شۆڕشی ڕۆژئاواو وەرچەرخانێکی دیرۆکی

مژدە علی - نووسەرو مامۆستا

 لەم رۆژەدا  وەک وەبیرهینانەوەیەکی پڕ شکۆ دەوەستین  لەبەردەم یەکێک لە دەگمەنترین و سەرنجڕاکێشترین ئەزموونە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی سەدەی بیست و یەکەم وەچەرخانی ١٩ی تەمووزکە  هەنگاو نانی رۆژئاوای کوردستان بوو بۆ خۆ بنیادنانێکی دیرۆکی .  هەڵبەتە  گرنگە ئەوە ببینریت شۆڕشی ڕۆژئاوا گۆڕانکارییەکی دەسەڵات نەبوو،  وەرچەرخانێکی قووڵی فیکری و پێکهاتەیی بوو کە توانی چەمکە باوەکانی دەوڵەت-نەتەوە، دەسەڵات و کۆمەڵگە بخاتە ژێر پرسیارەوە. خوێنەری هێژا  لە ڕوانگەی فیکری و ئەکادیمییەوە، دەکرێت ئەم شۆڕشە لە سێ ڕەهەندی بنەڕەتیدا چڕ بکەینەوە. ئەوانیش :
سەرەتا، شۆڕشەکە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی مۆدێلی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتی و ئیکۆلۆژیای کۆمەڵایەتییەوە توانی تێپەڕین لە مۆدێلی باوی دەوڵەت-نەتەوە بەدی بهێنێت. لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکدا کە سەدەیەکە لەژێر سایەی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی دەسەڵاتخواز و ناوەندگەرادا دەناڵێنێت، ڕۆژئاوا لە ڕێگەی دامەزراندنی لامەرکەزییەتی ڕادیکاڵ و سیستمی کۆمۆن و ئەنجومەنە خۆجێییەکانەوە، دەسەڵاتی لە خوارەوە بۆ سەرەوە فۆرمەڵە کرد؛ هاوکات پێناسەی هاوڵاتیبوونی لە شوناسێکی نەتەوەیی باڵادەستەوە گۆڕی بۆ پێکەوەژیانی ئارەزوومەندانەی کورد، عەرەب، ئاشووری، سریانی و پێکهاتەکانی دیکە، کە ئەمەش وەڵامێکی کرداری بوو بۆ قەیرانی شوناس لە سووریادا.


لە ڕەهەندی دووەمدا، شۆڕشی ڕۆژئاوا وەک شۆڕشی ژن و تێکشکێنەری بنەماکانی پاتریارکی  ناسرا؛ لێرەدا پانتاییەکی سادە بۆ بەشداریکردنی ژنان نەڕەخسێنرا، وژنۆلۆژی وەک زانستێکی کۆمەڵایەتی کرا بە کۆڵەکەی سەرەکیی تەواوی پێکهاتەکان. جێبەجێکردنی سیستمی هاوسەرۆکایەتی و کۆتای هاوسەنگ لە هەموو دامەزراوەکاندا، ستراتیژێک بوو بۆ ڕێگریکردن لە نەتەوەیی‌نەکردنی دەسەڵات، و دامەزراندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان  نیشانیدا کە بەرگری و هۆشیاریی  ژن  بنەمایەکی سەرەکی بەرەو پێشچوونی. پرۆسەی دیموکرسسییە لەسوریا وهەربۆیە  لێرەدا چیتر قوربانیی جەنگ نییە، بکەرێکی کارای گۆڕانکارییە.


دواجار  ئەوەی گرنگە بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدان و دەستکەوتەکانی ئەم شۆڕشە لەم قۆناغە هەستیارەدا بەفیڕۆ نەچن، پێویستە ستراتیژیی کارکردن لە دروشم و بەرگریی سەربازیی ڕووتەوە، بەرەو دامەزراوەیی‌کردن و بەهێزکردنی بنەما نیشتمانییەکان لە سووریای نوێدا هەنگاو بنێت. ئەو خاڵە جەوهەرییانەی کە دەبێت لەم قۆناغەدا کاریان لەسەر بکرێت لەم چەند خاڵەدا بە کورتی ئاماژەیان پێدەکەم:


١. داڕشتنی دەستوورێکی نوێی فیدراڵی و فرەچەشەن
پێویستە کار بۆ چەسپاندنی سیستمی لامەرکەزی و فیدراڵی لە دەستووری داهاتووی سووریادا بکرێت. پێناسەی دەوڵەت پێویستە لە کۆماری عەرەبی یەوە بگۆڕێت بۆ کۆمارێکی فرەنەتەوە و فرەئایین کە تێیدا مافی نەتەوەیی، زمانی و کلتوریی کورد و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە بە فەرمی بناسرێت. ئەمەش ڕێگری دەکات لە دووبارەبوونەوەی مۆدێلی شۆفینی و ناوەندگەریی پێشوو.


