کوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس پەرستی

‌رۆزا حەمە ساڵح

 

ڕۆزا حەمە ساڵح‌

تاوانی کوشتنی ژنان بە بیانووی ناموس پەرستی بە قیزەوەنترین جۆری تاوان ھەژمار دەکرێت لە جیھاندا، هۆکاری ئەم جۆرە تاوانە لە ئەنجامی ئەو کەمو کوریانەیە کە لە ناو سەنتەری ھێزی کۆمەڵگا و ڕادەی ڕۆشنبیری تاكەکانییەوەسەرچاوەدەگرێ ئەمەش بە زۆری لە ناو کۆمەڵگا تەقلیدی و دواکەتوەکاندا دەبینرێت کە ژن تیادا بە پلە دوو ھەژمار دەکرێت.

کوشتنی ژنان بەم چەشنە تەنھا تاوانێک نییە دژی ژنێک بەڵکو تاوانە دژی تەواوی مرۆڤایەتی بە گشتی و نەوەی داھاتووش بە تایبەتی، بە وەی فشاری دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێ لە سەر خێزان بە جێدەھێڵێت، وەک پایەیەکی کۆنکریتی دژی پێشکەوتن و گەشەسەندی کۆمەڵگاش دەوەستێت.

کوشتنی ژنان لە سەر ئەو سەرپێچیانەی کە لە ناو کۆمەڵگادا لێی قەدەغەکراوە، بە یەکێک لە شێوازەکانی جیاوازی و ئەتک کردنی مافی مرۆڤ دژی ژن دادەنرێت، ئەم گرفتە لە تەواوی جیھاندا بوونی ھەیە بە تایبەتی لە ناو کۆمەڵگاکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست زیاترە، کۆمەڵگا عەرەبییەکان و کۆمەڵگای کوردیش بێبەش نییە لەم دیاردەیە، کە دەرھاویشتەی گرفتە کۆمەڵایەتی و دەروونی و ژینگەیی و ئاینی و ئابوری و پەروەردەیی و ڕۆشنبیرییە.

لە تەواوی وڵاتانی دنیادا و تەنانەت لە ناو کۆمەڵگا ئەوروپیەکانیشدا دیاردەی توند و تیژی وکوشتنی ژنان ھەتا ئێستا بنبڕنەکراوە، بە تایبەتی لە وڵاتی فەرنسا ڕێژەی کوشتنی ژنان زۆرترە بە بەراورد بە وڵاتانی تری ئەوروپا، بۆ نموونە لە وڵاتی فەرنسا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی ٦٦ ملیۆنە، لە ساڵی ٢٠١٩ زیاتر لە ١٣٠ ژن کوژراوە، بوونی ئەم ڕێژە زۆرە لە کوشتنی ژنان وای کرد کە حکومەتی فەرەنسا ھەوڵ بۆ چارەسەر و کەم کردنەوەی ئەم دیاردەیە بدات، بەوەی کە بازنی ئەلەکترۆنی لە دەست ئەو پیاوە توندڕەوانە بکرێت کاتێک دەبنە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ژنان و دابین کردنی پاسەوانی تایبەت بۆ ئەو ژنانەی کە ھەڕەشەیان لەسەرە، لە کاتێکدا بیرۆکەی بازنی ئەلەکترۆنی لە دوای ساڵی ٢٠١٠ وە لە ھەر یەک لە وڵاتانی سویسرا و ئسپانیا بە ڕێژەیەکی باش سەرکەوتنی بە دەست ھێنا وتوانی ئەو ژنانە بپارێزێت کە ڕوبەڕوی توند و تیژی و ھەڕەشە و کوشتن دەبنەوە

کاتێک باس لە کوشتنی ژنان دەکەین، دەبێت دەست بەرین بۆ ئەو ھۆکار و گرفتانەی کە بونەتە ھۆی تەشەنە و زۆر بوونی ئەم دیاردیە، لەوانە:

١/ کەم تەرخەمی یاسا و لێپرسینەوە نەکردن لەو پیاوانەی کە دەستیان لە کوشتنی ژناندا ھەیە و پێش ئەنجام دانی تاوانەکە ھەڕەشەیان لێدەکەن، زۆر جار ژنانیش ھانا بۆ دادگا دەبەن ، بەڵام تاوانبار سزا نادرێت و دواتریش زۆر بە ئاسانی و بە بێ چارەسەرێکی یاسایی گونجاو و تەندروست دەرباز دەبێت، کاتێک لێپرسینەوە نەبێت لە تاوانبار ئەوا ئاسانتر تاوانەکە ئەنجام ئەدات.
زۆر جاریش لە دوای ئەوەی تاوانبار تاوانەکەی دەکات و ڕاپێچی دادگاش دەکرێت، کەس و کاری ژنەکە ھیچ دەعوایەک لە سەر تاوانبار تۆمار ناکەن بە بیانووی ئەوەی کە کچەکەیان لە شەرەف و ناموس لایداوە و دەبێت بکوژرێت بۆ ئەوەی شەرف و ناموس بۆ خانەوادەکەنیان بگەرێتەوە، ئەمەش ھۆکارێکی ترە بۆ ئەوەی سزایەکی کەم بە سەر تاوانباردا بسەپێنرێت، زۆر جار تاوانبارە دەستڕۆشتوەکانیش لە لایەن حزبێکی باڵادەستەوە دەرباز دەکرێن بەبێ هیچ لێپیچینەوەیەک .

٢/ شارەزا نەبوونی تەواو لە ئاینی ئیسلام و ھاندانی پیاوان لە لایەن ھەندێک لە مەلاو و مامۆستایان، ئەگەر لە ڕووی ئاینی ئیسلامیشەوە سزا لە سەر شەرەفی ژن دابنرێت، ئەوا دەبێت چوار شایەت حاڵ ھەبێت بۆ ئەوەی بە سەریدا بچەسپێت، پێم وایە ئەگەر بەو پێیەش بێت ئەوا ھیچ ژنێک ڕوبەڕوی کوشتن نابێتەوە.

٣/ نەبوونی ڕۆشنبیری تەواو لە ناو کۆمەڵگادا بە گشتی و خودی ژنانیش بە تایبەتی، ئەمەش وادەکات کە ژنان زۆر بەئاسانی بێدەنگی ھەڵبژێرن و پێش وەخت ھەوڵی دەرباز بوون نەدەن و خۆیان ملکەچی مەرگ دەکەن بەمەبەستی ئابروو نەچوونی خێزانەکانییان.

٤/ ڕێکخراوەکانی ژنان بە گشتی لە بەرژەوەندی ژن کار ناکەن، یان ئەتوانیین بڵێن ھێز و دەسەڵاتێکی یاسایی و سەربەخۆ ودروست لە پشت ڕێکخراوەکانەوە نیین، کاتێکیش ژنێک توشی ھەرەشە و مەرگ دەبێتەوە و ھانا بۆ ئەم شوێنانە دەبات کە مافی بپارێزێت و داڵدەی بدات، مەخابن ھەر زوو بێھیوا دەکرێت و لە دوای ماوەیەکی کەم ڕادەستی کەس و کاری دەکرێتەوە.

ئەوەی کەماوەتەوە بیڵێم

دەبێت ژنان و چالاکوانانی بواری ژنان سەرەتا بەشەڕ بێن لەگەڵ ئەو یاسایانەی کە لە بەرژەوەندی ژناندا نیین، تاکە رێگایەک کە لە بەردەستە بۆ ڕزگارکردنی ژنان لەو کۆمەڵگادا فشار خستنە سەر دەسەڵاتە بەمەبەستی گۆڕینی یاسا نایەکسانەکان کە بەربەستە لە بەردەم هەموو گۆڕانکاری و پێشوەچونەکانی ژناندا. هەرچەندیش ڕودانی ئەوەش هەروا ئاسان نیە وە بەتایبەت لەم دۆخەشدا کە حکومەتێکی دامەزراوی لەئارادا نیەو ژنانیش پەرش و بڵاوو بێ ڕۆڵ و بێکاریگەریش کراون