ڕیفۆرمی سیاسی پێویستیه‌كی هه‌نوكه‌یی
شاناز هیرانی – سەرۆکی مەکتەبی گەشەپێدانی بیر‌و هۆشیاری
خواستی ڕیفۆرمی سیاسی ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر بێ تهوژمتره، چونكه ڕیفۆرمی سیاسی یان چاكسازی بۆ خۆی یه‌كێكه له هۆكاره گرنگه‌كانی گۆڕانی سیاسی، به‌و پێیه‌ی تاكه فاكته‌ره بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌دیلێكی باشتر بۆ ئه‌و وێرانكاریی و نادادیه‌ی له ئارادایه،هه‌رچه‌نده ڕیفۆرم پێویستییەکی حه‌تمیه له‌پێناو دووباره بونیادنانه‌وه، به‌ڵام له‌گەڵ ئه‌وه‌شدا مشتومڕێكی زۆریشی له‌باره‌وه ده‌كرێت له لایه‌ن سیاسهتمەدار و بیرمه‌ندان و جه‌ماوه‌ریش به گشتی، چونكه ئامانج و پاڵنه‌ره‌كانی تا ئێستا ناڕوون و ته‌مومژاوین، ئه‌مه‌ش وایكردووه هه‌لی به‌دیهێنانی ڕیفۆرمی سیاسی له زۆربه‌ی وڵاتان سست بێت یان شكست بێنیتت.
سیاسەتمەداران پێیان وایه جیهان ڕاستییه‌كی گۆڕاوه و گۆڕانكاریش سوننه‌تی گه‌ردونه، ڕیفۆرمیش پڕۆسه‌یه‌كی سروشتی و شارستانییه و پێویسته بکرێت به مه‌به‌ستی گۆڕینی واقیعه خراپه‌كه‌ی ئێستا بۆ دۆخێكی باشتر، ڕیفۆرم ڕێگه‌یه‌كه به‌ره‌و داهاتوویه‌كی گه‌ش و كرانه‌وه‌ی سیاسییه، به جۆرێك تێیدا به‌های دادپه‌روه‌ریی، یه‌كسانی، ئازادیی، ڕێزگرتن له مافه‌كانی مرۆڤ، به‌رزبونه‌وه‌ی ئاستی گوزه‌رانی ملیۆنان له‌و كه‌سانه‌ی له‌و جیهانه‌دا ده‌ژین بێنێته دی، هه‌روه‌ها ده‌بێته هۆی دابه‌زینی ئاستی هه‌ژاری، بێكاری، نه‌خوێنده‌واری، گه‌نده‌ڵی، سته‌مكاری، دكتاتۆریی. بۆیه ڕیفۆرم پێویستییه‌كی ههنووكهییە و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ك له فه‌رامۆشكردنی یان دواخستنیدا نییه، بۆیه ڕیفۆرم به پێویستییەکی حه‌تمی سه‌یر ده‌كریت. به‌و پێیه‌ی ئه‌گه‌ر ڕیفۆرم به‌دی بێت، ئه‌وا سه‌رجه‌م كێشه و گرفته‌كانی گه‌لان چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
هاورده كردنی ڕیفۆرم لە دەرەوەی وڵات
بۆچوونی تریش هه‌ن، كه ته‌واو جیاوازه له‌و باره‌یه‌وه، به تایبه‌تیش پاش تهبهناكردنی ژماره‌یه‌ك پێشنیار‌و پڕۆژه‌ی چاكسازی له لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان، كه دیارترینیان پڕۆژه‌ی خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاستی گه‌وره بوو، ئه‌و گرووپه پێیان وایه ئه‌و ڕیفۆرمه‌ی له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێت و سه‌پێنراوه، لاسایی كردنه‌وه‌ی خۆرئاوایه، له سه‌رووی هه‌موشیانه‌وه ڕیفۆرمهكهی ئه‌مریكا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، كه ئامانجی ته‌نیا به‌ده‌ستهێنانی ئه‌جێندای شاراوه و به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیه‌تی، یان به زمانێكی تر، به بۆچوونی ئه‌و گروپه، ئه‌و ڕیفۆرمه‌ی خۆرئاوا بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كات، به‌ڕووكه‌ش میهره‌بانه و له‌ناواخندا شتێكی تره، بۆیه گومان و ترس و هه‌ڵوێست و ڕه‌تكردنه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌و گروپه‌وه به‌دی ده‌كرێت، كه باوه‌ڕیان وایه ڕیفۆرمکردن ته‌نیا كاروباری ناوخۆییه و نابێت كه‌س ده‌ست بخاته ناوی، بۆ نمونه: دیموكراسیی به زه‌بری هێز، یان له ده‌ره‌وه ناسه‌پێنرێت، هه‌ر شتێك له ده‌ره‌وه بێت گومان هه‌یه له ڕاستگۆیی و پاڵنه‌ره‌كانی.
