چریکەی ئازادی بۆ ساکینە
سنور گەلاوێژ
"ئەم شەوە، ناڵەی شەو و شینی شمشاڵە
ئەم شەوە، گەریلا تاسەی تۆی کردووە
بەڵام..... بەڵام"
وشەکانی ئەم گۆرانییە هەر وەک سیاچەمانەیە؛ ڕابردوو، ئێستا، داهاتوو لەناو خۆیدا کۆدەکاتەوە. لە ڕاستیدا وەک ناخی کیژە قژ سوورەکەی دێرسیمە کە ناوی سارایە.....
سارا شەپۆلی دڵی ماندوو نەناسان و ڕێبوارانی ڕێگای ئازادی بوو
بوو بە شلێر، بوو بە کەژاڵ لە سەر دوورگەی ئیمراڵی.....
لەو شەوە و بە دوا، بوو بە کڵپەی ئاگر
بوو بە هەراس لە دڵی نامەرد، خائین و زلهێزەکاندا... وایە هەر بۆیە تا ئێستاش دڵیان قرچە قرچ دەکات.
سارا لەو شەوەوە بوو بە ووشەیەکی زۆر نازدار بە ناوی شەهید...
ئەی شەهید، ئەی مانگ و ئەستێرەی ئاسمانی نیشتمانەکەم، تۆ بووی بە چرکەی چیرۆکی ئازادی لە گوێی منداڵاندا، تۆ بووی بە وزەی " ژن، ژیان، ئازادی" لە تەواوی فێرگەکانی ژیاندا.
تۆ بووی بە ئاسۆیەک بۆ ئاگری ژنانی دەست لە هەوا...
بووی بە گزنگی خۆر لەسەر فرمێسکی دەم و چاوی دایکەکانی دێرسیم
دێرسیم لەو شەوەوە بوو بە میوانی مونزوور، داڵاهۆ، زیلان، هەڵەبجە، ئەنفال، ئاگری و قامشلۆ....
بە وزەی "یاخزر" ڕازی گەلاوێژیان کرد
سارا ڕۆحت شاد ئەی شەهید... سارا ڕۆحت شاد
تۆ بووی بە چرۆ... بووی بە بزەی پێکەنین لەسەر لێوی خۆر هەتاوی کوردستاندا....
لە قاموسی ژیانت کە هەموو سات و کاتەکانت بە شەڕ ژیایت...ژیانە هەمیشە تێکۆشانەکەت تۆی نەمر کرد، لە حەقیقەتدا شەهید نامرێت... تۆ دووبارە زیندوو بوویتەوە.