تورکیا و پەکەکە لە نێوان عێراق و پارتی

لاڤە کوردە - ڕۆژنامەوان

 

تورکیا و پەکەکە لە نێوان عێراق و پارتی

وەک ئاشکرایە سوپای تورکیا لەشکرکێشی کردووە و بە دەیان کیلۆمەتر کە لە ناو خاکی هەرێمدایە و شاخ و دۆڵی داگیر کردووە، بەوەشەوە ناوەستی بەردەوام هانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات کە لەگەڵیدا شەڕی دژی پارتی کریکارانی کوردستان پەکەکە بکەن، هەرچەندە چەندین جار عێراق و بەردەوام پارتی کەوتۆتە ژێربار بۆ ئەو شەڕە، بەڵام لە ئێستاوە و بە درێژایی ٢٠٢١ ئەو هاوکێشەیە یەکلا دەبێتەوە کە عیراق یاخود پارتی دەکەوێنە قوڵایی ململانێکەوە.

دواین هەوڵی تورکیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو سەردانی خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە بوو بۆ لای بەرپرسانی عیراق و هەرێم و کۆبوونەوەکانیان، کە تەوەری سەرەکی جەختکردنەوە بووە لە رێککەوتنی شنگال.

دوای ئەوەی خولوسی ئاکار لەگەڵ مەسرور بارزانی وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێم کۆبووەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە ڕاگەیەندراوێک وتی کە مەسرور بارزانی جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیەی لا گرنگە کە بە وتەی خۆیان بۆ دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکانە.

هەرچەندە سەردانەکەی وەزیری بەرگری تورکیا سەرەتا بۆ عێراق بوو بەڵام نیاز و پلانی وایە کە بە بێ ڕەزامەندی بەغدا شەڕەکە دەستپێبکات و تا نیوەی ئەمساڵ کۆتایی بە پەکەکە لە ناو هەرێم بهێنێت، عیراق ئامادەی ئەو جەنگە نییە و لای خۆیەوە ڕەتیکردوەتەوە بەڵام  پارتی  بۆ ئەم پلانەی تورکیا رەزامەندی دەربڕیوە و هاوشانی سوپاسی تورکیا شەڕی پەکەکە دەکات.

دوا بەدوای سەردانەکەی خولوسی ئاکار، وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە تویتێکدا قسەی وەزیری دانایەوە کە وتبووی "رێز لە یەکێتی و سەروەری و ئارامیی عێراق دەگرین. لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆرستیی پەکەکەدا هاوئاهەنگی و هاوکاری رۆڵی گرنگیان هەیە."، کەواتە تورکیا زۆر سورە لەسەر پلانەکەی و ڕەنگە لە ماوەی مانگی داهاتوو دەستپێبکات.

بەڵام چی ڕوودەدات؟ پەیوەندی هەرێم و ناوەند ئاڵۆزتر دەبێت چونکە عێراق ئامادە نییە سەروەری خاکەکەی بشکێندرێت، پەیوەندی حزبە کوردیەکانیش تیکدەچێت چونکە تەنها پارتییە شانبەشانی تورکیا دژایەتی پەکەکە دەکات و حزبەکانی تر و بە تایبەت یەکێتی لەگەڵ لێدان لە پەکەکە نین، ئەوکات پێشمەرگە ناچاری شەڕ دەکرێت و شەڕی گەریلای پێدەکرێت و دیسان قوربانی تر و کارەساتی تر دەهێنرێتە ناو خاکی هەرێم.

شەڕەکە دەکرێت، چونکە هیچ کات تورکیا ڕێگەی دیموکراسی و ئاشتیانەی نەویستووە و بەردەوام یەخەی هەرێمی گرتووە و ئەمجارەش کە ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی وەرگرتووە، بێشک بەوەوە ناوەستێ و پلانی تریشی دەبێت کە تەنها مەبەستیشی داگیرکارییە.

 

 

ت.پ