ته‌نها منداڵ بوون ژنێک ده‌کاته‌ دایکێکى راسته‌قینه‌؟

ڕوناک لازیانی- هونەرمەند و مامۆستا

 

په‌یڤێک هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ دایکایه‌تى قورسترین شته‌ به‌ڵام گه‌وره‌ترین شتیشه‌. ئه‌رستۆش ده‌ڵێ حه‌زو خولیای بون به‌دایک زۆر گه‌وره‌تره‌ له‌ حه‌زو خولیای بون به‌ باوک. ئێمه‌ش ده‌پرسین دایک کێیه‌؟ ئه‌ى دایکایه‌تى چییه‌؟ بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ى ئه‌م دوو پرسیاره‌ گه‌ڕانى زۆرمکرد له‌ ئه‌نته‌رنێتدا، زۆر لێکۆڵینه‌وه‌ و په‌رتوک‌و قسه‌ى ناوداران‌و وتارم خوێنده‌وه‌ که‌ قسه‌یان له‌سه‌ر دایک کردوه‌، که‌چى نه‌متوانى وته‌ى که‌سیان‌و شیکردنه‌وه‌ى که‌سیان لێره‌دا بنوسم. ئه‌و نوسینانه‌ هانیاندام خۆم وه‌ک دایکێک و هونه‌رمه‌ندێک‌و مامۆستایه‌ک له‌ قوڵایى هه‌ست‌و سۆزو ئه‌زمونه‌کانى خۆمه‌وه‌ زۆر به‌ کورتى و پوختى بنوسم.

 

دایکایه‌تى گۆڕانکاریه‌کى گه‌وره‌یه‌ نه‌ک ته‌نها له‌ روى جه‌سته‌یی و بایلۆجیه‌وه‌ به‌ڵکو له‌روى هه‌ست و سۆز و عه‌ڵیشه‌وه‌، گۆرانکاریه‌کى بێ هاوتا له‌ هه‌ست‌و سۆز‌و له‌ قوڵاى بونمان‌و دڵماندا دروستده‌بێت. ئه‌و خۆشه‌ویستیه‌‌و دڵسۆزیه‌ى هه‌مانه‌ به‌رامبه‌ر مناڵکانمان به‌ هیچ پێوه‌رێک ناپێورێت، ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ى له‌ نێوان دایک‌و منداڵدا هه‌یه‌ به‌ هیچ شتێک کۆتایى نایه‌ت، هه‌موو کارێک سه‌ره‌تاو کۆتایى هه‌یه‌ کاتێکى دیاریکراوى هه‌یه‌ که‌ دواجار کۆتایى دێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ کارى دایکایه‌تییه‌ که‌ سه‌ره‌تاى هه‌یه‌ به‌ڵام هه‌رگیز کۆتایى نایه‌ت به‌ مردنى دایک خۆى نه‌بێت.

 

گه‌وره‌یى و پیرۆزى دایکایه‌تى هه‌تا باسیبکه‌ین هێشتا که‌مه‌. به‌ڵام ئایا هه‌موو ژنێک که‌ منداڵێک بێنێته‌ ژیانه‌وه‌ به‌ فیزیکى ده‌توانێ ئه‌و ڕۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ بۆ منداڵه‌که‌ى ببینێت، ئایا هه‌ر ده‌بێت ژن خۆى منداڵێک له‌ منداڵدانى خۆى هه‌ڵگرێ و بیهێنێته‌ ژیانه‌وه‌ ئنجا به‌ ڕۆڵى دایکایه‌تى هه‌ستێ؟ من ده‌ڵێم نه‌خێر، له‌ کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌ سه‌دان دایک هه‌یه‌ ژماره‌یه‌ک منداڵیشیان هێناوه‌ته‌ ژیانه‌وه‌، به‌ڵام ڕۆڵى ئه‌و دایکایه‌تییه‌ مه‌زن‌و پیرۆزه‌یان له‌ خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ نه‌کردوه‌، وه‌ یان به‌ سه‌دان ژنیش ده‌بینین که‌ خودى خۆیان منداڵیان نه‌هێناوه‌ته‌ ژیانه‌وه‌، به‌ڵام بۆ نه‌وه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌که‌یان توانیویانه‌ ئه‌و ڕۆڵه‌ گه‌وره‌یه‌ى دایکایه‌تى له‌ خۆیاندا به‌رجه‌سته‌ بکه‌ن، نمونه‌ى چه‌ندین نوسه‌رى سه‌رکه‌وتوى بوارى په‌روه‌رده‌یى هه‌یه‌، یان چه‌ندین مامۆستای به‌ ئه‌زمون‌و دڵسۆز هه‌یه‌ بۆ خوێندکاره‌کانى.

