ڕوواڵەتی مۆدێرن و ناوەرۆکی عەشیرەتگەری لە کۆمەڵگەی کوردیدا
مژدە عەلی- نووسەرو مامۆستا
دوانەیی نێوان ڕوواڵەت و ناوەرۆک یەکێکە لە کۆنترین و قووڵترین کێشمەکێشە فەلسەفی و کۆمەڵایەتییەکان کە پێکهاتەی دەروونی و کولتووریی مرۆڤی پێ پێناسە دەکرێت. لە جیهانی هاوچەرخی ئێمەدا، ئەم کێشەیە تەنها گەنگەشەیەکی تیۆری نییە، بەڵکو گۆڕاوە بۆ دیاردەیەکی بەرجەستە کە تەواوی کایەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی داگیرکردووە.
کۆمەڵگەی کوردی، بەهۆی خێرایی پرۆسەی گواستنەوەی لە ژیانی نەریتییەوە بۆ ناو جیهانی مۆدێرن و تەکنەلۆجیا، خۆی لە بەردەم لێشاوێک لە فۆرم و ئامرازی نوێدا بینیوەتەوە، بەبێ ئەوەی دەرفەتی پێویستی هەبووبێت بۆ سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوە و قووڵبوونەوە لە ناوەرۆک و جەوهەری ئەو گۆڕانکارییانە.
ئەم دۆخە جۆرێک لە شەقبوونی ناوەخۆیی واتە دووفاقی لە ڕەفتار و هۆشیاریی تاکی کوردیدا دروستکردووە؛ بە شێوەیەک کە لەسەر ئاستی دەرەوە و شێوازی ژیان، پێشوازی لە نوێگەری دەکات، بەڵام لە ناخ و پێکهاتەی فیکرییدا، هێشتا لە ژێر کاریگەریی بەها نەریتی و خێڵەکییە کۆنەکاندایە. بيگومان لێکۆڵینەوە لەم بابەتە، دەروازەیەکە بۆ تێگەیشتن لەو قەیرانە ناسنامەیی و ئەخلاقییانەی کە ئەمڕۆ لە کایەکانی سیاسەت، ئایین، ئەدەب و پەیوەندییە مرۆییەکاندا لە کۆمەڵگەکەماندا دەبینرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵێکە بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی مانا قووڵەکان و هاوشانبوون لەگەڵ سەردەمدا.
یەکێک لە دیارترین ڕەنگدانەوەکانی ئەم بابەتە، چۆنیەتی مامەڵەکردنی کۆمەڵگەیە لەگەڵ مۆدێرنیتەدا. کۆمەڵگەی کوردی لەسەر ئاستی ڕوواڵەت بە خێراییەکی زۆر ئامرازەکانی تەکنەلۆجیا، تەلارسازی هاوچەرخ، مۆدێلەکانی جلوبەرگ و شێوازی ژیانی ڕۆژئاوایی وەرگرتووە؛ بەڵام لەسەر ئاستی ناوەرۆک (سیستمی بیرکردنەوە، بەها کۆمەڵایەتییەکان، وێناکردنی دەسەڵات و پەیوەندییە خێزانییەکان)، هێشتا زۆرێک لە نەریتە کۆنەکان، عەقڵییەتی عەشاریەتی و خێڵەکی باڵادەستن. ئەمەش جۆرێک لە شۆکی کولتووری ناوەخۆیی و دووفاقی کۆمەڵایەتی بەرهەم هێناوە. هەروەها شۆناسی نەتەوەیی لە نێوان دروشم و پرۆژەی فیکریدا بوە هەمیشە چونکە لە بواری سیاسەت و ناسنامەی نەتەوەییدا، زۆرجار ڕوواڵەت بەسەر ناوەرۆکدا زاڵ دەبێت: مەبەست لەم دوو چونکەش کە بریتین لە ڕوواڵەت/ خۆی لە پیرۆزکردنی هێماکان، بەرزکردنەوەی دروشمە نەتەوەییە باقوبریقەکان، و گوتاری حەماسی پێناسە دەکات. ناوەرۆکیش/ کە بریتییە لە دامەزراندنی دەزگای نیشتمانی بەهێز، سەروەری یاسا، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، و پەرەپێدانی زانستی و کولتووری، زۆرجار پشتگوێ دەخرێت یان دەبێتە قوربانی بەرژەوەندییە کاتییەکان.
