شۆڕشی کەزی

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر

کاتێک یەکێک لە جەللادەکانی حکومەتی کاتیی سوریا دوای کوژران و شەهیدبوونی جەستەی پاک و بێگەردی کچە شەڕڤانێکی رۆژئاڤا دوای ئەوەی نەیتوانی چیتر ئازاری بدات و شکۆی بشکێنێت بە بڕینی کەزییەکەی ویستی بچووکی و لاوازیی خۆی پڕبکاتەوە و بە شانازییەوە پیشانی هاوڕێکانی بدات کە ئەو چەندە لەبەردەم کچە شەڕڤانێکدا ئازایە، کە ئەو تیرۆریستانە تۆقیون بەدەستی ئەوان بکوژرێن، چونکە لەبیر و باوەڕی گەنیوی ئەواندا وایە ئەگەر لەسەر دەستی کچانی شەڕڤان بکوژرێن ناچنە بەهەشت، ژن بەتایبەتی ژنی کورد بە پلەیەک کەمتر لە مرۆڤ تەماشا دەکەن، بەڵام ئەو چەکدارە داعشییە نەیدەزانی ئەمە سەردەمی تەکنۆلۆژیا و سۆشیال میدیایە و چیتر دوژمنانی کورد ناتوانن لە ژێر پەردەی تاریکیدا بە ئارەزووی خۆیان جینۆسایدمان بکەن و کەس پێی نەزانێت، ئەو چەکدارانەی حكومەتە کاتییەکەی سوریا بە سەرۆکە کۆنە داعشییەکەیانەوە نازانن لەگەڵ چ گەلێکدا تێکەوتوون و نازانن ژنی کورد زۆر جیاوازترە لە ژنانی ئەوان و هەر لەکۆنەوە ژنی کورد شانبەشانی پیاو خەباتی کردووە و پێگە و پلە و پایەی بەرزی لە نێو خێزان و کۆمەڵگەدا هەبووە و وەک ژنانی ئەوان نین کە تائێستاش وەک کاڵا تەماشا دەکرێن و هەموو خەمێکیان ئەوەیە مێردەکانیان ژنیان بەسەردا نەهێنێت.

 

ژنانی کورد زۆر لەمێژە بانگی «ژن. ژیان. ئازادی»یان داوە و زۆر لەمێژە بە دەستی خۆیان داوای مافەکانیان کردووە و ژێردەستە نەبوون، ئازا و چاونەترس و بوێر بوون و بە هۆنینەوەی کەزییەکانیان وەک سیمبولێکی خۆڕاگریی و ئازایەتی خۆیان دووپاتکردووەتەوە، ئەو چەکدارە داعشییە لە خەونیشیدا وێنای نەکردبوو ئەو تاوانە و شێواندنی لاشەی کچە شەڕڤانێک لە دنیادا ببێتە ترێند و کوونە مشکی لێبکەن بە قەیسەریی و کچان و ژنانی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا بە هۆنینەوەی کەزییەکانیان دژی ئەو تاوانە بووەستنەوە و دووپاتی بکەنەوە لەگەڵ گەلێکدا تێکەوتوون لەناوبردنیان ئەستەمە و کەزییەک ببڕن هەزاران کەزی دەهۆنینەوە بەو واتایەی کچێکمان شەهید بکەن هەزارانی دیکە جێی دەگرنەوە و ئەو کەزییە بڕدراوانە دەبنە پەتی سێدارە بۆ هەموو دوژمنانی کورد کە دەیانەوێت میللەتەکەمان لەناو ببەن. دەبێت ئەو راستییەش لەبیر نەکەین کە ژنی کورد زۆر جیاوازە لە ژنانی وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ژنی کورد هەمیشە بەدەستی خۆی مافەکانی سەندووە و بەدەستی خۆی نەک تەنیا خۆی وەک ژنێک ئازاد دەکات، بەڵکو وەک جەنگاوەرێک گەل و وڵاتەکەشی ئازاد دەکات.