سۆز و خۆشەویستی لەنێوان ئێمە و خاکدا

ژوان باقی - هونەرمەندو نووسەر

كە منداڵ بووین، كەس باس و خواسێكی بە ناوی نیشتمان و خاكەوە بۆ نەكردبووین، بەڵام سروشتێك خاك و ئاو و هەوایەك، هاواری دەكرد و پێی دەوتین: (من نیشتمانم). منداڵ بووین حەزمان لە بۆنی خۆڵ و قوڕ بوو، حەزمان لە یاریكردن بوو پێی، هاوینان دەچوینە دەرەوە، چاومان دەگێڕا هەتا كەسێكی گەورەتر لە خۆمان نەمانبینێت، رێگەمان لێ نەگرێت بە بیانووی ئەوەی جلەكانمان پیس دەبێت، دوای ئەوەی دڵنیا دەبووینەوە، وەك ئەوەی لە زیندان ئازادبووبین وەك پەلەوەرە ماڵییەكان خۆمان تێدا دەگەوزاند.


چاومان پڕ بوو لە رەنگی خاك، لووتمان پڕبوو لە بۆنی خاك، هەندێكجار كەمێك لە خۆڵەكە دەچووە دەممان و قوتمان دەدا، دەرمانی هەزار ئازارمان بوو، ئەگەرچی ئازارشكێنەكان تاڵن، بەڵام خۆڵی نیشتمان شیرین بوو، بە هەر پێنج هەستەكەمانەوە ئاوێتەی خاك بووین. روومەتەكانمان دەخستە سەر خۆڵەكە و خۆمان لە ناو خۆڵەكەدا شل دەكرد هەتا نقوم ببین، وەك دەنكە تۆوی تەماتەیەكی كاڵ كە هەرچی دەكەیت لە دەستت دەخزێت و ناتوانیت بیگریت، خاك بەو ساردییەی خۆیەوە باوەشی گەرمی میهرەبانیی بۆ كردبووینەوە، شتێك هاوشێوەی عەشق یان با بڵێین: (عەشقی نیشتمان)، لە ئێمەوە دەچووە ناو خۆڵەكەوە و هەزاران شت لە خۆڵەكەوە دەهاتە ناو ئێمە و زیاتر هۆگری خۆڵەكەی دەكردین. 


كەس لە ئێمە تێنەدەگەیشت لە نێوان ئێمە و خاك دا چ سۆز و خۆشەویستییەكی قووڵ هەیە، كەس نەیدەزانی چۆن بە عەشقەوە یاری لەگەڵ یەكتر دەكەین، بەبێ ئەوەی خاك شوێنێكمان بشكێنێ و ئازارمان بدات، بەبێ ئەوەی ئێمە ئازاری بدەین، چونكە ئەو خۆڵە ئەوەندە سادە نەبوو، ئەو نیشتمان بوو، وەك دایك یاری لەگەڵ رۆڵەكانی دەكرد. 


زستان هەمان یارییمان دەكرد، بەڵام ئەمجارە بە قوڕ، دواجار كەسێك دەیبینین و هاواری دەكرد ئەوە چیی دەكەن بۆ خۆتان پیس كردووە؟ ئەوان نەیاندەزانی ئێمە پیس نەبووین، بەڵكو ئێمە دەستنوێژی نیشتمانمان گرتووە، ئەوان دەیانویست پەیوەندی ئێمە و خاك و ئاو بپچڕێنن، نەیان دەزانی هەموو جارێك زیاتر وابەستەی یەكتر دەبین و لەگەڵ نیشتمان ئەڵقەیەكی گرێدراوین، بە هیچ هێزێك لە یەكتر جیانابینەوە، هێزێك بەیەكەوە گرێیدابووین لە سەروو هەموو خواست و هێزێكی دیكەوە بوو. رۆژگار زۆر بە خێرایی تێپەڕی و گەورە بووین، ئێستاش هەر جارێك بارودۆخێكی پڕ زەحمەت و ناسۆر تێدەپەڕێنم بە خۆم دەڵێم: ئەو هەموو وزەیەم لە كوێ بوو؟ هەر خۆم وەڵام دەدەمەوە و دەڵێم: بێگومان لە هەناوی نیشتمانەوە. نیشتمانێك بەبێ ئەوەی كەسێك پێم بناسێنێت، ناسیم و عاشقی بووم و خۆشمویست. 


ئیدی بزانە منداڵێك كە بە پێنج هەستەكەیەوە تێكەڵ بە خۆڵ و ئاوی نیشتمان دەبێت چ عەشقێك لە هەناویدا دادەگیرسێ؟! نیشتمان نەك هەر ئازاری نەداین، بەڵكو هێز و خۆڕاگریی پێ بەخشین.