نەگۆڕ و گۆڕاوەكانی ناو كۆمەڵگە

ڕووبار مەجید - دكتۆرا لە یاسای دەستووری

مرۆڤ بۆ ئەوەی ئاسوودە و تاڕادەیەک بێ كێشە بژی، پێویستە راستەڕێ بگرێتەبەر، تا رووبەڕووی كەمترین ئاستەنگ ببێتەوە و زۆرترین سوود بەدەستبهێنێت و بەهای مرۆڤایەتیی خۆی و كەسانی دەوروبەریشی بپارێزێت، بۆ ئەمەش پێویستە لەسەر مرۆڤ بەها نەگۆڕ و چەسپاوەكان و پرۆسە گۆڕاو و دینامیكییەكان لەیەكتری جیابكاتەوە، تا ژیانێكی هاوسەنگ بباتە سەر، واتە بیربكاتەوە لەوەی كە ئاخۆ چ شتێك لە ژیانیدا پێویستە بە نەگۆڕی بمێنێتەوە و لە چیدا گۆڕانكاری بكات و بەرەوپێشەوەی ببات، چونكە مرۆڤ بەردەوام پێویستە لە مێشكی خۆیدا پرسیار دروست بكات و بە دوای وەڵامەكەیدا بگەڕێت، كە هەندێکجار لە واقیعی ژیان و هەندێکجاریش لە دەوروبەر، یان كەسانی خاوەن ئەزموون، یان لە سەرچاوە زانستییەكانەوە وەڵام وەردەگرێتەوە.

بەها نەگۆڕەکان چین؟ 
وەڵامی پرسیاری دیاریكردنی نەگۆڕ و گۆڕاوەكان لە ژیانماندا، بریتییە لە دابەشكردنی بەهاكانی ژیان بۆ  بەها چەسپاو و رەگ داكوتاو و جێگیر و نەگۆڕ و پرۆسە ئەقڵی و گۆڕاوەكان. 
هەرچی بەها نەگۆڕەكانن بریتین لەو پرەنسیپ و بنەما و بیركردنەوە و رەفتارە بەهادارانەی كە شكۆی مرۆڤیان لە دێرزەمانەوە پاراستووە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانیان بە بەڕێزی و پایەداری هێشتۆتەوە و جوانییان داوە بە كۆمەڵگە مرۆڤایەتییەكان و رێز و خۆشەویستییان بەرهەمهێناوە لەنێوان مرۆڤەكاندا كە ئەم بەهایانە هەر لە سروشتی ژیانەوە سەریانهەڵداوە تا بە چەسپاوی بهێڵرێنەوە. 


مرۆڤ بەنرخترین بوونەوەری سەرزەوییە، بۆئەوەی بەها جوانەكانی لە دەست نەدات و بە مرۆڤێكی سەنگین و رەسەن بمێنێتەوە، ئەو بەهایانەش وەكو رێز و وەفا و گەورە و بچووكی زانین و پاراستنی نەریت و بەها كۆمەڵایەتییە جوانەكانە، كە شیرازەی كۆمەڵگە و خێزانیان لە تێكچوون پاراستووە و دەیپارێزن. 


گۆڕاوەكانیش بریتین لە پرۆسە ئەقڵییەكان و بەرەوپێشبردنی زانست و زانیاری و بیركردنەوە بۆ تێگەیشتن و خۆ تازەكردنەوە و كرانەوە بە رووی زانست و بیركردنەوە مۆدێرنەكان كە ئەقڵ و هزری مرۆڤ بەرەو پێشەوە دەبەن، تا لە كاروانی زانست و زانیاری بەجێنەمێنێت و ئەقڵ و بیركردنەوەی بە چەقبەستوویی نەمێننەوە، واتە دەبێت مرۆڤ دەروازەی ئەقڵی كراوە بێـت بۆ پێشوازیكردن لە بیری زانستی و لۆجیكی تازە لە ژیانیدا و سوودیان لێوەربگرێت بۆ شكاندنی رۆتینی ژیانی و بەدەستهێنانی دەستكەوت و سەركەوتنی زیاتر و لە كۆڕ و كۆمەڵەكاندا بۆ زانیاری و وتن و وشە دانەمێنێت، بەمەش هەم خۆی و هەم چواردەورەكەی سوودمەند دەبن، ئەم پرۆسە عەقڵییە وەك بزوێنەری ئامێرەكانە، نابێت رابووەستێت و پێویستە بەردەوام لە گۆڕانكاری و نوێبوونەوەدا بێت، بە پێچەوانەوە ئەقڵ و بیركردنەوەكانی مرۆڤ چەقبەستوو و ژەنگگرتوو دەبن و دواتر پاككردنەوە و كارپێكردنیان ئەستەم، یان مەحاڵ دەبێت.

