پڕۆسەی ئەنفال و ماڵوێرانکردنی کورد
پ.ی.د. مهاباد کامل عبدالـلە
بەعسییە فاشیەکان دوای ئەوەی شکست لەدوای شکست تووشیان دەهات لەپەلاماردان و داگیرکاری بۆسەر گوند و شاروشارۆچکە کوردییەکان و هەوڵدان بۆ کۆتایهێنان بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد و جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران کە بە سەدان هەزار کوژراو، بریندار و ئاوارەبوون بەرهەمی بوو، ئەمجارە بەعسیەکان پلانیان داڕشت بۆ لەناوبردنی تەواوەتی گەلی کورد و کەمینەکانی ناو کوردستان، بەوپەڕی دڕندانە و لەڕێگەی پڕۆسەیەکی نەگریسەوە کەوتنە جینۆساید (پاکتاوکردنی ڕەگەزی) و وێرانکردنی دێهاتەکانی کوردستان و لەناوبردنی تەواوی بەروبووم و مەڕوماڵاتی گوندەکان و درووستکردنی ناوچەی موحەڕەمە (قەدەغەکراو) بەوخەیاڵەی چیتر شتێک نەهێڵێت بەناوی کورد لەژێر ناوی پڕۆسەیەک (انفال) و بەکارهێنانی ئایەتێکی قورئانی پیرۆز بۆ مەبەستێکی قێزەون لەئەنجامدا نزیکەی پێنج هەزار گوندی وێرانکرد و نزیکەی دووسەد هەزار کورد تەنها تاوانیان ئەوەبوو کورد زمان بوون لەگەڵ کەمینەیەکیتری شەبەک و یەزیدی و تورکمانی و ماندی زیندەبەچاڵکرد.
ئەم پڕۆسەیە بە وێرانکردنی گوندەکانی دۆڵی جافایەتی دەستپێدەکات و بەچەند قۆناغێک بەردەوام دەبێت و بە ئەنفالی بادینان کۆتایی دێت، بەعسییەکان سەرەڕای هەموو ڕێگەیەکی دڕندانە گرتیانەبەر، بەڵام نەیانتوانی ئیرادەی گەلی کورد بشکێنن، بەڵکو ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بزووتنەوەی ڕزگاریخواز بەهێز و بەهێزتربوون تا دەرئەنجام ڕاپەڕینی کوردان بەرهەمهات و خۆری بەعسیەکان ئاوابوو.
لەم یادەدا سەری ڕێز بۆ تەواوی قووربانیان نەوی دەکەین، دەخوازین حکومەتی کوردستان و نوێنەرانی کورد پەرۆشانەتر کاربکەن بۆ فشار خستنەسەر حکومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی نەوە و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی ئەم کەیسە بەتەواوی بە(جینۆساید) بناسرێت.
دووبارە و سەدبارە سەری ڕێز بۆ قوربانیانی ئەنفال و تەواوی شەهیدانی ڕێگەی بیری ئازادی کوردو کوردستان.
پ.ی.د. مهاباد کامل عبداللە
سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە
٢٠٢١/٤/١٣