نیشتمانپەروەریی لای منداڵ

پەیام ئیبراهیم- نووسەری ئەدەبی منداڵان و نەجەوانان

منداڵ تەنیا وەرگری زانیاری نییە، بەڵکو نەخشەسازی دواڕۆژی هەر نەتەوەیەکە. چاندنی هەستی نیشتمانپەروەری لە تەمەنی منداڵیدا، تەنیا دروشمێکی سۆزداری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی پەروەردەیی و زانستییە کە ئاسایشی نەتەوەیی و بەردەوامیی ناسنامەمان دەستەبەر دەکات.


زانستی  کۆمەڵناسی و دەروونناسیی گەشە جەخت دەکاتەوە کە ساڵانی سەرەتای تەمەن، قۆناغی دروستبوونی «ئینتیما»یە لە منداڵاندا کاتێک منداڵ فێر دەبێت خاک و زمان و ئاڵاکەی خۆشبووێت، جۆرێک لە هاوسەنگیی دەروونی و متمانە بەخۆبوونی بۆ دروست دەبێت. منداڵێک کە هەستی نیشتمانی بەرز بێت، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات بەرامبەر ژینگە و موڵکی گشتی لە رووی کۆمەڵایەتییەوە چالاکتر و دڵسۆزتر دەبێت. وەک «کۆڵەکەیەکی بەهێز» لەبەردەم شەپۆلەکانی نامۆبوون و ونبوونی ناسنامەدا دەوەستێتەوە. پێویستە منداڵ لەو ساتەوەی چاو دەکاتەوە، نیشتمانەکەی ببینێت و تا مردنیش  نیشتمان لە چاویدا بە بەزی بمێنێتەوە. پەروەردە دەبێت «هاووڵاتی» بەرهەم بهێنێت، نەک تەنیا «مرۆڤی ئاسایی».

 

جەختکردنەوە لە پیرۆزی خاک و خۆشەویستی وڵات دەبێت ببێتە ئەشقێکی سروشتی کە لەگەڵ گەشەی منداڵدا گەورە بێت، چونکە ئەمە تاکە گەرەنتییە بۆ پاراستنی ئازادی و سەربەخۆیی گەلی کورد بەتایبەتی کۆمەڵگە بەگشتی ئەگەر نموونەکانی ئەم دواییەی پشتگیرییەکانی کوردستان بۆ رۆژئاوای پارچەکەی خۆی وەربگرین بینیمان لە خۆپیشاندانەکاندا بۆ پشتگیریکردنی رۆژئاوای کوردستان، چەندین دیمەنی سەرنجڕاکێش و پڕ مانا هەبوون، ئامادەیی کارای منداڵان جێی سەرنجی هەمووان بوو، ئەو منداڵانەی بە ئاڵای کوردستانەوە، بە جلوبەرگی کوردی و بە وتنەوەی سروودی نیشتمانی هاتبوونە سەر شەقام، سەلماندیان کە هەستی نەتەوایەتی لای ئەوان تەنیا زانیارییەکی ناو کتێب نییە، بەڵکو پراکتیکێکی زیندووە. ئەم بەشدارییە نیشانیداین کە منداڵی کورد لە ئازاری نیشتمانەکەی تێدەگات.