٢. گۆڕینی هاوپەیمانێتییە کاتییەکان بۆ پێگەی یاسایی نێودەوڵەتی
پشتبەستن بە هاوکاریی سەربازیی کاتی لەگەڵ هێزە جیهانییەکان بەس نییە بۆ مانەوە. پێویستە ئەزموونی بەڕێوەبەریی خۆشجێیی لە ڕێگەی دیپلۆماسییەکی چالاکەوە شەرعیەتێکی یاسایی و نێودەوڵەتی پێبدرێت، تاوەکو لە هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی داهاتوودا لەسەر ئاستی سووریا و ناوچەکە، وەک کارەکتەرێکی سەرەکی و فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.


٣. بەهێزکردنی بنەمای ئابووریی سەربەخۆ و خۆبژێوی
 وەک هەمیشە بناغەی شۆڕش و بەرنامەیەکی سەرکەوتوو دسبنینکردنی ژێرخانی ئابوریە  دواجار شۆڕشێک نەتوانێت نانی خۆی دابین بکات، ناتوانێت بڕیاری سیاسیی خۆی بپارێزێت. پێویستە لەم قۆناغەدا وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵ، پیشەسازیی ناوخۆیی و بەڕێوەبردنی دروستی سەرچاوە سروشتییەکاندا بکرێت. کەمکردنەوەی پشتبەستن بە هاوکاریی دەرەکی و شکاندنی گەمارۆ ئابوورییەکان لە ڕێگەی ئابووریی کۆمەڵایەتییەوە، گەرەنتی مانەوەی قەوارەکەیە.


٤. قووڵکردنەوەی هاوپەیمانێتیی ستراتیژی لەگەڵ پێکهاتەکانی ناوچەکە
پاراستنی دەستکەوتەکان تەنیا بە چەک نابێت؛ بەڵکو پێویستە پێکهاتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەگەڵ عەرەب، پێکهاتە مەسیحییەکان و نەتەوەکانی دیکەی ناوچەکە لە قۆناغی پێکەوەژیانی سەربازی یەوە بگۆڕێت بۆ یەکێتیی چارەنووسی هاوبەش. کاتێک تەواوی پێکهاتەکان خۆیان بە خاوەنی ئەم سیستەمە بزانن، ناوچەکە لەناوخۆوە لەبەرانبەر دەستێوەردانی دەرەکیدا بەهێز دەبێت.


٥. گەشەپێدانی مرۆیی و پەروەردەیی
بونیادنانی نەوەیەک کە لەسەر بنەمای فیکری ئازاد، یەکسانیی جێندەری و زانستی هاوچەرخ پەروەردەکرابێت، گەورەترین قەڵای بەرگرییە. پێویستە زانکۆ و ناوەندە پەروەردەیییەکانی ڕۆژئاوا بکرێنە چەقی بەرهەمهێنانی مەعریفە و هۆشیاریی سیاسی، تاوەکو پارێزگاری لەو ناسنامە فیکرییە بکەن کە شۆڕشەکەی لەسەر بونیاد نراوە.


بەکورتی لە کۆتایدا دەمەویی ئەوە بڵیم
باشترین وەفاداری بۆ خوێنی شەهیدان، گۆڕینی هاوسەنگییە سەربازییەکانە بۆ دامەزراوەی سیاسی، یاسایی و ئابووریی جێگیر کە هیچ هێزێک نەتوانێت بە ئاسانی پشتگوێی بخات یان لەناوی ببات. سووریای نوێ دەبێت ئەو شوێنە بێت کە تێیدا مافی مرۆڤ و دیموکراسیی ڕاستەوخۆ نەک وەک دروشم، بەڵکو وەک شێوازی ژیان بەرجەستە دەبێت.