کاتێ هەواڵ دەبێتە فیشەک
ماردین عەبدولکەریم-ڕۆژنامەنووس
کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم بە سەردەمی گەشەسەندنی جیهانگیریی دادەنرێت، بەوهۆیەوە زۆرێک لە وڵاتان لە رووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتوری و تەکنۆلۆژییەوە بوونەتە تۆرێکی تاڕادەیەک پێکەوەبەستراو و گەشەی خێرا و سەرسورهێنەریان بەخۆوە دیوە، لەبەرامبەردا هەرگیز ئەم فراوانبوونە بێ زیان نەبووە.
لەم وتارەدا باس لە جەنگی میدیایی دەکەین، کە بەهۆی جیهانگیریی و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا و ئینتەرنێتەوە بەجۆرێک پەلیهاویشتووە، کە جگە لە ئەرکە نەریتییەکەی، وەک چەکێکی بەهێز لە ململانێ و جەنگەکاندا بەکاردەهینرێت تا ئەو ئاستەی ئەمرۆ هەواڵ تەنیا پێدانی زانیاریی نییە، هێندەی وەک فیشەک دەبێتە ئازار بۆ وەرگرەکان.
جەنگی میدیایی لە جیهاندا مێژوویەکی قووڵ و دوورودرێژی هەیە، لە سەردەمی نامە و نەخشونیگار و سیمبولەوە، پاشان دروستبوونی چاپەمەنی و دواتر رادیۆ، کە رۆڵی کارای لەم ئەرکەدا بینیوە و بە خێرایی هەواڵە چەواشەکاریی و ساختەکانی جەنگی گەیاندۆتە گوێی بیسەران، ئەم مۆدێلە پێش هەر دوو جەنگی جیهانی و جەنگی ساردی نێوان ئەمریکا و سۆڤییەت، جەنگە نوێیەکانی وەک روسیا و ئۆکراین و جەنگی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران و ئێستاش جەنگی ئەمریکا و ئێران بەکارهێنراوە، جەنگەکان تەنیا لە رێی درۆن، یان لە لولەی تفەنگەکانەوە نەبوون، بەڵکو ئەوە میدیاکانن بۆ نێوجەرگەی ماڵەکان دەیانگوێزنەوە. بەوشێوەیە داهێنانە یەک لە دوای یەکەکانی بواری تەکنۆلۆژیا رۆڵی گەورەیان لەپەرەپێدانی جەنگی میدیاییدا هەبووە، بەجۆرێک هەموو داهێنانێکی نوێ تەکانێکیتری بەم هەنگاوە داوە، پاشان هاتنی تیڤی بە دەنگوڕەنگەوە ئەرکی رادیۆ کاڵ دەکاتەوە و بەهاتنی ئینتەرنێتیش لە سەدەی بیستویەکدا، جەنگی میدیایی قووڵتر و قێزەونتر دەبێتەوە، وا زیرەکیی دەستکردیشی هاتە سەر و هەموو داهێنانێک لەگەڵ ئەوەی پاڵی بەویترەوە ناوە لۆمارێ، بەڵام یارییە سیاسی و میدیاییەکەی گەرمتر و ئاسانتر کردووە، ئەگەر لە رابردوودا شەڕی میدیای کوردی ژیانی بێژەرێکی خستبێتە مەترسییەوە، ئێستا کورد لە هەموو کەس زیاتر دەتوانێ سوود لە زیرەکیی دەستکرد وەربگرێ و بیکاتە سەرەتای کاڵبوونەوەی ئەو مەترسییە.
داهێنانەکان دووڕوون، بۆ نموونە میدیا، وەک دەسەڵاتی چوارەم گرنگی و پێگەی خۆی هەیە، بەڵام کاتێ دەبێتە مۆدێلێکی ناشیرین بۆ جەنگ و شەڕی میدیایی، ئەوا دیوە دزێوەکەی پیشاندەدات، چونکە لەوبارەدا لە دەستی حکومەت و دامەزراوە میدیاییە گەورەکان دەردەچێ و کەسانی بەکرێگیراو، یان سەربەخۆ جڵەوی دەکەن و بە ئاراستەی بەرژەوەندیی نامەشروعدا دەیبەن، کە دواتر ئاسایشی دەروونیی تاک دەخەنە مەترسییەوە و ژینگەیەکی پرلە دڵەراوکێ بۆ کۆمەڵگە دروستدەکەن.
لە هەرێمی کوردستان پلاتفۆرمە ژمارەییەکان مۆڵگەی ئەم دیاردەیەن و بوونەتە مەیدانی گەرموگوڕی شەڕی میدیایی، بەوهۆیەوە هەواڵ تا رادەیەکی زۆر ئەرکە راستەقینەکەی لەدەستدەداوە، لەبری ئەوە پەنا بۆ زانیاری ساختە و پشتراستنەکراو دەبەن، ئامانجیان دروستکردنی پەستانی دەروونیی و ترس، تۆقاندن وخەڵەتاندن، رووخاندنی ورەی تاک، دروستکردنی گومان و پەرتەوازەکردنی خودی کۆمەڵگەی کوردییە لەپێناو بەرژەوەندیی لایەنێک دژی لایەنێکیتر، لەبری کارکردن لەسەرنەیاران، یان زۆرجار پەنا بۆ قۆستنەوەی هەستە نەتەوەیی و ئایینییەکان دەبرێت لە پێناو هاندانی خەڵک دژی یەکتر، بە کورتی و پوختی لە جەنگی میدیاییدا، جگە لە خەڵەتاندنی جەماوەر بێزارکردن و دروستکردنی نائارامی ئاوەژووکردنەوەی زانیارییەکان و شاردنەوەی بەشێک لە راستییەکان لە میللەت، رۆژ لە دوای رۆژ متمانەی خەڵک بە میدیا لاوازدەبێت.
هەڵبەت هەموو ئەمانەی ئاماژەی پێدەکەین بە مانای ئەوە نییە کورد خۆی لە هونەری جەنگی میدیایی داببرێ، لە رابردوودا ئەو جەنگە میدیاییەی، کە رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان دژی رژێمی دیکتاتۆری بەعس بەرپایکردووە، مێژوو شانازیی پێوەدەکات، بەڵام پرسیارە جددییەکە ئەوەیە بۆ دوای (35) لە بوونی میدیای ئازاد کورد شەڕی میدیایی تەنیا دژی خۆی بەرپا دەکات، بۆچی هێزی جەنگی میدیایی لە شارچێتی و سووکایەتی بە رۆشنبیران و سیخوڕی لەسەر سیاسەتمەداران و پڕوپاگەندە بۆ ژنان و گاڵتەکردن بە پیرۆزییەکانی یەکتر و سیاسەتی پەرتکە و زاڵبەدا کۆکردۆتەوە؟!
ئایا ئەو لەشکرە میدیا سێبەرەی کە بەربوونەتە گیانی یەکتر و رۆژ دوای رۆژ شەڕە میدیاییەکان خەستتردەکەنەوە، گەر پێکەوە رووبەرووی نەیاران بوەستنەوە، ئێستا نەدەبوونە قەڵغانی پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێم؟