خوێنی نەوەی نوێ بە ئاوێتەیی لەگەڵ خەمە نەتەوەییەکان گەورە دەبێت. ئەمە پەیامێکی سیاسی و مرۆیی بەهێز بوو بۆ جیهان، کە ئەم نەتەوەیە نامرێت، چونکە منداڵەکانی پارێزەری ناسنامەکەیانن. چۆن ئەم هەستە نیشتمانییە گەشە پێبدەین بۆ ئەوەی نیشتمانپەروەری ببێتە بەشێک لە ژیانی رۆژانەی منداڵ، پێویستە: لە دامەزراوە پەروەردەییەکان و لەناو خێزاندا گرنگی بدرێت بە چیرۆک و ئەفسانەکان، گێڕانەوەی قارەمانێتییەکانی مێژووی کورد بە زمانێکی سادە و ئاشناکردنیان بە سروود و گۆرانی و ئاوازە رەسەنەکان. هەروەها گەشتی نیشتمانیان بۆ رێکبخرێت، بردنی منداڵ بۆ شوێنەوارە مێژووییەکان و ناساندنی سروشتی کوردستان. دەبێت لەوە تێبگەین چیتر گلەیی  و گازەندە لە نەوە و گەنجانی داهاتوو نەکەین، بزانین منداڵانی ئەمڕۆ، پارێزەرانی سبەینێی ئەم خاکەن. ئەگەر بمانەوێت نیشتمانێکی ئاوەدان و سەربەخۆمان هەبێت، دەبێت ئەمڕۆ لە باخچەی منداڵان و  قوتابخانەکانماندا، تۆوی عەشقی نیشتمان لە زەین و دەروونی منداڵانماندا بچێنێن. زۆرجار بەهۆی ناڕەزایەتی لە دەسەڵات، یان دۆخی سیاسی، بە نائاگایی ساردبوونەوەیەک بەرامبەر بە نیشتمان دەگوازرێتەوە بۆ منداڵ، چونکە خێزان یەکەمین قوتابخانەی نیشتمانپەروەرییە بۆ منداڵ، بەڵام گەورەترین مەترسی کە رووبەڕووی پەروەردەی نەوەی نوێ دەبێتەوە، تێکەڵکردنی چەمکی «نیشتمان» و «حکومڕانی»یە. ئەرکی دایکان و باوکانە ئەم هاوسەنگییە بپارێزن، ئەمه بۆ منداڵەکان روونبکەنەوە کە نیشتمان جێگیرە و دەسەڵات گۆڕاوە، خێزان دەبێت ئەو تێگەیشتنە لای منداڵ دروست بکات کە نیشتمان (خاک، مێژوو، زمان، سروشت و نەتەوە)، شوناسێکی ئەبەدییە، بەڵام دەسەڵات و سیستمی بەڕێوەبردن دیاردەیەکی کاتی و گۆڕاوە. ئەگەر منداڵ تێبینی ناڕەزایەتی دایک و باوکی کرد بەرامبەر بە دۆخی بژێوی، یان سیاسی، نابێت وای لێ بێت کە رقی لە نیشتمانەکەی بێتەوە. دەبێت فێر بێت کە مرۆڤ دەکرێت رەخنەی لە «بەڕێوەبردن» هەبێت، بەڵام «دڵسۆزیی» بۆ خاکەکەی وەک خۆی بمێنێتەوە.


پاراستنی شکۆی نەتەوەیی لەناو خێزاندا، کاتێک لەناو خێزاندا بەردەوام باس لە بێ ئومێدی و سووکایەتیکردن بە بەها نەتەوەییەکان دەکرێت بەهۆی تووڕەیی لە دەسەڵات، منداڵ تووشی «شۆکی شوناس» دەبێت. خێزان بەرپرسە لەوەی رێگە نەدات کێشە سیاسییەکان ببنە هۆی ئەوەی منداڵ هەست بە شەرمەزاری بکات بەرامبەر بە ناسنامە کوردییەکەی. ئەرکی خێزانە فێری منداڵی بکات کە ئێمە کوردستانمان خۆش دەوێت، بۆیە دەمانەوێت باشتر بەڕێوە بچێت. ئەم رستەیە جیاکارییەکی روون دەکات؛ خۆشویستنی نیشتمان دەبێتە بزوێنەر بۆ چاکسازی، نەک بۆ دەستبەرداربوون لە خاک. بۆ خۆشویستن و رێزگرتن لە خاک و نیشتمان دەبێت ناوەندە پەروەردەییەکان و خێزانەکان پەیڕەوی چەند هەنگاوێک بکەن، بەکارهێنانی زمانی کوردیی پاراو لە ناوخۆی خۆی خێزانەکاندا تا منداڵ هەستی شانازیکزدن بە زمانی زگماکی لەدایک و بابیەوە فێرببێت، گرنگیدان بە جەژنە نەتەوەیی ونیشتمانیەکان وەک (نەورۆز) گۆرینی بۆ کەرنەڤاڵێکی خێزانی، تا منداڵ بەستەرێکی سۆزداری لەگەڵ نیشتمانەکەیدا بۆ دروست بێت و خۆشویستنی خاک و نیشتمان لە بابەتە سادەکاندا لە رێی خووە رۆژانەکانی منداڵەوە منداڵان فێربکرێن هەروەها پاراستنی ژینگە، فێرکردنی منداڵ کە نیشتمانپەروەری تەنیا دروشم نییە، بەڵکو نەشکاندنی لقی دارێک و پاک راگرتنی شەقامەکەش بەشێکە لەو عەشقە. ئەگەر خێزان نەتوانێت جیاوازی بکات لە نێوان «خاک» وەک دایک و «دەسەڵات» وەک بەڕێوەبەر، ئەوا نەوەیەک بەرهەم دەهێنێت کە لە یەکەم وێستگەی سەختیی ژیاندا، نیشتمان بەجێدەهێڵێت. نیشتمانپەروەری لای منداڵ دەبێت هێندە قووڵ بێت کە هیچ گۆڕانکارییەکی سیاسی و ئیداری نەتوانێت لە ریشەی دەربهێنێت.