لە ساڵیادی شاڵاوەکانی ئەنفال..

عەدالەت عومەر

 

بەیانی ١٤/٤ رۆژی یادەوەری شاڵاوەکانی ئەنفالە لەو رۆژە سەختترین وێرانکاری و تاڵان و زۆرترین کەس بێسەروشوێنکران کە لە شاڵاوی ئەنفالی سێیەم لە گەرمیان بوو..

جینۆسایدی ئەنفال لە مانگی شۆباتی ١٩٨٨ تاکو ٦ ئەیلولی ١٩٨٨ لە سەرتاسەری کوردستان بێ جیاوازی ئایین و رەگەزو تەمەن دژی نەتەوەی کورد لە لایەن رژێمی بەعسی رووخاو ئەنجامدرا.

 

بە کورتی جینۆسایدی ئەنفال:

ئەنفال جینۆسایدی نەتەوەیەک بوو و سرینەوەی شوناس و پاکتاوی رەگەزی بوو.

ئەنفال تێکدان و شێواندنی کلتور و زمان و ئەدەب و فەرهەنگ بوو.

ئەنفال بۆ هەڵتەکاندنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری و کشتوکاڵی و ئاژەڵداری و وشک کردنی کانیاوەکان و سوتاندنی رەز و باخ و خاپوورکردنی خانووبەرە.

ئەنفال پەیرەو کردنی سیاسەتی خاک سوتاندن بوو.

ئەنفال جیاکردنەوەی نێر ومێ، پیر و گەنج، دایک و منداڵ و هەڵوەشاندنەوە و لێکترازانی خیزان و سوکایەتی بە رەوشت کەرامەتی مرۆڤەکان بوو.

ئەنفال تەنها کوشتن و بێ رۆح کردنی مرۆڤەکان نەبوو بەڵکو پێشلکارییەکی زەق لە دژی مرۆڤایەتی بوو بە بەرچاوی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە بێدەنگی ئەوان هەزاران مرۆڤی سێڤیل بە هەزاران هیوا و ئاوات کوژران.

ئەنفال ئۆردوگا وکۆمەڵگای زۆرەملێ و کەمپ و قەڵای سەربازی و زیندان بوو وەکو سەربازگەی تۆپزاوا و دوبز و قەڵای نوگرە سەلمان و نزارکێ و زیندانی سەلامیە و چەمچەماڵ و... کە بەدەست رژێمی بەعسی رووخاو بەپێی پیلان و بەرنامەیەکی سیاسی و ستراتیژی و سەربازی و کارگێری تۆکمە بە ۸ قۆناغ لە ساڵی ۱۹۸۸ لە سەرتاسەری کوردستان بە بێ گوێدان بە ئایین و رەگەز و تەمەن ئەنجامدراو لە ئەنجامدا بووە هۆی:

بێسەروشوێن بوونی۱۸۲٠٠٠ مرۆڤی بێتاوان کە چارەنووسیان لەناو گۆرە بەكۆمەڵەکان بە دیار کەوت.

خاپوورکردنی٤٥٠٠ گوند.

لە ناو بردن و رفاندنی٥٠٠٠ سەر ئاژەل و رەشەوڵاخ.

وێران کردنی ۱٠ مەڵبەندی کارگێری.

کیمیاباران کردنی ۲۸٥ ناوچە لە سەرتاسەری کوردستان.

راگواستن و دەرکردنی بە زۆرملێی هەزاران کەس لەسەر بنەمای سیاسەتی بەعەرەبکردن.

ئەنفال ترۆپەکی هەموو تاوانەکانە کە لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بەسەر گەلی کوردستان جێبەجئ کرا.

دەیان تاوانی تر کە بە سەدان لێکۆلینەوە و کتێبی لەسەر نووسراوەتەوە؛ کە کاریگەرییەکانی تا ۱٠٠ ساڵی تر بەسەر کۆمەڵگا دەمینێتەوە.

لە کۆی ۳٠۱ گۆری بە کۆمەڵی دۆزراوە لە عێراق ۸٠٪ تایبەتە بە کورد کە تا ئێستا سەریان هەڵنەدراوەتەوە.

لە ئەنفال هەموو جۆرەکانی جینۆساید دژی گەلەکەمان پەیرۆ کرا؛ جینۆسایدی فیزیکی و بایۆلۆجی و ئابووری و کلتوری.

 

رۆحی ئەنفالکراوان شاد و ئاسودە و یادیان بەخێر..