بێ جیاوازی، بەرامبەر بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە نیشتمانەکەی، وەک پابەندبون بەیاسا و بەرگریکردن لێی، هەر وەک لەپێناسەکەیدا هاتووە: "هەستکردنە بە ئینتماو خۆشویستن و پەیوەستبوون بە وڵات و نیشتمان و دەسەڵاتی سیاسی کە سەرچاوەن بۆ تێرکردنی پێداویستییەکانی تاک و پاراستنیان لەهەر هەڕەشە و مەترسییەک بۆسەری"، یاخود، "چێژبینینی تاکە بەمافەکانی و پابەندبوونە بەو ئەرکانەی لەسەرێتی بەرامبەر بە نیشیمانەکەی"..
کەواتە تێرکردنی پێداویستییەکانی تاک لەڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری پایەیەکی سەرەکی هاووڵاتیبونە، ئەگەر دەوڵەت لەو ئیلتزاماتەی لەسەرێتی لەبەدیهێنانی خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری شکست بێنێت ئەو کات هاووڵاتیبوونیش شکست دەهێنێت، لەم کاتەشدا نەبوونی سروشتییە ببێتەهۆی نەمانی هەستکردن بە هاووڵاتیبوون و دواجاریش تاک هەڵناسێت بەو ئەرکانەی لەسەرێتی..
بۆیە کاتێک دەرچوویەکی زانکۆ دەبینێت بەمەحسوبیەت و مەنسوبیەت دەرچوویەکیتر بەبەرچاویەوە دادەمەزرێت و ئەویش دانامەزرێت، یاخود دەبینێت چەندین ساڵ خوێندویەتی و دواتر بێکارە و هەلی کاری دەستناکەوێت، و هەموو خەون و خەیاڵی بەفیڕۆ دەڕوات، ئیتر چۆن هاووڵاتیبون تیایدا بوونی دەبێت، یاخود، کاتێک کاسب کارێک دەبینێت هەموو ئەو هەوڵەی دەیدات بە باج و خەراج لێی دەسەندرێت ئیتر چۆن هاووڵاتیبون تیایدا بوونی دەبێت، بۆیە ئەویش ئەو هەقی باج وخەراجە دەخاتەوە سەر نرخی شتوومەکەکان و باری قوورس دەچێتەوە سەر شانی هاووڵاتی، یاخود، کاتێک مووچەخۆر دەبینێت بەبیانوی جۆراوجۆر چەندین مووچەی فەوتاوەو پێی نەدراوە و یاری بەقوتی خۆی و مناڵی دەکرێت و ژیانێکی شایستەی بۆفەراهەمنەکراوە ئیتر چۆن هاووڵاتیبون تیایدا بوونی دەبێت، کاتێک هاووڵاتی لەم هەرێمەدا غەدرو ناهەقییەکی زۆر دەبینێت و بەهۆی نەداری و هەژاری و نەتوانینی تێرکردنی پێداویستییەکانی ژیانی، چەندین کێشەی لەژیانیدا بۆ دروست دەبێت، ئەم کێشانە دەبنە هۆی تێکچوونی باری دەروونی و دروستبوونی شەڕوئاژاوەی خێزانی تاڕادەی هەڵوەشاندنەوەی شیرازەی خێزانی، ئیتر چۆن هاووڵاتیبوون تیایدا بوونی دەبێت..
هەر بۆیە هاووڵاتی لەبەرامبەر ئەرکەکانیشدا تاکێکی ناچالاک دەردەچێت و ئەوەی دەسەڵات پێی دەڵێت جێبەجێیی ناکات، بۆ نموونە کاتێک حکومەت بە نانەوا و سەمونخانەکانی ڕاگەیاند نرخ دابەزێنن، بەڵام ئەوان ئەسڵەن گاڵتەیان لێدەهات و کاریان پێنەکرد، هەروەها وەک چۆن کاتێک لەپڕ بەهای دراوی دۆلار بەرز دەبێتەوە فرۆشیارەکان دەیقۆزنەوە کاڵای کۆن بەنرخی بەرزی دۆلار دەفرۆشن، و شاردنەوەی شتومەک و پێداویستی لە هاووڵاتیان لەکاتی تەنگانەدا، یاخود نەدانی پارەی خزمەتگوزاری ئاو و کارەبا لەلایەن هاووڵاتیانەوە لە بەرامبەر نەدانی ئەوموچەیەی کە موچەخۆر چەندین مانگ پێی نەدراوە، یاخود بەهۆی نەدانی موچەوە لەم بارودۆخە ناهەموارەی خەڵکی تیایدایە، کەچی نرخی کاڵا ڕۆژبەڕۆژ بەرزدەبێتەوە و هیچ هاوکارییەک نە لەلایەن حکومەتەوە نەلەلایەن هاووڵاتیان خۆیانەوە نابینرێت، هەموو ئەمانە دەرئەنبامی نەبونی خۆشەویستی و ئینتمایە لەنێوان حکومەت و هاووڵاتی لەلایەک، لەنێوان هاووڵاتیان خۆشیان لەلایەکیترەوە، بۆیە ئەوەی کەئێستا دەبینرێت سەیرنییە، تەنانەت یەکگرتووی لەنێوان چین و توێژەکانیشدا بۆ داواکردنی مافەکان نییە، ئەوەندە خۆپەرستی و لەیەک دابڕان دروستبووە هەر چین و توێژێک هەوڵ بۆخۆی دەدات، بۆیە ئەم نموونانە بەڵگەن بۆ ئەوەی کە هاووڵاتی لەدۆڵێک بێت و حکومەت و دەسەڵاتدارانیش لەدۆڵێک بن، کاتێک هاووڵاتی هیچ خۆشەویستییەک لە حکومەتەوە نابینێت ئامادەنییە هیچ خۆشەویستی بدات.