له‌دادگای ئێوه‌دا سیخوڕین به‌ڵام

نیاز عه‌بدوڵڵا – ڕۆژنامەنووس

 

ده‌ستتێوه‌ردانی حیزبی و سیاسی ئاشكرا، دادگای ته‌مییز و سێ دادوه‌ره‌كه‌ی خسته‌ به‌رده‌م ده‌ركردنی بڕیار‌ێكی سته‌مكارانه‌ی شێوه‌ ئابڕووچوونی مێژوویی له‌ دژی رۆژنامه‌نووسانی بادینان، به‌ راد‌ه‌یه‌ك دادگای ته‌مییز رۆڵی وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ره‌نسا و هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژ به‌ داعش بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و ئه‌و رۆڵه‌ ئه‌رێنییه‌ی له‌ ساڵی ١٩٩١ه‌وه‌ بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن چه‌ند وڵاتێكه‌وه‌ گیراوه‌ته‌به‌ر له‌ ده‌ركردنی بڕیاره‌كانی وه‌ك ناوچه‌ی دژه‌ فڕین و بڕیاری نه‌وت به‌رامبه‌ به‌خۆراك،...، كرده‌ قوربانی كینه‌ی حیزبی ده‌زگای ئاسایش و مه‌سرور بارزانی.

 

له‌ پشت بڕیاره‌كانی ١٦ی شوباتی دادگای جینایەتی هه‌ولێر و دادگای ته‌مییز، ستراتیژ هه‌یه‌ له‌پێناو:

یه‌كه‌م: دابڕینی رۆژنامه‌نووسان و ده‌نگه‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا، بۆئه‌وه‌ی حیزب و حكومه‌ت، ئاسانتر و بێ چاودێری و به‌ربه‌ست و فشاری نێوده‌وڵه‌تی تاوان سه‌ركوتكارییه‌كانیان ئه‌نجامبده‌ن.

 

دووه‌م: رۆژنامه‌نووسان ترسیان هه‌بێت له‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی به‌رگریكردن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ و تۆماركردن و به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ییكردنی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌ریان هه‌یه‌. هه‌روه‌ها بۆ ئاشكرانه‌كردنی شوێنی زیندانه‌ نهێنییه‌كان و باسنه‌كردنی جۆر و شێوازی ئه‌و ئه‌شكه‌نجانه‌ی له‌ناو زیندانه‌كان هه‌ن.

 

سێیه‌م: هه‌ر نیاز پاكییه‌ك له‌لایه‌ن وڵاتان و كونسوڵخانه‌كانیان هه‌بێت‌ له‌پێناو به‌ دیموكراسیكردنی هه‌رێم، كۆتایی پێبهێندرێت بۆ خزمه‌تی ده‌سه‌ڵاتی تاكڕه‌و و پۆلیسی.

 

چواره‌م: ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی له‌ رێگای مینحه‌‌وه‌ پشتیوانی راگه‌یاندنه‌ سه‌ربه‌خۆكانیان ده‌كرد، چیتر ده‌ستكراوه‌ نه‌بن له‌ پێشكه‌شكردنی راهێنانی رۆژنامه‌وانی و هاریكاری، راگه‌یاندنه‌كانیش چیتر سوودمه‌ند نه‌بن له‌پێناو به‌رده‌وامی كاره‌كانیان.

 

پێنجەم: پاساوهێنانەوە لەپێناو دەستگیركردن و سزادانی رۆژنامەنووسان.

 

جگه‌ له‌ گرنگی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی راشكاوی وڵاته‌ دیموكراتیخوازه‌كان، بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی به‌ به‌كارهێنانی دادگا ئاراسته‌یان ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌ بوونی په‌یوه‌ندی گوماناوی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان، پێشنیار ده‌كه‌م:

یه‌كه‌م: باڵیۆزخانه‌كان پێدانی ڤیزا ره‌تبكه‌نه‌وه‌ به‌و به‌رپرسه‌ سیاسی و حیزبیانه‌ی كه‌ تێوه‌گلاون له‌ ئه‌نجامدانی تاوان و پێشێلكاری به‌رامبه‌ر به‌ رۆژنامه‌نووسان و به‌رگریكارانی مافه‌كانی مرۆڤ.

دووه‌م: له‌ رێگای ده‌ركردنی بڕیار و فشاره‌وه،‌ كاربكرێت بۆ لێسه‌ندنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی وڵاتی دووه‌م له‌‌و به‌رپرسانه‌ی تێوه‌گلاون له‌ تاوان و پێشێلكاری و گه‌نده‌ڵی.

سێیه‌م: ئه‌و هاوكارییه‌ لۆجستی و داراییه‌ی وڵاتانی وه‌ك ئه‌مریكا و ئه‌ڵمانیا و وڵاتانی دیكه‌ پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمی كوردستانی ده‌كه‌ن، له‌ژێرچاودێری وردبێت له‌پێناو:

- به‌كارنه‌هێنانی ئه‌و پاره‌ و چه‌كانه‌ بۆ ترساندن و سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان.

- هاوكارییه‌كان له‌به‌رامبه‌ر پابه‌ندبوون بێت به‌ بنه‌ماكانی دیموكراسی و رێزگرتن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ.

چواره‌م: له ‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ترس و تۆقاندنه‌ی له‌ رێگای زیندانیكردنی رۆژنامه‌نووسانی بادینان و تۆمه‌تی په‌یوه‌ندی گوماناوییان له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌كان دروستكراوه‌، پێویسته‌ هه‌نگاوی پێچه‌وانه‌ بنرێت بۆ ده‌ركه‌وتن و كۆبوونه‌وه‌ و گفتوگۆی زیاتری نێوان رۆژنامه‌نووسان و دیپلۆماتكاران و پسپۆرانی نێو كونسوڵخانه‌كان، نه‌ك به‌ ته‌نیا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان و رێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی، به‌ڵكو پێویسته‌ ئه‌مه‌ په‌ره‌بستێنێت بۆ ئاستی چین و توێژه‌كان.

 ‌

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی حیزبه‌كان له‌رێگای هه‌ژماری ساخته‌ و فه‌رمییان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌وڵیانداوه‌ پڕوپاگه‌نده‌ی سیخوڕبوون بڵاوبكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌و رۆژنامه‌نووس و چالاكوانه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ی له‌گه‌ڵ باڵیۆز و كونسوڵ و دیپلۆماتكاره‌كان ده‌ركه‌وتوون، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ سیخوڕیانه‌ی پێشوو كه‌ كاریان بۆ ده‌كرا له‌ سه‌رده‌می حكومه‌تی پۆلیسی كابینه‌ی نۆ، قۆناغی خه‌باتی نهێنی جێهێشت و كه‌وتۆته‌ به‌كارهێنانی دادگا.

 

له‌ كۆی ئه‌و فشار و قوربانی و ئازاره‌دا، كۆڵنه‌دان رێگای سه‌ركه‌وتنی بیری رووناكه‌ به‌سه‌ر ئه‌م قۆناغه‌ تاریكه‌دا‌، بۆیه‌ یه‌كانگیری و گفتوگۆی ئه‌و ده‌نگه‌ سه‌ربه‌خۆیانه‌ی له‌سه‌ر ئازادی و دیموكراسی كۆكن زامنی سه‌ركه‌وتن ده‌بێت به‌سه‌ر سته‌مدا.