ڕیفۆرم و گۆڕانكارییەکانی جیهان
ڕیفۆرم ئه‌گه‌ر وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ك بێت بۆ داواكاریه‌كانی گه‌ل، مانای په‌یڕه‌وكردنی مافێكی شه‌رعیه بۆ نه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی سه‌رچاوه‌ی ده‌سه‌ڵاته و دواجاریش گوزارشت له سه‌رچاوه‌ی شه‌رعییه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی سیاسی بۆ وڵات ده‌كات، نه‌ك ته‌نیا ویستێك بێت، به‌ڵكو پێویستییەکی ههنوكەییه بۆ ڕزگاركردنی هه‌رچی شایسته‌ی ڕزگاركردنه، بۆیه پێویسته ئاماژه به‌وه بكه‌ین، كه ڕیفۆرم له كاتی ئێستادا بۆته باس و خواسێكی گه‌رم، به تایبه‌تیش له سایه‌ی ئه‌و بارودۆخ و گۆڕانكاریانه‌ی جیهان به خۆیانه‌وه ده‌یانبینی له هه‌ردوو ده‌یه‌ی ڕابردوو، كه دیارترینیان:
١-كۆتایی هاتنی جه‌نگی سارد، خۆ جیاكردنه‌وه‌ی تاكلایه‌نه‌ی ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌ژمونداری به‌سه‌ر سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی.
٢- به‌رپابوونی شۆڕشی دیموكراسی له زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان، چونكه دیموكراسیی بۆته تاكه سیستمی په‌سه‌ندكراو بۆ حوكم كردن له جیهاندا، یان ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت: Democracy Became the Only Game in Town.
٣- جیهانگیری، ئه‌و مه‌ترسی و ئاڵنگاریه سیاسی، ئابووریی، كەلتوریهی پێی ناسراوه.
٤- واقیعی ئێستای چه‌ندین وڵات به‌هۆی قه‌یرانه جۆراوجۆره‌كان، كه ڕووبه‌ڕووی نا هاوسه‌نگی سیاسی، كەلتوریی و ئابووریی و كۆمه‌ڵایه‌تی بوونه‌ته‌وه و هیچ بوارێك نه‌ماوه، جگه له ئه‌نجامدانی ڕیفۆرمێكی ڕاسته‌قینه و سه‌رتاسه‌ری.
٥- بڵاوبونه‌وه‌ی تیرۆر و توندڕه‌وی به هه‌موو شێوه جیاوازه‌كان.
چه‌مكی ڕیفۆرم
وشه‌ی چاكسازی ــ ڕیفۆرم، وشه‌یه‌كی تازه نییه له فیكری سیاسی، پێش ئه‌وه‌ی چه‌مكی ڕیفۆرم ببێته چه‌مكێكی ئاڵۆگۆڕپێكراو و سه‌ربه‌خۆ له‌ناو ئه‌ده‌بیاته سیاسییه نوێیه‌كاندا، به‌و پێیه‌ی زۆرجار ڕه‌هه‌ند و ناوه‌ڕۆكه سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی له‌ناو زۆرێك له چه‌مكه به‌ربڵاوه‌كان به‌دی ده‌كرێت وه‌ك: گه‌شه‌ی سیاسی، یان نوێبونه‌وه، یان گۆڕانی سیاسی، یان گۆڕین، هه‌موو ئه‌و چه‌مكانه‌ش په‌یوه‌ستن به جیهانی سێیه‌م و وڵاتانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، له لایه‌كی تریشه‌وه، چه‌ندین پێناسه‌ی وردتر و ڕوونترمان هه‌یه، كه‌چی له‌گەڵ ئه‌وه‌شدا تا ئێستا ناڕوونییه‌ك ده‌وری چه‌مكی ڕیفۆرمی داوه، به هۆی به ناو یه‌كداچوونی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك چه‌مكی كۆنتر، به‌ڵام لێره‌دا ده‌توانین چه‌مكی ڕیفۆرم به‌و جۆره بناسێنین: (گۆڕین و هه‌مواركردنه‌وه‌ی دۆخێكی خراپ بۆ باشتر، به‌تایبه‌تی له موماره‌سه و ڕه‌فتاره‌كانی دامه‌رزاوه گه‌نده‌ڵه‌كان، ههژموندارهكان، كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوه‌كان، یان بۆ نه‌هێشتنی سته‌مكاری، یان بۆ ڕاست كردنه‌وه هه‌ڵه‌یه‌ك.)
