لە قوربانییەکی بێدەنگەوە بۆ شایەتحاڵی زیندوو
سازیان شەهید - نووسەر
١٢ ساڵ تێدەپەڕیت بەسەر جینۆسایدی خوشک و برایانی ئێزدیمان لە شنگال، ئەم کارەساتە کۆمەڵکوژییە تەنها رێکەوتێکی مێژوو نەبوو، بەڵکو برینێکی قووڵ و هەمیشە زیندووە لە دڵ و ویژدانی مرۆڤایەتیدا و پەڵەیەکی رەشە بە نێوچاوانی بیری تاریکپەرستیدا، لە ئابی ٢٠١٤ بیری رەش و عەبای رەشی داعش باڵی کێشا بەسەر شنگال و دەوروبەریدا، ئەمە تەنها بە تاوانی کوردبوونیان نەبوو، بەڵکو بەتاوانی ئازادی لە بیروباوەڕ و ئاییندا بوو، ئەوان هاتن بۆ سڕینەوەی خاکی پیرۆزی ئێزدییەکان بۆ خاپور کردن و وێرانکردن و کوشتنی ئازادی و مرۆڤایەتی.
تاوانی جینۆسایدی ئێزدییەکان و کوشتنی هەزاران خەڵکی بێتاوان و پەرتبوونی سەدان خێزان و بە کەنیزەکبردنی کچانی لێکەوتەوە، جگە لە چیرۆکی سەدان کچی بێسەروشوێن، لە نۆرەی ئەماندا کۆیلایەتی گەڕایەوە و لەناو بازاڕی ئەم کۆیلەبوونەدا فرۆشران و زۆرینەیان تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە لای کەسوکاریان. تاوانەکانی داعش دژ بە گەلی کورد و هەڵگرانی بیروباوەڕی ئێزدی، ئەوەندە زۆرە کە بەهیچ شێوەیەک دەستیان نەپاراستووە بە بێبەزەییانە هەموجۆرەکانی توندوتییژیان بەرامبەر کراوە، تاوانەکانیان هەر لە: (تیرۆر-کوشتنی بە ئەنقەست- زیندە بەچاڵکردن- رفاندن- ئەشکەنجەدان- راگواستن- بازرگانیکردن بە مرۆڤ- دەستدرێژی سێکسی- سۆزانی زۆرە ملێ-بەزۆر سکپرکڕدن- بەزۆر حەشاردان)، ئەمە جگە لە روخاندنی ماڵەکانیان و بەتاڵانبردنی سەروەت و ماڵ و ماڵاتیان.
ئەم تاوانە، بۆ گەلی کوردی ئێزدی تاوانێکی نوێ نییە بەدرێژایی مێژوو چەندین جار کەوتوونەتە ژێر هەڕەشەی لەناوچوون، لە کتێبی (تاثیر فرمان ٧٤ علی النساء الایزیدیات) ئەکادیمیای ژنۆلۆژی بە زمانی عەرەبی بڵاویکردۆتەوە، بە خشتەیەک تەواوی ئەو هێرشە خوێناویانە رووندەکاتەوە کە لەناوچەکانی شنگال و شێخان و جۆلەمێرگ کراوە، بەداخەوە باس لە چەندین هێرشی دیکە دەکات بۆسەر ناوچەکانیان بە بیانووی جۆراوجۆ، چونکە ئایینەکەیان ئایینێکی کۆنی یەکتاپەرستی دێرینە و پەرستگای لالەش شوێنی پیرۆزیانە و دەکەوێتە قەزای شێخان سەر بە پارێزگای دهۆک و لە ناوچەکانی شنگال و دەشتی موسڵ و جەزیرە بڵاوبوونەتەوە، ئێستا نزیکەی دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسن.
لە تەواوی هێرشەکاندا ژنانی ئێزدی باجی گەورە و قورسیان داوە بە بیانووی موسوڵمان نەبوونیان شەرعیەت دراوە بەوەی وەک کەنیزەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و وەک سەبایا لەناو بازاڕ کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت، بەبێ ویستی خۆیان بکرێنە ژن، ببنە دایک و خزمەتکار بێ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ هەست و ژنبوونیان، بەبەرچاویانەوە منداڵ و کچ و کوڕەکانیان کوژراون، یان رفێندراون، هەموو ئەمانە دژی بنەماکانی مافی مرۆڤ بوو کە بەبەر چاوی جیهانەوە کرا، لە ماوەی ١٢ ساڵ تەنها ١٩ وڵات دانیناوە بەم جینۆسایدەدا.
لەدوای ئەم کارەساتەوە، ئەوەی ئێزدییەکانی گۆڕی، ئەوە بوو لە قوربانییەکی بێدەنگەوە بوونە شایەتحاڵی زیندوو و بوونە پەیامبەری ئاشتی و دەنگیان گەیاند بە پەرلەمانی ئەوروپا، ئەو کۆمەڵ کوژییە بوو وایکرد کە ژنان و کچانی ئێزدی لە دۆخی چەقبەستوویی کۆمەڵایەتی و کەلتوری بێنێتە دەر بە فۆڕمێکی دیکە خۆیان پەروەردە بکەن و مەشق و راهێنان لەپێناوی بەرگریکردن لە ئازادی و نیشتمان و ئایین و کولتوور بکەن.
ئێزدییەکان توانیان باوەش بۆ ئەو کچ و ژنانە بگرنەوە کە لەژێر دەستی داعشدا بوون، یان رفێندرابوون و ئازاد ببوون، ئەوەش بووە وەرچەرخانێکی گەورەی کۆمەڵایەتی بەشێک لە برینی ژنانی ساڕێژ کرد و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ئێزدییەکانیشی لە روخان و کەوتن رزگار کرد، ئەو پشتیوانییە گەورەیە کچانی ئێزدی کردە سەرکردە و پاڵەوان و چالاکوان لە هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی سەدان کچی بێ سەروشوێن، ئەگەرچی لەدوای ١٢ ساڵ شنگال و ئێزدییەکان هچیان بۆ نەکراوە، ئەوە خۆیانن هەوڵی هەستانەوە و راوەستان دەدەن، دەیانەوێت سەرلەنوێ خۆیان بونیادبنێنەوە.
لە یادی جینۆسایدی کوردی ئێزدیدا، ئەرکی تاک بە تاکی کوردە ببێتە دەنگێک بۆ ئەو ناهەقییە گەورەیەی بەبەرچاوی دنیاوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کراوە، ببێتە دەنگ بۆ شنگال کە لەنێوان بەرداشی ململانێ سیاسییەکاندایە و هێشتا بەشێکی زۆری ئاوەدان نەکراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چارەنووسی سەدان ژن و کچی رفێندراو نادیارە، دەبێت دەسەڵاتدارانی کورد لایەنە سیاسییە کوردییەکان کاری جددیتر لەسەر ئەم پرسە بکەن.