خاڵێکی تر ئایینداری و ئەخلاق تەکلیفە لەباتی تەشریف بەو واتایەیی لە ڕەهەندی ئاینی و ئەخلاقیدا، گۆڕانکارییەکی گەورە لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەبینرێت کە گرنگییەکی زۆر بە ڕوواڵەتی ئایینی جێبەجێکردنی ڕواڵەتی ڕێوڕەسمەکان، پۆشاک، شێوازی قسەکردن دەدرێت.
بەڵام ناوەرۆکی ئایینی و ئەخلاقی وەک دەستپاکی، پاراستنی مافی گشتی, هاوسۆزی، و دادپەروەری لە مامەڵەی ڕۆژانەدا زۆرجار دووچاری پاشەکشە دەبێت.
تاکی کوردی لە نێوان پاراستنی ناوبانگی کۆمەڵایەتی ڕوواڵەت و ویژدانی ڕاستەقینە ناوەرۆک دا، زۆرجار یەکەمیان هەڵدەبژێرێت. هەروەها ئەدەب و ڕۆشنبیری لە کلاسیزمەوە بۆ هاوچەرخ یەکێکی ترە لەو کێشمەکێشانەی لە مێژووی ئەدەبی کوردیشدا ئامادەگی هەیە. ئەگەر سەیری شاعیرانی کلاسیکی وەک مەحوی، نالی، یان حافیزی شیرازی بکەین، دەبینین ئەوان هەمیشە دژی زاهیدانی ڕوواڵەتپەرست و سۆفیانی بێ مانا وەستاونەتەوە. ئەوان داوای ناوەرۆکی قووڵ (عیشق، حەقیقەت، مەعریفە)یان کردووە لەباتی شێوەی دەرەوە. بەڵام لە ئێستادا، لە کایەی ڕۆشنبیری هاوچەرخی کوردیدا، زۆرجار لایەنی ناوبانگی میدیایی و دەرکەوتنی ڕوواڵەتیی نووسەر یان ڕووناکبیر قورسترە لەو بەرهەمە فیکرییە قووڵەی پێشکەشی دەکات.
هەڵبەتە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و چاو لێبەرابەری یەکێکی ترە لەو ئاڕاستانەی کە وای کردوە کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی بینراوە بیت واتە حوکمی کۆمەڵگە لەسەر تاک لەسەر بنەمای ئەوەیە کە چی لێ دەبینرێت.
دیاردەی چاو لێبەرابەری، ئاهەنگە گەورە و پڕ لە خەرجییەکانی هاوسەرگیری، کڕینی ئۆتۆمبێل و خانووی گرانبەها تەنانەت لەسەر حیسابی قەرزاری و باری دارایی خراپیش، هەموویان نیشانەی باڵادەستی ڕوواڵەتن بەسەر ناوەرۆکی ئارامی و بەختەوەری ڕاستەقینەی خێزاندا.
کەواتە وەک دەرئەنجامێک بە کورتی. ئەوە دينمە نوسین کە : کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا لە قۆناغی تێپەڕبووندایە ڕوواڵەت بووەتە ئامرازێکی خێرا بۆ شاردنەوەی ئەو بۆشاییە فیکری و دەروونییەی کە بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانەوە دروست بووە.
ڕزگاربوونی کۆمەڵگە لەم دووفاقییە، پێویستی بە جەختکردنەوەی دووبارە هەیە لەسەر پەرەپێدانی ناوەرۆک؛ واتە پەروەردەی ڕەخنەیی، گرنگیدان بە کواڵێتی مرۆڤ، زانست، و قووڵبوونەوە لە بەها فەلسەفی و مرۆییەکان لەباتی تەنها گۆڕینی فۆرمی دەرەوە.