كێشەی بیلاڕوسیا و ئەوروپا و فێڵكردن لە كورد

نازەنین عوسمان – مامۆستای زانکۆ

 

بیلاڕوسیا دەکەوێتە ئەوروپای ڕۆژهەڵات، سنوورەکەی لە باکوور لیتوانیا و لاتیڤیایە، لە ڕۆژهەڵات رووسیا و لە باشوور ئۆکرانیا و لە رۆژئاوا پۆڵندایە. شاری مینسک پایتەختەكەیەتی و لە ساڵی  ١٩١٨دامەزرا وەک یەکێک لە کۆمارەکانی یەکگرتووی سۆڤیەت، لە دوای هەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١ بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ، لە ١٩٩٤هەڵبژاردن کرا و ئەلکسەندەر لۆکاشینکۆ بوو بە سەرۆک کۆمار و تاکو ئێستا هەر سەرۆک کۆمارە  بۆ شەشەمین جار هەڵبژێردراوەتەوە، تاوانبار دەکرێت بەوەی یاری بە دەنگ دەکات و هەموو ئەوانەی دژی دەوەستنەوە یان دەخرێنە زیندان، تاکە وڵاتە لە ئەوروپا حوکمی لەسێدارەدانیان ماوە، یان ناچاردەبن ببن بە پەناهەندە و لە وڵاتەكە راکەن.

 
لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ رۆژنامەنووسێکی دژ بە لۆکاشینکۆ پەناهەندەیە و لە ئەوروپایە، لەنێو فڕۆکەیەکدایە، گەشتەکەی لەنێوان لیتوانیا و یۆنان دەبێ، بە سیناریۆیەکی شێوەی فیلمی هۆلیوود، بیلاڕوسیا دەڵێ ئەم فڕۆكەیە بۆمبی تێدایە، بە فڕۆکەیەکی مێک فڕۆکە مەدەنییەکە لە بیلاڕوسیا دادەبەزێنن و رۆژنامەنووسەکە دەستگیر دەکەن، بەهۆی ئەم کردەوەیەوە رەخنەی زۆری لێگیرا لەلایەن ئەوروپای یەکگرتووەوە و پێشتریش تاوانبار کرابوو کە لۆکاشینکۆ مافی مرۆڤ پێشێل دەکات و دەمکوتی دەنگە ناڕازییەکانە و ڕێگری لە رێکخراوە مەدەنییەکان دەكات و ناهێڵێ بە ئازادی كاربکەن.

نێوان ئەوروپای یەکگرتوو وبیلاڕوسیا تا دێ بەرەو خراپی دەڕوات بەتایبەتی لەگەڵ پۆڵندا و لیتوانیا، لەگەڵ ئەوەی لەنێوان ئەوروپای یەکگرتوو و بیلاڕوسیا لە ساڵی  ١٩٩٥رێککەوتنێکیان کرد تا گۆڕینەوەی پەیوەندی سیاسی و ئابووری رێکبخەن، بەڵام تاکو ئێستا واژوو نەکراوە، تا دێت هەڵوێستی رۆژئاوا توندتر دەبێت بەرانبەر بە بیلاڕوسیا لە هەموو روویەکەوە، سیاسی و بازرگانی.

ئەو سیاسەتەی بیلاڕوسیا پەیڕەوی دەکات لەگەڵ روسیا وەک نزیکترین وڵاتە بۆ روسیا گەر بەراورد بکرێت لەگەڵ کۆمارەکانی  سۆڤیەت کە سەربەخۆییان وەرگرت و جیابوونەوە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەكێتیی سۆڤیەت لە ١٩٩٠ لە ساڵی ٢٠٠٠ رێککەوتنێک کرا لەنێوان ئەو دوو وڵاتە تا تێکەڵ ببنەوە، بەڵام هەر نەکرا تا هەفتەی رابردوو لە٥ ی نۆڤەمبەری٢٠٢١ دوای ئەو رێککەوتنە پۆتین وتی "پێویستە سنووری هەردوو وڵاتەکەمان لە ئاسایشیدا بێت و پێکەوە رێگەنادەین هیچ لایەنێکی دەرەکی دەست بخاتە کاروباری وڵاتەکانمان و پێکەوە بەرەنگاریان دەبینەوە گەر هەوڵی ئاژاوە بدرێ"، ئەم رێککەوتنە زۆرلە پەیوەندییەکان دەگۆڕێت بەتایبەتی لەگەڵ ناتۆ کە لەسەر سنووری بیلاڕوسیایە، رەنگبێ بکەوێتە نێوان دوو بەرداشی روسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا.
 