 هاوكێشەكە ئاوەژوو بۆتەوە
گرفتەكە لەوەدایە لە بارودۆخی ئێستای كۆمەڵگەدا، ئەم بابەتە پێچەوانە بۆتەوە و هەڵەیەك هەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ نەگۆڕ و گۆڕاوەكاندا لەلایەن زۆربەی كۆمەڵگەوە، بەتایبەتی نەوەی ئێستا كە ئەویش بەهۆی ئەوەی لە واقیعی ئێستادا هاوكێشەكە ئاوەژووبۆتەوە و بەها نەگۆڕەكان گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە بەرەو خراپتر، چونكە ئەم بەهایانە لە سەرەتاوە و بەپێی یاسای سروشتی و مامەڵەی كۆمەڵگە، وەك پیرۆزی و بڤە سەیر كراون كە نابێت دەستیان بۆ ببرێت، چونكە تێكدەچن، بۆیە دەبینین ئێستا نەگۆڕەكان بە گۆڕاو و گۆڕاوەكان بە نەگۆڕ تەماشا دەكرێن، واتە هەندێک یان زۆربەی نەریت و بەها جوانە كۆمەڵایەتی و كوردایەتی و مرۆڤایەتییەكان گۆڕاون و بەرەو كاڵبوونەوە یان نەمان رۆیشتوون، كەچی بە پێچەوانەوە ئەگەر سەیر بكەین گۆڕاوەكان، بریتین لە پرۆسەی ئەقڵی و بیركردنەوە و وەرگرتنی زانست و زانیاریی تازە بە بەردەوامی و دروستكردنی گۆڕانكاریی ئەرێنی و دروست لە مرۆڤدا یان گۆڕانكارییان بەسەردا نایەت، یان زۆر بە سستی هەوڵی سەرخستن و پێشخستنیان دەدرێت، لە كاتێكدا ئەم پرۆسەیە دینامیكییە و پێویستە بەردەوام لە جووڵە و گۆڕانكاریدا بێت، جا لەبەر ناهاوسەنگیی لەم هاوكێشەیەدا، كێشەكان لە كۆمەڵگەدا بەرەو زۆربوون دەچن و چارەسەرەكانیش دەرەقەتیان نایەن، بۆیە پێویستە مرۆڤ بەردەوام بیر لەوە بكاتەوە هۆشیار بێت بە دانانی نەگۆڕ و گۆڕاوەكان لەو خانانەی ژیانیان كە بۆیان دیاریكراوە لە خشتەی ژیاندا، وەك ئەوەی پێویستە مامەڵەیان لەگەڵ بكات نەك بە پێچەوانەوە، ئەویش بەوەی كە بەها نەگۆڕ و چەسپاوەكانی كۆمەڵگەكە ئەو جوانییەی بە مرۆڤی دەبەخشن، بە نەگۆڕی و پارێزراوی بهێڵێتەوە و بەردەوام گۆڕانكاریی لە گۆڕاوەكاندا بكات و كاروانی پرۆسەی ئەقڵی و زانستی و خۆبەرەوپێش بردن و خۆگونجاندن لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا رانەگرێت و بەردەوام گۆڕانكارییان تێدا بكات، ئەوكاتە هاوكێشەكە هاوسەنگ دەبێت و كێشەكانی كۆمەڵگە بەرەو كەمبوونەوە و نەمان دەچن.