پارێزراوی... مافێکە کە بە هەموو ژنان نەدراوە..!

حەنان حارت- ڕۆژنامەنووسی مه‌غریبی

وەک هەمیشە، خەریکی پشکنینی ئاژانسەکانی هەواڵ و ماڵپەڕە هەواڵییەکان بووم؛ چونکە بەدواداچوونی هەواڵەکان تەنها نەریتێک نییە، بەڵکو بەشێکە لە پیشەکەم وەک ڕۆژنامەنووسێک، ڕۆژانە پەرۆشم بۆ ئەوەی بزانم لە جیهاندا چی روودەدات، بەڵام ئەوەی ئەمجارە سەرنجی ڕاکێشام ڕووداوێکی سیاسی یان ئابووری نەبوو، بەڵکو ئەوە بوو کە سەرئەنجام، جارێکی دیکە خۆمم لە بەردەم هەواڵانێکدا بینییەوە کە هەموویان لەسەر ژن دەوەستنەوە.

 

سەرەتاکە لە هیندستانەوە بوو، ئەوەی ئەمجارە راوەستاندنی نەکرد تەنها هەواڵی تاوانەکە خۆی بوو، بەڵکو بەردەوامیی خۆپیشاندانەکان بوو کە دوای ئەو ڕووداوە هاتندە ئاراوە، دوای چەند هەفتەیەک لە دەستدرێژیکردنە سەر و کوشتنی منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ لە پارێزگای بەنگالی ڕۆژئاوا، هێشتا تووڕەیی شەقامەکانی پڕکردووە و هێشتا هەمان پرسیار دووبارە دەبنەوە: چۆن دەکرێت ئەم تاوانانە دووبارە ببنەوە سەرەڕای توندکردنەوەی یاساکان؟ بۆچی هێشتا ژنان و منداڵانی کچ هەست بەوە دەکەن کە پارێزراوی مافێکە و بەدەستهێنانی سەختە؟

 

ئینجا بۆ هەواڵێکی دیکەم سەیر کرد، ئەمجارەیان لە سودانەوە، باسوخواسەکە باسی یەک تاوان نەبوو، بەڵکو باسی ڕاستییەک بوو کە نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵگەی بۆ هێنابووەوە، ئەویش باسی سەدان حاڵەتی توندوتیژیی سێکسی کرد لە کاتی سەرهەڵدانی ململانێکانەوە لە نیسانی ٢٠٢٣ کە سەدان ژن و منداڵای کچی کردە ئامانج، لەوێدا، دەستدرێژیی سێکسی ئیتر تەنها هێرشێکی تاکەکەسی نەبوو، بەڵکو بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو بە چەکێکی جەنگ کە بەکاردەهێنرێت بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و پارچەپارچەبوونی کۆمەڵگەکان.

 

هەواڵەکەم داخست، بۆ ئەوەی ناونیشانێکی تر خۆی بسەپێنێت، ئەمجارەیان لە لیبیاوە، پەیوەندی بە تاوانێکەوە نەبوو کە ئەمڕۆ روویدابێت، بەڵکو بە هەواڵێکەوە بەستراوەبوو کە هەڵگری مژدەی دادپەروەرییەکی دواخراو بوو، دادگای تاوانی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، کە بەرپرسێکی پێشووی زیندانی مەعيتيقە ڕەوانەی دادگا کراوە بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی و ئەشکەنجەدان، لە هەنگاوێکدا کە دۆسییەکانی پێشێلکارییەکانی هێنایەوە پێش چاو کە ساڵانێک چاوەڕێی لێپرسینەوە بوون، وەک ئەوەی دادپەروەری، ئەگەرچی دواش کەوتووە، بەڵام لە کۆتاییدا هەوڵ دەدات ڕێگەی خۆی بۆ زیانبەرکەوتووان بدۆزێتەوە.

 

شاشەی مۆبايلەکەم بۆ ساتێک داخست، بەڵام هەواڵەکان لە مێشکمدا بە کراوەی ماونەتەوە.

 

سێ هەواڵ، سێ وڵات، سێ بارودۆخی جیاواز، کەچی بۆم دەرکەوت کە هەمان هەواڵ دەخوێنمەوە، جارێک زیانبەرکەوتووەکە منداڵێکە، جارێک ژنێکە کە لە جەنگ هەڵاتووە، جارێکیش کەسێکی ڕزگاربووە کە ساڵانێکە چاوەڕێی دادپەروەری دەکات، وردەکارییەکان دەگۆڕدرێن، بەڵام دیمەنەکە بە شێوازێکی ئازاربەخش دووبارە دەبێتەوە.

