پشتیوانیکردن کلیلی چاره‌سه‌ره‌ !!

کنێر عه‌بدوڵڵا

 

مه‌سه‌له‌ی ژنان ئه‌گه‌رچی مه‌سه‌له‌یه‌کی گشتگیرو جیهانییه‌، به‌ربه‌ست و ڕێگرییه‌کانی به‌رده‌می کارکردنیشی جۆراوجۆره ‌و له‌ شوێنێکه‌وه‌ بۆ شوێنێکی دیکه‌ گۆڕانکاری و جیاوازی به‌خۆوه‌ده‌بینێت، به‌ڵام خه‌باتکردن بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانی ژنان به‌رده‌وامییه‌تی هه‌یه‌ و میکانیزم و ڕێگه‌ی جیاوازیش ده‌گیرێته‌به‌ر بۆ گه‌یشتن پێی، له‌پێناو هێنانه‌دی کۆمه‌ڵێکی مرۆڤدۆست و مه‌ده‌نیی و دوور له‌ جیاکاری.

به‌رده‌وامبوونی خه‌باتی ژنان بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌یه‌ک نییه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌ندێک گوزارشتی لێده‌که‌ن که‌ کێشه‌یه‌ک هه‌یه‌ به‌ناوی ژنان، ئه‌وه‌نده‌ی گرێدراوی جیاکارییه‌کانه‌ که‌ به‌هۆی جیاوازی ڕه‌گه‌زییه‌وه‌ ده‌رهه‌ق به‌ ژنان ئه‌نجامده‌درێت، بۆیه‌ ئه‌رکی هه‌موو ژنانێکه‌ بێ جیاوازی ته‌مه‌ن و ئایدۆلۆجی و شوێنی جوگرافی له‌ شوێنی و پێگه‌و ناوه‌ندی ڕێکخراوه‌یی و هتد له‌هه‌وڵ و کارکردندا بێت بۆ گه‌یشتن به‌و زه‌مینه‌ مرۆییه‌ی که‌ له‌ سایه‌یدا نه‌ک ژنان، به‌ڵکو کاریگه‌ریشی بۆ پیاوانیش هه‌یه‌، تا به‌هۆیه‌وه‌ خۆیان و ڕه‌گه‌زه‌که‌ی تریش زیاتر وه‌ک مرۆڤ بناسن .

 

ڕاسته‌ ده‌ستکه‌وته‌کانی ژنان له‌ئاستی جیهان به‌گشت و هه‌رێمی کوردستان به‌تایبه‌ت له‌ سه‌ده‌ی بیستویه‌کدا به‌به‌راوورد له‌ ڕابردوو ده‌ستکه‌وتی زۆری به‌خۆوه‌ دیوه‌، ژن بۆته‌ سه‌رۆکی (ووڵات، په‌رله‌مان، پارتی سیاسی، ڕێکخراو، که‌ناڵی ڕاگه‌یاندن، زانکۆ و فراکسیۆنی حزب له‌ په‌رله‌مان) و چه‌ندین پۆستی جیاجیا به‌ ڕێژه‌ی زیاتر له‌ ڕابردوو، به‌ڵام به‌ به‌راوورد له‌ گه‌ڵ مێژووی کارکردن و خه‌باتی ژناندا ده‌ستکه‌وته‌کان له‌ئاست ئامانجه‌کاندا نییه‌ و تێگه‌یشتن و هۆشیاری و لایه‌نی هزری و فکری له‌ئاست گشت و خودی پیاوان و ژنانیشدا زۆری ماوه‌ بۆ کارکردن .

 

بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌کان پشتیوانی و پاڵپشتی خودی ژنان بۆ خۆیان کلیلی بنه‌ڕه‌تی چاره‌سه‌ره‌کانه‌، که‌ له‌ واقعی کۆمه‌ڵدا به‌تایبه‌ت له‌ ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵات بوونی ئه‌و که‌لێنه‌ زیاتر درکی پێده‌کر‌ێت، ئیره‌ییبردنی ژنان به‌ یه‌کتری، چاوهه‌ڵنه‌هێنان به‌ توانا و ده‌ستکه‌وتی ژن له‌لایه‌ن ژنه‌وه‌، ده‌ستگیرۆیی و پشتیوانینه‌کردنی له‌کاتی پێویست و هه‌ڵوێسته‌کاندا، لاوازی بوونی یه‌کهه‌ڵوێستی ژنان به‌هۆکاری جیاواز و دروستکردنی گرفت و تێکشکان و ئاره‌زووکردن به‌ زه‌قکردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌ نه‌رێنیییه‌کان و شاردنه‌وه‌ و ده‌رنه‌خستنی لایه‌نه‌ ئه‌رێنییه‌کانی یه‌کتری هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ربه‌ستی سه‌ره‌کین له‌ چه‌قبه‌ستووی دۆخی ژنان و سستی هه‌نگاوه‌کانی خه‌بات و نه‌گه‌یشتنی ژنان به‌ ئامانجه‌ گشتییه‌کان، بێگومان له‌م نێوه‌نده‌دا سیاسه‌تی عه‌قڵیه‌تی پیاوسالاری و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له‌ هزری بڕیارده‌ران و حوکمڕانان له‌م دۆخه‌دا به‌رپرس و هۆکارێکی تره‌ که‌ ده‌رئه‌نجام بوونی ئه‌و دۆخه‌ له‌ سوود و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی پیاواندا ده‌شکێته‌وه‌ و دواتر نه‌ مه‌سه‌له‌ی ژنان هه‌نگاو ڕووه‌و گه‌شه‌کردن ده‌نێت و نه‌ کۆمه‌ڵیش گۆڕانکاری ڕیشه‌یی به‌خۆوه‌ ده‌بینێت ڕووه‌و پێشکه‌وتن و حوکمڕانی دروست که‌ ئه‌مه‌ش ڕاکێشی نه‌وه‌یه‌کی سه‌رلێشێواو نادروست ده‌کات و درێژه‌ به‌و ڕه‌وڕه‌وه‌ ڕابردووه‌ ده‌هێنێ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و خزمه‌تی مرۆڤایه‌تیدا خۆی نابینێته‌وه‌.

 

گرنگی گه‌یشتنی خه‌باتی ژنان به‌ ئامانجه‌کانیان له‌ یه‌کگرتوویی و پاڵپشتی و کۆده‌نگی و یه‌کهه‌ڵوێستی ژناندا به‌دیده‌کرێت پێش هه‌ر کار و هه‌نگاوێکی تر، ئه‌مه‌ش ئه‌رک و به‌رپرسیارێتی تاک به‌تاکی ژنانه‌.