ستراتیژێک بۆ رەوەندی کوردستانی

سۆزان خاڵە شەهاب- نووسەر

بوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاوزمانانی نەتەوەیەک لە وڵاتێکی دیاریکراو، نابێتە هۆی دروستبوونی رەوەند (لۆبی) ئەگەر خاوەن ستراتیژ، خاوەن بەرنامەی لەسەر سازاو، پشتیوانی دەسەڵاتی وڵاتەکەی و هەروەها یەکگرتوو و خاوەن گوتارێکی نەتەوەیی و نیشتمانی نەبێت.

 

بۆ هەر نەتەوە و دەوڵەتێک بوونی رەوەندی بەهێز گرنگە، بەتایبەت ئەگەر رەوەندەکە سەروخواری خۆی هەبێ و بزانێ لە کوێدا گرنگە کار لەسەر دانانی کاریگەریی لەسەر ئەو دەسەڵات و حکومەتە دابنێ کە لە جوگرافیا سیاسییەکەیدا دەژی، یان رەوەندەکە، کاریگەرییەکەی وابێت لەسەر رێکخراوە گەورە و نێودەوڵەتییەکانی وەکو نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا لەکاتی پێشهات و پرسە گرنگەکاندا.


ئامارێکی ورد نییە بیخەینەڕوو بۆ ئەوەی بزانین قەبارەی رەوەندی کوردی لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان چەندە، بەڵام روونە زۆرینەی کوردانی تاراوگە دابەشی سەر وڵاتانی ئەوروپان، لە وڵاتانی کیشوەرەکانی دیکەیش هەن، بەڵام لە چاو ئەوروپا ژمارەیان کەمترە بە رێژەیەکی بەرچاو.


هەڵبەت درووستکردنی لۆبی بە مەبەستی کاریگەریی دانان لەسەر رای گشتی و دەسەڵات لە هەر وڵاتێکدا تەنها بە کۆبوونەوەی جەماوەریی ناوە ناوە ناکرێت، بەڵکو لە هەمووی گرنگتر دەبێت بە بەرنامە و ئامانج دیاری بکرێت، شێوازی کارکردنەکەی، ئینجا دەرفەت هەڵبژێردرێ بۆ ئەوەی لە رێگەی خۆ سەلماندنەوە، هێزی سیاسیی یان دەسەڵاتی دەوڵەتیی ناچار بە ملدان بۆ داواکارییەکانی بکات.


دەتوانین دەستەواژەیەکی گرنگ بخەینەڕوو لەپێناوی دروستکردنی رەوەندێکی کوردیی بەهێز ئەویش «لۆبیی ئابووری»یە. هەڵبەت لۆبیی ئابووری دەبێت وردە وردە و بەپێی ستراتیژێکی کوردستانی کاری جددی لەسەر بکرێت، بۆ ئەوەش دەکرێت بۆ چەند ئاستێک دابەشبکرێت:


یەکەم: ئابوونە کۆکردنەوە سەرەتاییترین خاڵی دروستکردنی ئابوورییە بۆ لۆبی، باشترین نموونە لۆبیی جوولەکەیە لەسەر ئاستی دنیا. بەپێی بەرنامەیەک هەر جوویەک لە هەر کوێی جیهاندا بێت، لە مووچە یان کرێی کارەکەی بڕێکی دیاریکراو بۆ لۆبیی کۆمەڵگەی جوولەکە و دەوڵەتی ئیسرائیل دەنێرێت.
دووەم: وتمان لۆبی بۆ ئابووری گرنگە، بەڵام لەوەش گرنگتر ئەوەیە دەسەڵات لە پشتییەوە بێت، ئەوەشی هەیە لە ئێستادا تەنها دەسەڵاتێکی دانپێدانراو بۆ کورد (هەرێمی کوردستانی عیراق)ە، بۆیە ئەرکی ئەو دەسەڵاتەیە بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو لە رێگەی وەبەرهێنان، دروستکردنی کارگەی جۆراوجۆر، کڕینەوەی پشک لەناو کۆمپانیا بیناییەکان، دروستکردنی بەرژەوەندیی هاوبەشی ئابووری لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیاکانیان، وا بکات سەرمایەکی گەورە بۆ لۆبیی کوردستانی دەستەبەر بکات.


جیاواز لەوە، بۆ دروستکردنی رەوەندێکی کوردی، کاری گرنگ ئەوەیە کوردانی دەرەوەی کوردستان، جا ئیتر لە هەر وڵاتێک بن، خۆیان دوورخەنەوە لە ئایدۆلۆژیای تەسکی حزبی، بۆ ئەوەی لە دەوری ئامانجە نەتەوەییەکان و دەستەبەرکردنی پشتیوانی بۆی کۆببنەوە و مەترسییەکان لەسەر بوونیان وەکو نەتەوە دووربخەنەوە. 


پێچەوانەی ئەوە، ئاساییە رەوەندی کوردی پێکەوە لەو وڵاتانە لە دەوری هێزی کاریگەری ئەوێ کۆببنەوە و هێزی دەنگدانیان بکەنە گرەنتیی پشتیوانیکردن لە دۆزە رەواکەیان، یان دەنگیان بەرامبەر ئەو نادادیانە هەڵبڕن کە بەرامبەر نەتەوەکەیان دەکرێ.
نەتەوەی بێ دەوڵەت، بۆ پاراستن و مانەوەی بێت یان بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن دەوڵەت، لۆبیی کاریگەری پێویستە. لە سۆنگەی ئەو گرنگییەوە کاتێک ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووم، کاری جددیم کرد لەسەر پرۆژە یاسایەک بۆ دروستکردنی رەوەندی کوردی و بە گرنگم زانی پەرلەمانی کوردستان پەسەندی بکات و دواتریش حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەست بکرێت بەوەی چۆن لۆبییەکی کاریگەری کوردی دروستبکات، بەڵام هەوڵەکان نەگەیشتنە ئەنجام.


لەم کاتەدا کە کورد وەکو نەتەوە مەترسیی زۆری لەسەرە، هەروەها گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەکدا بەڕێوەیە و دەبێت هەر کوردێک خۆی بۆ ئامادە بکات، گرنگە بابەتی دروستکردنی رەوەندی کوردی ببێتە پرسێکی گرنگ و جێگە بایەخ و ئەوەی دەتوانرێت بۆ دروستکردنی ئەو رەوەندە پێشکەش بکرێت.