 

منیش لە مەغریبەوە بەدواداچوون بۆ ئەم هەواڵانە دەکەم، وەک ڕووداوێک سەیریان ناکەم کە پەیوەندی بە وڵاتانی دوورەوە هەبێت، ڕاستە هەموو کۆمەڵگەیەک بارودۆخ و ئاڵۆزیی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی ئەم ڕاستییانە کۆدەکاتەوە لە جیاوازیی جوگرافیا گەورەترە، لە هەر بارودۆخێکدا، ژن دەبێتە لاوازترین بازنە، جەستەی دەبێتە مەیدانێک کە توندوتیژیی تێدا پراکتیزە دەکرێت، چ لە کاتی ئاشتی و چ لە کاتی جەنگدا.

 

ڕەنگە لەبەر ئەم هۆکارەش بێت کە ئەم هەواڵانە ئیتر وەک جاران بە بەر چاوماندا تێپەڕ نابن، ئیتر تەنها ناونیشان نین لە مانشێتی هەواڵییەکاندا، بەڵکو بوونەتە پرسیار کە بەدوامدا دەگەڕێن: بۆچی مرۆڤایەتی لە بوارگەلی بێشوماردا پێشدەکەوێت، لە کاتێکدا تاوەکو ئەمڕۆش بێتوانایە لە مسۆگەرکردنی سادەترین ماف بۆ ژنان، ئەویش مافی پارێزراویە؟

 

هەندێک جار دەترسم کە کێشە گەورەکە لە دووبارەبوونەوەی ئەم تاوانانەدا نەبێت، بەڵکو لەو خووەدا بێت کە پێی راهاتووین، کە لە خەو هەڵدەستین بۆ هەواڵێکی دەستدرێژی، بۆیە بۆ چەند خولەکێک تووڕە دەبین، پاشان بەرەو هەواڵی داهاتوو دەڕۆین، ئەوەی کە کارەساتەکە دەبێتە ژمارەیەکی نوێ، ئازارەکە دەبێتە بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانە کە خێرایی هەواڵەکان بەسەرماندا دەسەپێنن.

 

لێرەدا بە دیاریکراوی، دەبینم کە بەرپرسیارێتیی ڕۆژنامەنووسی لە گواستنەوەی ڕاستییەکان تێدەپەڕێت، ڕۆژنامەنووس تەنها ئەوە ناگەیەنێت کە خەڵک ئاگادار بکاتەوە لەوەی چی روویداوە، بەڵکو یارمەتییان دەدات کە لەبیری نەکەن، پەیوەندیی نێوان ئەو ڕووداوانە ببینن کە وا دەردەکەون لێک جیاوازن، ئەوەی لە هیندستان روودەدات لە سودان جیاواز نییە، ئەوەی لە لیبیاش روودەدات چیرۆکێک نییە کە تەنها بە کردنەوەی دۆسیەیەکی دادوەری کۆتایی بێت، هەموویان بیرخستنەوەت ئەوەن کە خەباتی ژنان لە پێناو پارێزراوی و کەرامەتدا هێشتا کۆتایی نەهاتووە.

 

من ئەم وشانە نانووسم لەبەر ئەوەی چارەسەری ئامادەم پێیە، نە لەبەر ئەوەی پێموایە وتارێکی ڕای گشتی توندوتیژی دژی ژنان ڕادەگرێت، بەڵکو دەنووسم چونکە نووسین، لای منەوە، بەرەنگاربوونەوەیە بۆ لەبیرچوونەوە، کاتێک هەواڵەکان دەگەڕێم، تێدەگەم کە لە پشت هەر ناونیشانێکەوە ژنێک هەیە کە ناوی هەیە، چیرۆکێک، خەونگەلێک کە نەهاتوونەتە دی، ئەوەی لێی دەترسم تەنها ئەوە نییە کە ئەم تاوانانە دووبارە ببنەوە، بەڵکو ئەوەیە کە ڕابێین لەسەر خوێندنەوەیان، ببنە بەشێک لە ڕۆتینی ڕۆژانەی هەواڵەکان.

 

لە مەغریب، لە کاتێکدا چاودێریی ئەم جیهانە دەکەم کە لەسەر شاشەی مۆبايلێکدا بچووک دەردەکەوێت، لە کارەساتەکانیدا گەورەیە، باوەڕم زیاتر دەبێت کە بەرگریکردن لە مافی ژنان بۆ پارێزراوی، نە دۆزێکە تایبەت بێت بە وڵاتێکی دیاریکراو، نە تەنها پرسێکی ژنانە، بەڵکو پێوەرێکی ڕاستەقینەیە بۆ ڕادەی مرۆڤایەتیی ئەو جیهانەی کە دەمانەوێت تێیدا بژین.