شاڵاوی ئەنفالی ناوچەی گەرمیان

هێرۆ محەمەد -نووسەر

ئەنفال گەورەترین و بەرفراوانترین هێرش و پەلامار بوو لە ساڵی ١٩٨٨دا بۆ سەر كوردستان، كە ناوچەكانی(خورماتوو، قادركەرەم، كەلار، كفری، چەمچەماڵ، تێلەكۆ، پێباز، سەنگاو، تەكیە و بەشێك لە ناوچەی ئاغجەلەر)ی راماڵی، زیانێكی یەکجار گەورەی گیانی و ماڵی بە دانیشتوانی نزیكەی ٥٠٠ گوندی ئەو ناوچانە گەیاند. پتر لە ٣٠ هەزار ژن و منداڵ و پیر و گەنجی بێسەر و شوێن كرد و ماڵ و سامانیشیان بە تاڵان برا.

 

لە ١٤ی نیسانی ١٩٨٨ دا چوار شارۆچكەی گەرمیان بە یەك رۆژ بە تەواوی وێرانكران و نزیكەی ٢٠ هەزار ژن و منداڵ و پیاو بۆ سەربازگەی قۆرەتوو، رەوانە كران، بۆیە ئەو رۆژە لە هەموو ساڵێكدا كراوەتە رۆژی یادكردنەوەی جینۆسایدی ئەنفال لە كوردستان.

 

 هۆی زۆریی ژمارەی گیراو و شوێنبزركراوەكانی گەرمیان، دەگەڕێتەوە بۆئەوەی كە لە پارێزگای سلێمانییەوە و بەهۆی قایمقامیەتی چەمچەماڵەوە، لە رێگەی موستەشارە كوردەكانەوە پڕوپاگەندە بڵاوكرایەوە، گوایە حكومەت بۆ هەر خێزانێك ٣٠٠ مەتر دووجا زەوی و بڕێك پارە وەك پێشینەی خانووبەرە دەداتە گوندنشینەكان، ئەمەش وایكرد كە خەڵكەكە هێمن ببنەوە و رانەكەن و لەشوێنی خۆیان بمێننەوە، بۆیە ئەو ژمارە زۆرە دەستگیركران. دەستگیركراوەكانی ئەو مەڵبەندە بەرەو چەمچەماڵ رەوانەكران، كە بووە مەڵبەندی كۆكردنەوەی گیراوەكانی باكووری گەرمیان، ئەوانەی لە كەمپەكانی قادركەرەم و لەیلان بوون، بۆ ئەوێ دەهێنران.

 

بەڵام گیراوەكانی باشووری گەرمیان لە دوو مەڵبەندی سەرەكیدا كۆكرانەوە، یەكێكیان مەڵبەندی لاوانی خورماتوو بوو، كە نزیكەی چوار هەزار كەسی تێدا بەندكرابوو، سەربازەكانیش زۆر نامرۆڤانە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكردن، سەرەڕای ئەشكەنجەدان و برسیكردن و تینووكردن، هەرچی پارە و زێڕ و شتی بەنرخیان پێبوو لە ئافرەتەكانیان دەستاند، پێیان دەوتن ئێوە یارمەتی (موخەڕیب)تان داوە، بەڵام مەڵبەندی دووەم بۆ كۆكردنەوەی گیراوەكان، بارەگای فیرقەی ٢١ بوو لە قۆرەتوو، لە زاری یەكێك لە دەربازبووەكانەوە هاتووە، كە نزیكەی ١٠ هەزار كەس لەو قەڵا سەربازییەدا، بەندكرابوون.

 

بەپێی چاوپێكەوتنەكانی نیو میدڵ ئێست وۆچ، لەگەڵ یەكێك لە رزگاربووان، ژن و پیاو لە یەكتر جیاكراونەتەوە، ئینجا پیاوەكان بۆ شوێنێكی نادیار گواستراونەتەوە و دواتریش بەهەمان شێوە ژن و منداڵەكانیشیان جیاكردووەتەوە.