ئه‌و ناساندنه پرسیارێك ده‌وروژێنێ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ئایا ڕیفۆرم ده‌بێته هۆی باشتركردنی دۆخێكی خراپ بۆ دۆخیكی باش؟ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره پرسیاره به‌نده به به‌ستنه‌وه‌ی ئایدیۆلۆژی بۆ مانای ئه‌و وه‌ڵامه، چونكه لایه‌نگرانی فیكری چەپگهرایی پێیان وایه، هه‌ر جۆره چاكسازی و گۆڕانكاریه‌ك، كه ڕه‌نگه له فیكری سه‌رمایه‌دا ڕووبدات، هیچ سوودێك یان به‌هایه‌كی نییه، چونكه به‌ته‌واوی ده‌سته‌وه‌ستانه له چاره‌سه‌ركردنی پێكدژیهكانی سیسته‌مه ناشیرینه‌كه‌ی سه‌رمایه‌داری و مه‌به‌ستیشی به‌رده‌وامبوونی ده‌سه‌ڵات و هه‌ژمونی چینی بورژواز نییه به‌سه‌ر چینی كرێكاری و به‌كارهێنانی، به‌مه‌ش وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی بریتیه له دواخستنی به‌رپابونی شۆڕشی چینی ڕه‌نجده‌ر بۆ سه‌ر سیستمی سه‌رمایه‌داری، چونكه شۆڕش تاكه چاره‌سه‌ری كێشه سیاسیی، ئابووریی، كۆمه‌ڵایه‌تییەکان، كه سیستمی سه‌رمایه‌داری به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێ.
پرسیارێكی تریش دێته پێشه‌وه له‌و بواره‌دا ئایا مه‌ودای، یان قه‌باره‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و گۆڕانگاریانه چه‌نده، به شێوه‌یه‌ك كه بكه‌وێته ناو چه‌مكی ڕیفۆرم؟ چونكه هه‌ندێك جار له‌وانه‌یه هه‌ر گۆڕانكاریه‌كی كه‌م، یان ڕواڵه‌تی، یان بۆ جوانكردن له دامه‌زراوه‌یه‌كی دیاریكراو، یان له سیاسه‌تێكدا بکرێت، له‌و سۆنگه‌یه‌ی كه ئه‌و جۆره گۆڕانكاریانه لابه‌لا و ساده و ڕواڵه‌تیانه به‌ها و مه‌به‌ستیی خۆیان هه‌یه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی له پشته‌وەی ئه‌و گۆڕانكاریانهن، چونكه ڕیفۆرمی به‌ش به‌شی و ڕواڵه‌تی، كه له هه‌ندێك وڵاتی دەکرێت، وه‌ك هه‌ڵبژاردنێكی رواڵه‌تی، یان پێكهێنانی ئهنجومهكانی گه‌ل، یان ئه‌نجامدانی دیالۆگکردن له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له گروپه‌كانی ئۆپۆزسیۆن، یان لابردنی دروشمه‌كانی بۆ شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه به‌رز ده‌كرێنه‌وه، یان بۆ گه‌شه‌ی سیاسی و چه‌ند هه‌وڵێكی تریش بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه، دواجاریش قه‌تیس كردنیان و له‌باربردنیان، ئه‌مانه چاكسازی(ڕیفۆرم)ی بێ ناوهڕۆك و بێ به‌رنامه‌ن، بۆیه ناكه‌ونه به‌ر چه‌مكی ڕیفۆرم یان گۆڕانكاری، هه‌ر گۆڕانكاریه‌كی ڕاسته‌قینه، واته: بازدان له دۆخێكه‌وه بۆ دۆخێكی ته‌واو پێچه‌وانه‌تر. دواجار هه‌ر گۆڕانكاریه‌كی سنووردار، یان ڕواڵه‌تی و كاریگه‌ر، ناتوانێت بچێته ناو چوارچێوه‌ی چه‌مكی ڕیفۆرم، چونكه پێویستی به روودانی گۆڕانكاری ڕیشه‌یی قووڵ و سه‌رتاسه‌ر و دوورمه‌ودا هه‌یه.
