بۆچی کاندیدی ژن؟

ڕۆزا دڵشاد مەریوانی - نووسەر

پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی دەنگ بە کاندیدی ژن دەدەم؟ رەنگە بڵێن لەبەرئەوەی ژنیت پێویستە دەنگ بە ژنێک بدەیت و پاڵپشتیی لە ژنان بکەیت، بەڵام هۆکارەکە تەنیا ئەوە نییە، لە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالاری تاڕادەیەک دواکەوتووی وەک ئێمەدا، تێیدا ژنانی بە توانا و خوێندەوار و خاوەن بڕوانامە و بگرە ئەوانەی هەموو پێوەرەکانی نموونەی مرۆڤێکی سەرکەوتوو پێکدەهێنن زۆرن، بەڵام تائێستا لە بواری سیاسەتدا ژمارەیەکی کەم لە ژنان هاتوونەتە پێشەوە و رۆڵیان پێدراوە، ئەوەش لەبەر هەندێک یاسا و رێسای کۆمەڵگەیە کە زۆربەی ژنە بەتواناکان ناوێرن بچنە بوارێکەوە تێیدا بکەونە بەردەم رووناکی و سەرنجی جەماوەر و رای گشتی، بە تایبەتی لەم سەردەمی تەکنۆلۆژیا و سۆشیاڵ میدیایەدا، کە تێیدا جوانترین مرۆڤ زۆر بە ئاسانی ناشیرین دەکرێت و تانە و تەشەری لێدەدرێت و پاڵەوانانی پشت شاشەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەر زۆریان هەر بۆ کات بەسەربردن یاخود لە رقی ئەو حزبەی ژنەکە زمانحاڵێتی بە هەموو جۆرێک هەوڵی ناشیرینکردنی دەدەن، بۆیە دەبینین ژمارەیەکی کەم لە ژنی بە توانا و خاوەن ئەزموون بوێریی ئەوە دەکەن خۆیان بخەنە نێو ئەو گێژاوەوە و ژیانە ئارامەکەی خۆیان تێکبدەن، بێگومان نەک لەبەرئەوەی ژن ترسنۆکە یان ناتوانێت وەک پیاوەکان ئازابێت، بەڵکو لەبەرئەوەی لەم کۆمەڵگەیەدا بەداخەوە هێشتا ژنی بوێر و ئازا بە هار و بێ رەوشت لە قەڵەم دەدرێت، لە بەرامبەردا پیاوێکی دەم پیس و هەڵەشە بە بوێر و ئازا ناودەبرێت.

 

چ ژنێک؟
هاوکات کاتێک دەڵێم دەنگ بە ژنێک دەدەم مەبەستم هەموو ژنێک نییە، بەڵکو چ ژنێک؟ ئەو ژنەی دەزانم خاوەن رابردوویەکی پاکە و ئەزموون و بڕوانامە و رۆشنبیریی ئەوەی هەیە، بچێتە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە و لە بەردەم ئەوانەدا قسەبکات کە نەک حیساب بۆ ژن ناکەن بگرە زۆریان حیساب بۆ کوردیش ناکەن، ژنێک بتوانێت لەسەر مافە رەواکانی گەلی کورد لە بەردەم هەندێک لە عەرەبە شۆڤێنییەکاندا دەنگ بەرزبکاتەوە و ئەگەر پێویستی کرد بێ ئەدەبیش بێت، چونکە ئەو گۆڕەپانەی ئەوان بۆی دەچن ئاسان نییە و چ ژن بن یان پیاو دەبێت کەسانێک بن دڵنیابین لەوەی، لەوێ دەتوانن شەڕی مافەکانی گەلی کورد و مووچەخۆران دەکەن، جا لەو نێوەندەدا ئەگەر کاندیدێکی ژن هەبێت خاوەن ئەو توانایە بێت، بێگومان وەک ژنێک دەنگم دەدەم بەو ژنە، نەک لەبەرئەوەی ژنە بەڵکو لەبەر تواناکانی و لەوەی بوێریی ئەوەی کردووە بچێتە گۆڕەپانێکەوە بە هی پیاوان لە قەڵەم دەدرێت، ژنێکە ئاسایشی دەروونی خۆی و خێزانەکەی دەکاتە قوربانیی بۆ گەیشتن بە جێیەک لێیەوە بتوانێک پەیامێکی پیرۆزتر بگەیەنێت، دەچێتە ژینگەیەکەوە زۆربەی چواردەورەکەی نەک دان بە ژندا نانێن و وەک کاڵایەک تەماشای دەکەن کە دەبێت تەنیا لە چوارچێوەی ماڵدا حەز و ئارەزووەکانی پیاو تێر بکات، بەڵکو دان بە میللەتەکەشیا نانێن و بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بچووککردنەوەی دەدەن و دەیانەوێت مووچە و بودجەکەی ببڕن و کەمترین پشک و بەشداریی لە حکومەتدا هەبێت.


ئەو ژنە کاندیدەشی دەنگی پێویست دەهێنێت و دەچێتە بەغدا، دەبێت بزانێت ژنانێک متمانەیان پێکردووە و دەنگیان پێداوە، نەک تەنیا وەک ژنێک، بەڵکو وەک مرۆڤێک، بۆئەوەی داکۆکیی لە مافەکانیان بکات وەک ژنان ئینجا وەک میللەتی کورد، هەروەها دەنگدانمان بە ژنە بەتواناکان بۆئەوەیە ئەو دەرفەت و پاڵپشتییەی ئەو جۆرە ژنانە لە دنیای سیاسەتدا پێویستییانە بۆیان فەراهەم بکەین و پشتگیرییان لێبکەین، هەروەها رەخساندنی دەرفەتەکان بۆ ژنانی بوێر و بە توانا ببێتە کولتوورێک لەو مەیدانەدا کە بە مەیدانی پیاوان دادەنرێت و لە مێژەوە لەلایەن ئەوانەوە قۆرخکراوە.