 

له‌ئه‌مرۆدا کۆمه‌ڵگه‌که‌مان ته‌نها له‌ بوارى سیاسى و ئابوری له‌ قه‌یراندا نییه‌، به‌ڵکو له‌ بوارى په‌روه‌رده‌شدا له‌ قه‌یرانى گه‌وره‌دایه‌ به‌هۆى نه‌زانینى چۆنێتى دایکایه‌تیکردنى بۆ مناڵه‌کانمان. هه‌رچى بوار هه‌یه‌ ده‌بێ چه‌ند ساڵێک بۆى بخوێنى ئنجا فێرى ده‌بى‌و مافى موماره‌سه‌کردنى ئه‌و بواره‌ت پێ ده‌درێ، ته‌نها بوارى دایکایه‌تى‌و باوکایه‌تیه‌ که‌ هیچ خوێندنێکى نییه‌، که‌ به‌ڕاى من بۆ ئه‌وه‌ى فریاى کۆمه‌ڵگاکه‌مان بکه‌وین‌و له‌و قه‌یرانه‌ ده‌ریبهێنین ده‌بێ چه‌ندین په‌یمانگاو کۆلیژو زانکۆى پێگه‌یاندنى دایکان‌و باوکان به‌شێوه‌ى زانستى بونیات بنێین، که‌ بتوانن ڕۆڵى دایکایه‌تى‌و باوکایه‌تى ڕاسته‌قینه‌‌و گه‌وره‌و پیرۆز له‌ خێزانه‌کاندا په‌روه‌رد بکه‌ن، تا نه‌وه‌یه‌کى ته‌ندروست‌و تێگه‌یشتو خاوه‌ن ئه‌قڵێکى باڵاى داهێنه‌رانه‌ به‌رهه‌م بهێنن .

 

هه‌ر وڵاتێک ژنى هۆشیار‌و پێشکه‌وتوو خاوه‌ن ئه‌قڵێکى کراوه‌ى زانستى هه‌بێ ئه‌وا دایک به‌ڕۆڵى راسته‌قینه‌ى دایکایه‌تى خۆى هه‌ڵده‌ستێ، وه‌ ده‌توانێت نه‌وه‌ى پێگه‌یشتو زیره‌ک‌و به‌توانا به‌رهه‌م بهێنێت که‌ بتوانن ژیانى خۆیان‌و ته‌واوى کۆمه‌ڵگاکه‌یان به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببه‌ن. هه‌ربۆیه‌ ده‌وترێت زمانى دایک‌و نیشتیمانى دایک له‌ ڕۆڵه‌ گه‌وره‌و پیرۆزه‌که‌یه‌وه‌ هاتوه‌. هه‌رگه‌لێ که‌موکوڕى ناهۆشیارى له‌ ڕۆڵى دایکه‌کانیدا هه‌بێ ئه‌وا که‌موکوڕى‌و ناهۆشیارى کێشه‌ى زۆر له‌ هه‌موو جومگه‌کانى ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ دروست ده‌بێ که‌ ئه‌مه‌ش له‌ ئێمه‌ قه‌وماوه‌.

 

دایک بۆئه‌وه‌ى به‌ته‌واوى به‌ ڕۆڵى خۆى هه‌ستێ ده‌بێ به‌رده‌وام خۆى ئه‌بدێت بکاته‌وه‌ زانین‌و زانیاریه‌کانى نوێبکاته‌وه‌ هۆشیارو ئاگادارى هه‌موو گۆڕانکاریه‌کانى جیهان بێت، به‌شدارى خوله‌ په‌روه‌رده‌ییه‌کان بکات، هه‌ر په‌رتوکێکى بوارى کۆمه‌ڵایه‌تى‌و ده‌رونى‌و هونه‌رى هه‌تا بوارى چاره‌سه‌ری سروشتى و زانیارى گژوگیاى پزیشکى ده‌رده‌چێ ئه‌و بیخوێنێته‌وه‌ به‌ خۆشه‌ویستى دایکانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى ته‌واوى پێداویستیه‌کانى منداڵه‌کان‌و خۆى پێ بکات.

 

دایک بۆ په‌روه‌رده‌کردنى مناڵه‌کانى هێنده‌ى به‌سۆزه‌ ده‌بێ هێنده‌ش عه‌قڵانیو خاوه‌ن بریاری جێگیر و پته‌و بێت. هێنده‌ى خزمه‌تکاره‌ ده‌بێ هێنده‌ش کارپێکه‌ربێت. هێنده‌ى نه‌رمونیانه‌ ده‌بێ هێنده‌ش توندبێت. هێنده‌ى قسه‌که‌ره‌ هێنده‌ش گوێگربێت، هێنده‌ى ده‌ڵێ به‌ڵێ ئه‌وه‌نده‌ش بڵێ نا، هێنده‌ى گه‌وره‌یى کاره‌که‌ى وه‌ک دایک ده‌بێ گه‌وره‌و به‌هێزبێ له‌ که‌سایه‌تى خۆیدا ، هه‌میشه‌ له‌سه‌ر پێى خۆى بوه‌ستێ باوه‌ڕی به‌خۆى هه‌بێ، سه‌ربه‌رز‌و بڵندبێ، بوێرو چاونه‌ترسبێ، به‌سه‌برو له‌سه‌رخۆو ئارامگربێت بۆ خاترى منداڵێکى ته‌واو ته‌ندروست‌و به‌سود‌و داهینه‌ر په‌روه‌رده‌بکات بۆ خودى مناڵه‌که‌ خۆى و ته‌واوى مرۆڤایه‌تى.

 

وەرگیراوە لە تۆڕی میدیایی تەوار