مەرجەکانی ریفۆرم
به‌كورتی: هه‌ر گۆڕانكاریه‌ك بۆ دۆخێك لهدۆخهكان، پێویسته، مه‌رج، یان بارودۆخی له‌م شێوه‌یه‌ی تێدا به‌دی بكریت:
١-دۆخێكی دژوار بێت و پێویستی به چاكسازی، یان ده‌ردێك بێت و پێویستی به ده‌رمان هه‌بێت، چونكه له ژێر ڕۆشنایی نه‌بونی دۆخێكی دژوار، هیچ پاساوێك نییه بۆ چاكسازی، له‌به‌رئه‌وه‌ی ڕه‌نگه بۆشاییه‌كه له‌به‌رنه‌بونی دادپه‌روه‌ری، یان ئازادیی، یان بڵاوبونه‌وه‌ی هه‌ژاریی، یان نه‌خۆشی و نا سه‌قامگیری بێت، چونكه ده‌ست نیشانكردنی ده‌رده‌كه، وا ده‌كات ده‌رمانی گونجاو بۆ چاره‌سه‌ركردنی بدۆزرێته‌وه.
٢-گۆڕانكاری له پێناو باشتربوون، به‌مه‌ش ئازادی جێگه‌ی سته‌مكاری و دادپه‌روه‌ری جێگه‌ی سته‌م و ئاسایش له جێگه‌ی ترس، فێربوون له جێگه‌ی نه‌خوێنده‌واری، یان سه‌قامگیری له‌بری فه‌وزا بێت.
٣-گۆڕانكارییه‌كه سیفه‌تی به‌رده‌وامبونی هه‌بێت و پاشه‌كشه‌ی لێ نه‌كرێت، چونكه ئه‌و گۆڕانكارییه كاتیانه‌ی هه‌ر زوو پاشه‌كشه‌یان لێده‌كرێت، به ڕیفۆرمێكی ڕاسته‌قینه هه‌ژمار ناكرێن، دواجار سیستمێكی هه‌ژموندار ده‌كاته سیستمێكی دیموكرات لاواز و هه‌ر زوو له‌بارده‌چێت.
بۆ نموونه: هه‌ندێك سیسته‌می سیاسی ده‌ست ده‌كه‌ن به هه‌نگاوی دیموكراسی، كه خۆی له ئازادی رۆژنامه‌وانی، یان ڕێگه‌دان به پێكهێنانی ڕێكخراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌لایه‌ن حزب و سه‌ندیكاكان دەبینێتەوە، پاش ئه‌وه‌ش ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی دیموكراسی بۆ ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی، یان په‌رله‌مان، دواتر ئه‌و سیستمانه بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌و دامه‌زراوانه، ده‌سه‌ڵاتداران بێزار ده‌كه‌ن و سنور بۆ ستهمكاریهكانیان داده‌نێن، به‌مه‌ش پاشگه‌ز ده‌بێته‌وه له‌و هه‌نگاوانه به سه‌پاندنی یاسای عورفی و هه‌مواركردنی ده‌ستوور و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان و سه‌پاندنی چاودێری به‌سه‌ر رۆژنامه‌وانی، هه‌روه‌ها جووڵه‌ی دامه‌زراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی سست ده‌كات، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تا خۆی بانگه‌شه‌ی بۆ ڕیفۆرم كردووه، كه‌چی هه‌ر خۆی چه‌ند ڕێكار و كرده‌وه‌یه‌ك دەکات، كه دواجار دژی ڕیفۆرمه.