وێنەی كاندیدەكان و كۆتایی هەڵبژاردن
ڕێزان شێخ دلێر – پەرلەمانتاری پێشووی عێراق
پێش دامەزراوە حوكومییەكان، ڕووی نووسینەكەم دەكەمە، لایەنە بەشداربووەکان، كاندیدە بەڕێزەكان، پاشان پارێزگاری سلێمانی و شارەوانی سلێمانی، دوای هەڵبژرادن كەی؟ وێنەی كاندیدە بەڕێزەكان و دروشمەكان لەسەر شەقام و شوێنە گشتییەكان نامێت، بە چ میكانیزمێك سیمای شار و ڕێگاكان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆیان؟
لەوانەیە هەركاندیدێك، هەر هێز و لایەنێكی بەشداربووی هەڵبژاردن هەمیشە لەسەرەتای چوونە ناو پرۆسەكەوە، بە حەماسەتێكەوە دەست بكەن بە بڵاوكردنەوەی وێنەكان و بانگەشەكردن (ئەمە مافێكی لایەن و كاندیدی بەشداربوی هەڵبژاردنە.) بەڵام هەمیشە پاش هەڵبژاردن، تەمەڵییەك، یان بێباكییەك ڕوودەدات لە لابردنی وێنە و دروشمەكان! مادام كۆتایی بە پرۆسەكە هاتووە، حەقە هەستكردن بە بەرپرسیارێتی بۆ گەڕانەوەی سیمای شەقام و شوێنە گشتییەكان بۆ دۆخی پێش هەڵبژاردن، خەمی یەكەمی هێزەكان و كاندیدەكان بێت.
بۆیە هەریەكەمان لە شوێنی خۆیەوە ئەشێت داوا بكات، چۆن حەماسەتی هەڵواسینی وێنە و دروشمەكان لەسەرەتادا دێتە ئاراوە، بەهەمان حەماسەتیشەوە داگرتنی وێنە و پۆستەرەكان پێویستە هەبێت. وەك گریمانە، لەوانەیە بەشێك لە كاندیدە دەرنەچووەكان دۆخێكی سایكۆلۆژییان بۆ بێتە ئاراوە گرنگی بە لابردنی وێنەكانیان نەدەن، بەڵام هێزە براوەكان، كە خاوەنی بەشێكی زۆری دامەزراوەكانی حکومەتیشن، حەقە بەر لەهەمووان بیر لەوە بكەنەوە ئیدی كاتی ئەوەیە شار_شەقامەكان_ ڕێگا و دیوارەكان، وێنە و دروشمەكانیان لەسەر لاببرێت و چیتر هاوڵاتییان مەحكوم نەبن بە تەماشاكردنی ئەو هەموو سیمایەی، كە مانگێكە بە بۆنەی هەڵبژاردنەوە لەپێش چاویانن.
هەر لەم نووسینەدا بە بیانووی داواكردنی لابردنی وێنە و دروشمەكان، سەرنجێكی كورت لەسەر كۆی پرۆسەكە دەدەم.
بە پێی چاودێرە بیانی و ناوخۆییەكان، ئەم هەڵبژاردنە كەمترین _ساختەكاری_ی تێداكراوە.(ئەمە بۆچوونی چاودێرەكانە.) بە یەكێك لە هەڵبژاردنە باشەكانی ناو عێراق تەماشا دەكرێت. ئەشێت ئەمە پەیوەندی بە كۆمەڵێك خاڵەوە هەبێت.
خاڵی یەكەم: سیستەمی دەنگدانەكە بەهۆی ئامێرەكانەوە كە بۆ شای کەمتربوو بۆ شێواندنی ئەنجامەكان.
خاڵی دووهەم: كەمی بەشداربوون لە دەنگداندا هۆیەكی دیكە بوو، تا هێزە بەشداربووەکان فشاری زۆر نەخەنە سەر بنكەكانی دەنگدان.
خاڵی سێهەم: ئیدی سیستەمی سیاسیی عێراق گەشتبوییە ئاستێك، بەهەر ڕوودانی ساختەكاری گەورە لەم هەڵبژاردنەدا، كێشەی زۆر گەورەی ناوخۆیی بۆ دروست دەبوو.
لە دیوی كەمی بەشداربواندا، چۆن هێزە سیاسییەكان دەڵێن:" هاوڵاتی مافی ئەوەی هەیە دەنگ بدات." لەبەرامبەریشدا هاوڵاتی هەمان ڕستە پێچەوانە دەكاتەوە و دەڵێت:" هەرچۆن هاوڵاتی مافی ئەوەی هەیە دەنگ بدات، مافییەتی دەنگیش نەدا." ئەم مافە كەوتوەتە سەر هوشیاریی و بۆچوونی هاوڵاتییەكە، چ لەوەی بەكاری بهێنێت بۆ دەنگدان، چ لەوەی بەكاری نەهێنێت و دەنگ نەدا. ئەوەی سەرنجی زۆرێك لە چاودێرەكانی ڕاكێشاوە، زۆرینەی هاوڵاتییانی _عێراق_ نائومێدن لە سیستەمی دەسەڵاتەكە و ئامادەنەبوون بەژداری بكەن. (لەوانەیە بۆ كابینەی نوێ كۆمەڵێك لەمپەر لە شەقامی عێراقیدا دروست بن بۆی، چونكە زۆرینە سیستەمی دەسەڵاتەكەیان ڕەدكردەوەتەوە.)
بە كۆی تێبینیەكانەوە لەسەر پرۆسەكە، ئێستا هەڵبژاردن كۆتایی هات، لایەنەكان بە براوە و دۆڕاوەوە پێویستە لە دۆخی پەتای هەڵبژاردن بێنە دەرەوە. كورد پێگە سیاسییەكەی خۆی وەك كورسی لەشوێنی خۆی مایەوە، ئەو ململانێیانەی لەناوخۆدا هەبوو بۆ بردنەوەی كورسی، لە پاش دەرخستنی ئەنجامە بەراییەكانەوە لای كارەكتەرە سیاسییە هوشیارەكان كۆتایی هاتووە، پرسیاری ئێستا ئەوەیە: ئەمجارە كورد لە عێراقدا پرسەكەی خۆی چۆن هەڵدەسەنگێنێت و نوێنەرەكانی هەڵگری چ پڕۆژەیەكن بۆ بەرگریكردن لەم پرسە؟ چی دەهێننەوە بۆ هەرێم و خەڵكەكەی؟
پاشان هێزە سیاسییەكان بۆ وەڵامی پرسیاری: كەمی بەشداربوون لە هەڵبژاردندا، چ میكانیزمێك دەگرنە بەر تا متمانە و ئومێد بگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتییان و لە هەڵبژاردنی ئایندەدا بەژداری بكەن؟ لە ڕووی سیمای شاریشەوە، كێ ئەو پۆستەر و دروشمانە لادەبات و بەڕێز پارێزگاری سلێمانی و شارەوانی سلێمانی چۆن كاردەكەن بۆ لابردنیان؟