هەرچەندە زۆربەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ روسیایە، بەڵام هەندێ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ رۆژئاوادا هەیە، بەتایبەتی ئامێری بەرنامەداركردنی ئەلیکترۆنی. بیلاڕوسیا دەوڵەمەندە بە پۆتاس و نزیکەی نیوەی بەرهەمی جیهانی لە بیلاڕوسیایە، چارەكێکی پێداویستی ئەوروپا لە بیلاڕوسیاوە دێتی، پۆتاس بەکاردێت بۆ زبڵی کیمیایی، زۆری بۆ ئەوروپا و ئەمەریکا هەناردە دەکات، بەشێک لە گازی رووسیا بە بیلاروسیا دا دەچێتە ئەوروپا، لە ئێستادا ئەوروپا و بەریتانیا کێشەی گازیان هەیە لە رێژە و لە نرخ بەرزی

لەو چەند رۆژەی دوایی گفتوگۆی نێوان رۆژئاوا بەتایبەتی پۆڵندا و لیتوانیا و برۆکسل لەگەڵ بیلاڕوسیا زمانی هەڕەشە بەکاردەهێنن، لۆکاشینکۆ هەڕەشەی کرد کە رۆژئاوا پڕ دەکات لە پەناهەندە و ماددە هۆشبەرەکان و گازیان لێدەبڕێ.

رەنگبێ ئەوەی بەلای کوردەوە گرنگ بێت ئەو پەنابارە کوردانەن کە لەسەر سنووری پۆڵندا و بیلاڕوسیا گیریان خواردووە لەبەر سەرما و برسێتی، زۆربەی ئەو پەناهەندانە کە چەند هەزارێکن و زۆربەیان کوردن و هەندێ عیراقی و سوری و ئەفغانستانی لەگەڵیانن، بە یارمەتی كۆمپانیای نەوتی رووسی لە کوردستان رێخۆشکەر بوو تا رێگەی گەشتكردنیان بۆ بیلاڕووسیا بکاتەوە. ئەم گەشتانە لە سەرەتای هاوینەوە دەستیپێکردووە. بە رێککەوتن لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی تورکیا و قەتەر و دوبەی ئەم پەناهەندانە بەڕێدەکەون، بە ڤیزەی مانگێک و بە هۆتێلەوە و بە پارەیەکی زۆر، پۆلیسی بیلاڕوسیا یارمەتییان دەدات تا سەر سنوور بڕۆن

ئەوەی ترسناکە بیلاڕوسیا بە پلان لەگەڵ روسیا ئەم کارە دەکەن و کێشەکانی خەڵکی ئێمە دەزانن لە رووی نەبوونی مووچە و کەمی ئازادی و نایەکسانی و نەبوونی کار و گەندەڵی و بێزاری خەڵک لە سیستمی بەڕێوەبردنی هەرێم، ئەوان بە مەبەست دەیکەن بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و هەم پارەیەکی زۆر دەچێتە وڵاتەکەیان و رێگای ئاسمانیان باش کار دەکات بەتایبەتی دوای کۆرۆنا و ئەو خەڵکەش وەک قوربانی بەکاریان دەهێنن بۆ خزمەتی مەرامی سیاسییان و خەڵکی ئێمەش بە ئاسانی کەوتوونەتە داویان.