راگەیاندن بەرلەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی پیشە بێت، بەرپرسیارێتی كەسی خودی رۆژنامەوانە

نیاز عەبدوڵا - ڕۆژنامەوان

نیاز عەبدوڵا  - ڕۆژنامەوان

 

راگەیاندن بەرلەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی پیشە بێت، بەرپرسیارێتی كەسی خودی رۆژنامەوانە كە بە چ بەهاو چاویلكەیەكی مرۆیی و ویژدانی مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەی رووداو و دۆسیەكان دەكات.

ختوكەدانی هەست و هاندان بۆ ئەنجامدانی كردەیەكی وەك  خۆسووتاندنی گەنجەكەی رۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن میدیاكارەكانی بەردەم بارەگای نەتەوەیەكگرتووەكان، رووداوێكە دەبێت بە جددی و قوڵی رامانبگرێت بۆ بینینی ئەو لێشاوی بوغز و نامرۆیی بوونەی بەشێكی دەزگا راگەیاندنە حیزبی و سێبەرەكانیان، كردوویانە بە ئەركی لە پێشینەیان.

 

رۆژنامەنووسان دەبوو بەدوای ئەو هۆكار و كەلێنانەدا بگەڕێن كە حكومەتی هەرێم و عێراق و نەتەوەیەكگرتووەكان دروستیان كردووە، كە وایكردووە گەنجێكی كورد لە هەرێمی كوردستان شوێنی مانەوەی نەبێت.

ئەو دەزگا راگەیاندنانەی لەو رووماڵەدا بەشداربوون، دەبێت داوای لێبوردن لە خودی ئەو گەنجە و خێزان و ئازیزانی و بینەران و خوێنەرانیان بكەن.

 

هەروەها تەواوی ئەو تیمەی لە گواستنەوەی رووداوەكەدا بەشداربوون بخەنە بەردەم بەرپرسیارێتی و سزا، هاوكات راهێنانی رۆژنامەوانییان بۆ ئەنجامبدەن، لەگەڵیشیدا چارەسەری دەرونییان پێشكەش بكرێت، چونكە ئەگەری هەیە شۆكی رووداوەكە تووشی كاردانەوەیان بكات.

 

ئەو بێ لایەنییەی رۆژنامەنووسان لەو رووداوەدا گرتیانەبەر، مانای پیشەیی بوون و بابەتی بوون نییە. بۆیە گرنگە رۆژنامەنووسان لە بەهای سەربەخۆیی و بابەتی بوون و پیشەیی بوون و ئەخلاقی رۆژنامەوانی تێبگەیەندرێن.

هاوكات دەبێت پێداچوونەوەی خێرا و جددی بكرێت بە مافەكانی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە تائێستا كێشەی نیشتەجێبوون و ناسنامەیان هەیە.