ڕۆڵی ژن لە دەوڵەتی ئەیوبیدا

زوڵفان غەریب – نووسەر

 

ئەوەی جێگەی سەرنج ‌و تێڕامانە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەیوبییەكاندا ژنان شوێندەست‌ و كاریگەری گرنگیان هەبووە لە ژیانی سیاسی‌ و كۆمەڵایەتی‌ و هونەری ‌و ڕۆشنبیریدا، لەو ڕووەشەوە چەندەها سەرچاوەی زانستیی هەیە لەبارەی سەردەمی ئەیوبییەكان ‌و شێوازی حوكمكردنی کوردانەیان نووسراون‌ و شیكردنەوەی واقیعی و ڕاست ‌و دروستیان بۆ كراوە، ئاماژەكان بۆ ڕۆڵی ژنان لەو دەوڵەتەدا ڕوویان لەوەیە كە سەڵاحەدینی ئەیوبی (١١٧٤-١٢٦٠) بۆخۆی ڕێزی زۆری بۆ ڕۆڵی ژنان داناوە ‌و هەر لە هاوسەرەكەی خۆیەوە "عیسمەتدین خاتوون) ‌و (ڕەبیعە خاتوون)ی خوشكییەوە ‌و (سەفیە خاتوون)ی خێزانی شازادەی غازی كوڕی سەڵاحەدین ‌و (خاتوون ستولشام)ی دەسەڵاتداری ئەو سەردەمە‌ و زۆرەهای تر لە ژنانی بنەماڵەی ئەیوبی، لەلایەن خودی سەڵاحەدینەوە دەسەڵاتیان پێدراوە، كە بەشداری بكەن لە دروستكردنی خوێندنگە ‌و پەرستگا ‌و دامەزراندنی ناوەندەكانی زانست‌ و هونەر ‌و پەرەپێدان بە ڕەوتی سۆفیگەرێتی، هەروەها لەگەڵ ژنانی تری دەوڵەمەنددا چەندین ناوەندی گەشەپێدانی هوشیاری كۆمەڵایەتی ‌و چاكەخوازیی ‌و هەژاردۆستیی ‌و پشتیوانیكردنی گەشەپێدانی ئابووریی لەسەر دەستی ئەوان دامەزراوە‌، لەلایەكی تریشەوە هاندەری خوێندن ‌و خوێندەواریی بوون‌ و بۆ ئەو مەبەستەش مووچەیان بۆ ئەو مامۆستا‌ و زانا ‌و خوێندكارانە بڕیوەتەوە كە خۆیان بۆ خوێندن ‌و زانست تەرخان كردووە


لە سیستمی دەسەڵاتدارێتی ئەیوبیدا نازناوی (شازادە) بۆ ژنان بە هیچ زمانێك دانەندراوە، بەڵكو وشەی (خاتوون)ی دێرینی كوردی كراوەتە نازناوی ژنانی بنەماڵەی ئەیوبی ‌و بنەماڵە ناودار ‌و دەستڕۆیشتووەكان لەو سەردەمەدا.

 

ژنانی بنەماڵەی ئەیوبی دەسەڵاتیان پێدراوە كە بەشداری بكەن لە دروستكردنی خوێندنگە ‌و پەرستگا ‌و دامەزراندنی ناوەندەكانی زانست‌ و هونەر ‌و پەرەپێدان بە ڕەوتی سۆفیگەرێتی.

  

هەر ئەوانیش‌ و ژنانی تری بەتوانا ‌و زیرەك ڕێگایان بۆ چۆڵ كراوە كە بزاوتی زانستی ‌و سیاسی لە دەوڵەتەكەدا گەشەپێبدەن‌ و هەر خۆشیان ببنە كۆڵەكەی ڕاگرتنی ئەو بزاوتە ‌و دامەزراندنی زانكۆ ‌و خوێندنگەی جۆرا‌وجۆر ‌و مزگەوت‌ و پەروەردەخانە ‌و دابینكردنی خەرجی بەڕێوەبردن ‌و گەشەپێدانیان، ‌دەتوانین لێرەدا ناوی چەندین خوێندنگەی ئایینی ‌و زانستی ‌و پەروەردەیی بهێنین، كە ئاماژە بە هەندێكیان دەدەین:


یەکەم: خوێندنگەی شامییەی گەورە.

دووەم: خوێندنگەی شامییەی جەوانی.

سێیەم: خوێندنگەی خاتوونییەی جەوانی.

چوارەم: خوێندنگەی عادلییەی بچووک.

پێنجەم: خوێندنگەی عەزراوییە ‌و زۆرەهای تر


سەرباری ڕۆڵی زانستی ‌و ڕۆشنبیری‌ و هونەریی ژنانی ئەیوبی بەتایبەتی ‌و ژنان لەژێر دەسەڵاتی ئەیوبییەكاندا بە گشتی، دەتوانین ئاماژە بە ڕۆڵی دیاری ژنانیش بدەین لە بەشداریكردن لە دەسەڵاتی سیاسی‌ و فەرمانڕەواییدا، نموونەی ژنانی حوكمڕان زۆرن‌ و دیارترینیان (زەیفە خاتوون)‌و (شەجەرەتولدوڕ) بووە.


زەیفە خاتوون، كچی مەلیك سەیفەدین برای سوڵتان سەڵاحەدین بووە، حوكمڕانی هەرێمی (حەلەب) بووە ‌و لە ساڵی (١٢٣٦ی زاینی)دا جڵەوی حوكمدارێتی گرتووەتە دەست تا كۆتایی ژیانی ‌و ساڵی (١٢٤٢) كۆچی دوایی دەكات


نموونەی دووەمیش لە فەرمانڕەوایەتی ژنان لە دەوڵەتی ئەیوبیدا (شەجەرەتولدوڕ)ە كە ساڵی (١٢٤٩) حوكمی میسری گرتە دەست، دوای كۆچی دوایی هاوسەرەكەی كە فەرمانڕەوای میسر بووە


مێژوو باسی زیرەكی ‌و تواناداریی ‌و حیكمەتداری‌ و ئازایەتی ‌و دیپلۆماسییەتی ئەو دوو خاتوونە ئەیوبییە دەكات، كە توانیویانە دەسەڵاتی سیاسی‌ و سەربازی ‌و كۆمەڵایەتی ‌و ئابووری‌ و زانستی و هەموو بوارەكانی تری ژیان، لەژێر قەڵەمڕەوی خۆیان كۆ بكەنەوە ‌و بە باشترین ‌و شیاوترین شێواز بەڕێوەی ببەن ‌و تێیدا سەركەوتووبن.