ئاوڕێک لە دیاردەی کارکردنی منداڵان
نەرمین عوسمان-نووسەر
کیژێکی قشتی قژ ئاڵۆزکاو، تەمەن هەشت نۆ ساڵ، لەبەر تیشکی خۆرەکەدا دوو بوتڵ ئاوی ساردی لە تەشتێکی پڕ لە بەفر و ئاودا هەڵدەگرت و بەرەو ئۆتۆمبێلێک ڕای دەکرد، بەو هیوایەی جامی ئۆتۆمبێلەکە بهێننە خوارەوە و لێی بکڕن، لە نزیکییەوە کوڕێکی کەمێک گەورەتر، سندووقێکی بۆیاخ لە بەردەمیدا و سەیری پێڵاوی پیادەکانی دەکرد، بەڵکو یەکێک پێڵاوەکانی بۆیاخ بکات.
هەر لە فولکەی خوارتر، کوڕێکی تەمەن ١٥ – ١٧ ساڵان، پەڕۆیەکی بەدەستەوەیە و جامی ئۆتۆمبێلێک دەسڕێت، چاوی لەوەیە بە لالووتێکەوە کاغەزێکی کەمبەهای پێ بدەن، یان وەک هەندێک بۆی فڕێ بدەن.
دوور لەمانە، لەسەر گوفک "سەرانگوێلک"ی زبڵ و شوێنی خاشاک دەیان منداڵی کچ و کوڕ کیسەیان بە دەستەوەیە و کەلوپەلە فڕێدراوە کەمبەهاکان کۆدەکەنەوە، لەم دیاردانە و دەیان جۆری تر لەسەر شەقام و فولکەکان، ناوبازاڕ و مۆڵەکان، پارک و شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان بەرچاومان دەکەون و رۆژ بە رۆژیش ژمارەیان بەرەو هەڵکشان دەچێت.
بەپێی راپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە ١٦٠ ملیۆن منداڵ کار دەکەن و لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا ٨.٤ ملیۆن منداڵی کرێکار زیادیان کردووە. هەروەها بەپێی راپۆرتی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، لە عیراق رێژەی ئەو منداڵانەی کار دەکەن، ٩٠٠ هەزار منداڵی تێپەڕاندووە.
دیاردەی کارکردنی منداڵان، بەگشتی دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە رووی دەروونی، کۆمەڵایەتی، جەستەیی و هزرییەوە کاریگەریی قووڵ و وێرانکەر لەسەر تاک و خێزان جێ دەهێڵێت و دواتریش رەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر کۆمەڵگە دەبێت.
هۆکارەکانی کارکردنی منداڵان
هۆکار زۆرە بۆ کارکردنی منداڵ، گرنگترینیان بریتییە لە:
*وازهێنان لە خوێندن، کە بەهۆی هەژارییەوە، یاخود بەهۆی گرنگی نەدان و بێبەهاکردنی خوێندنەوە ڕێژەکەی بەرزدەبێتەوە.
*هەژاری و کەمدەرامەتی، کە وا مەزەندە دەکرێت یەک لەسەر سێی منداڵان لەبەر ئەو هۆکارەیە کار دەکەن.
*کێشەی پچڕانی شیرازەی خێزان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە و نەبوونی پەروەردەیەکی تەندروست.
*کەمیی ئاستی هۆشیاریی تاک و کۆمەڵگە بەگشتی.
*نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی، یاخود کەمتەخەمی لە جێبەجێکردنیدا.
*ئاوارەبوون و زیادبوونی کۆچ لە لادێوە بەرەو شار.
*شەڕ و ململانێ چەکدارییەکان.
*کارەساتی سروشتیی وەک وشکەساڵی و چەندین هۆکاری تر.
رێژەی کارکردنی منداڵان، بەپێی تەمەن، ناوچە و دیمۆگرافیا جیاوازییان هەیە، لەگەڵ ئەوەش، ڕێژەی منداڵی کرێکاری کوڕ لە کچ زیاترن، هەروەها منداڵی تەمەن ١٥-١٧ ساڵان زیاترن لە ١٢ – ١٤ ساڵان و ئەمانیش زیاترن لە ٥ – ٦ ساڵان.
کارە قەدەغەکراوەکان
یاسای نێودەوڵەتی سێ جۆر کاری منداڵانی قەدەغە کردووە و بە خراپترین بوارەکانی کاری منداڵانی داناون، یەکەمیان: لەشفرۆشی و بەکارهێنانیان بۆ سێکس و پۆرنۆگراف بە هەموو جۆرەکانییەوە و بازرگانیکردن پێیانەوە، ئەم جۆرە بازرگانییە بە سێیەم بازرگانی دادەنرێت لە ڕووی داهاتەوە دوای فرۆشتنی چەک و مادە هۆشبەرەکان، جۆری دووەم: ئەو کارانەن کە بە منداڵی خوار تەمەن هەشت ساڵ دەکرێن و لە ئەنجامدا دەبێتە ڕێگر لە خوێندن و گەشەکردنیان. جۆری سێیەم: ئەو کارانەن کە مەترسی لەسەر تەندروستی و جەستە و هزر و ڕەوشتی منداڵ دروست دەکەن، جا بەهۆی سروشتی کارەکەوە بێت، یاخود ئەو ژینگە و بارودۆخەی کە کاری تێدا دەکەن.
لەناو منداڵانی کرێکاردا، کچان زیاتر قوربانین و تووشی دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی دەبنەوە، بەشی زۆریان رووبەڕووی گێچەڵی سێکسی و تەنگپێهەڵچنین دەبنەوە لەلایەن کەسە دەروون نەخۆشەکانەوە، ئەمەش کاریگەریی توندتر و مەترسیدارترە و زۆربەی جار کاردانەوەی قورس لەسەر جەستە و دەروون و هۆشیاریی منداڵەکە جێ دەهێڵێت، ئەمە جگە لەوەی لە رووی کۆمەڵایەتی و خێزانیشەوە گرفتی قووڵی بۆ دروست دەکات.
کەمکردنەوەی دیاردەی کارکردن
دەکرێت بە چەند ڕێکارێک ئەم دیاردەیە کەم بکرێتەوە لەوانە:
*پیادەکردنی خوێندنی زۆرەملێ و بەدواداچوونی جدیی بۆ هەر منداڵێک لەلایەن دامەزراوە پەیوەندیدارەکانەوە.
*بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی کاری منداڵان لە هەموو ڕوویەکەوە، چ لەڕێی خوێندنگەکانەوە، یاخود لەڕێی میدیاکانەوە بێت.
*هەماهەنگی لە نێوان رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ناحکومییە لۆکاڵییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت لە رێگەی دانانی پلان و چارەسەرەوە.
*هاوکاریکردنی خێزانە هەژارەکان و فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە و گونجاو بۆیان.
*داواکردنی هاوکاریی لۆجستی و مادیی لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەک رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.
*جێبەجێکردنی یاسای کار و چاودێریی چڕ و چاوپۆشی نەکردن.
*بەرپاکردنی هەڵمەتێکی نیشتمانیی سەرتاسەریی سەبارەت بە مافەکانی منداڵ، گرنگیی خوێندن و تیشکخستنە سەر بایەخی جێبەجێکردنی یاسای کار کە لە پەرلەمانی عیراق بە ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠١٥ دەرچووە.
کەمکردنەوەی دیاردەی کارکردنی منداڵان پێویستیی بە هەڵمەتی نیشتمانییە