ئاهێک بۆ گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین
ڕەنگین مەلا سەمەد- نووسەرو ڕۆژنامەنووس

زۆر قوورسە ژن بیت و لەسەر چۆنییەتی مردنی ژنانی دیکە بنووسیت، مردنی دوو ژنی ڕۆژنامەنووسی کورد لەپێناو گەیاندنی دەنگی ئازاددا، وایلێکردم نیگەرانیی و داخی دڵم هەڵڕێژم.
گەرەنتیی چییە مردنی ژنانی دیکەش هاوشێوەی ئەو دوو ڕۆژنامەنووسە نەبێت؟
٢٣ـى مانگی ئابی هەموو ساڵێک ڕۆژێکی ڕەش و بەئازارە بۆ ئێمەی ژن، بەتایبەتتریش بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووس و لەکەیەکی ڕەشیشە بەنێوچەوانی دەسەڵاتی فاشیست و گەندەڵەوە، خورپە و ڕاچڵەکانی دڵەکانە بەوەی "ڕاستیی و ڕاستگۆی و بەرپرسیارییەتی و ڕەوشت و ئازادی ڕادەربڕین"ی لێ قەتیس و زەوت دەکرێت.
لە ساڵیادی تیرۆر و شەهیدبوونی هەردوو ژنی ڕۆژنامەنووس "گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین" کە بە دەستی چەپەڵی دەسەڵاتی فاشیست لەڕێی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە و لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان تێرۆرکران، سەری ڕێز و نەوازش بۆ ڕۆحی پیرۆزیان دادەنەوێنین، ئەوان نموونەی قوربانیدانن بۆ بەردەوامبوونی ژنان لە خەبات و تێکۆشانیان، لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و سەرکەوتن بەسەریاندا، ئەوان بوونە قوربانیی بۆ پاراستن و بەرزکردنەوەی درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی".
ئێمەی ژنانی ڕۆژنامەنووس شانازیی بە شەهیدبوونی ئەو دوو ژنەوە دەکەین، چونکە ئەوان سەلماندیان گەیاندنی دەنگی ئازاد بوێریی دەوێت، دەربڕینی ڕاستیی قوربانیی دەوێت، بە ڕەوشتەوە کارکردن ویژدانی دەوێت، ئەوان نموونەی قووربانیی ڕێگای هەقن، سیمبوولن بۆ درێژەدان بە ڕێگەی خەبات و تێکۆشان لە پێناو هەڵبڕینی دەنگی ئازا و ئازادی ژنان.
هەڵبژاردنی ڕێگەی ڕاستیی باجی دەوێت، ویژدانە زیندووەکان دەکەونە مەترسییەوە، قەڵەمە بوێرەکان ترسی شکان و لەناوچوونیان دەکەوێتەسەر، ئازادییەکان سنووردار دەکرێن، بڕینی ڕێگاکان ماندووبوونی زیاتریان دەوێت، گوێی جیهان بۆ بیستن و ڕووانینی تاوانە نامرۆییەکان کەڕ دەکرێت.
هەمووکات کوشتنی ژنان ئامانجی سەرەکیی حکومەت و دەسەڵات بووە، پێویستە ژنان لەوە هۆشیارتربن بەرامبەر بەم ئامانجە نالەبارو نەخوازراوە، ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ژنان خاوەن هێز و ئیرادە و بڕیارێکی هاوبەش و یەکگرتووبن لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە ژنان.
"گوڵستان تاراو هێرۆ بەهادین" تا هەتایە ناویان له مێژوودا بە پاکیی دەمێنێتەوە، ئەوان بەڵگەن بۆ بوونی ڕای ئازاد، ڕاستیی، نەشاردنەوەی هەقیقەت، دادپەروەریی پیشەیی و ئەخلاقییەتی میدیایی، تێرۆرکردنی ژنان لەلایەن دەستی چەپەڵەوە ناتوانێت ڕێگە لە بەردەوامیی و بەرەوپێشچوونەکانی ژنان بگرێت، هێز و ئیرادە و هزری ژنان بەهێزە، پیلانە نامرۆییەکان هیچ کاتێک ناتوانن سەری بەرز و بڵندی ژنان نەوی بکەن و کۆڵیان پێ بدەن.