لە بارەی پەیامەکەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە
شارا تاهیر

لەگەڵ ئەوەی مانگێک لەمەوبەر بەشی دووەمی ووتاری( جەنگ وەک چارەنوسی مرۆڤ) نوسی، لەو ووتارەدا باس لە گوتاری ئاشتی ئاپۆ دەکەم، کەچی پەیامەکەی بۆ منیش شۆکێنەر بوو….
بەڵێ پەیامەکە شۆکێنەر بوو، دەستی برد بۆ دوورترین پنتەکانی دڵنییایمان …. منیش شڵەژام، ترسام، هێندە شڵەژام کە پێویستم بە چەند کاتژمێرێک بوو تا جارێکی تر خۆم کۆبکەمەوە، تا بتوانم کۆدەکانی پەیەماکە بخوێنمەوە وبە ووردی لە سەر وشەکان بوەستم… …. دەبوو بیری خۆم بهێنمەوە کە ئاپۆ وشەی هەڵوەشاندنەوە بە مانای لەناوبردن و تێکشکاندن بەکارناهێنێت! نا، دڵنیاییم بە خۆم دەدا کە ئاپۆ هۆشیارە و بەئاگایە، بلیمەتە خۆی دەزانێت چی دەڵێت و چۆن دەیڵێت…ئاپۆ دەزانێت کە هەڵوەشاندنەوە لە ساناترین پێناسەی فەلسەفیدا واتە بونیاتنانەوە، دروستکردنەوەی شتێکی نوێ تۆکمەتر لەوەی کە هەیە…. ئاپۆ بللیمەتانە دوای پارادیمی سۆسۆلۆژیای ئازادی خۆی دەکەوێت…..
لێرەدا بەشێکی کورت لەو ووتارە دادەنێم کەو ئەویش وەڵامی پرسیاری دۆخی جەنگ کامەیە؟
وەڵامی هۆبز بۆ ئەم پرسیارە لە شیکردنەوەی پەیوەندی هێزە لە نێوان پیاوی بە دەسەڵات لە بەرامبەر پیاوی لاواز. بەو مانایەی ئەو کاتەی کە پیاوی لاواز و بێدەسەڵاتە، دەزانێت و درک بەوە دەکات کە لە باریدایە هاوشێوەی پیاوەکەی دراوسێی بێت، دەتوانێت وەک ئەو بەهێز و خاوەن دەسەڵات بێت، ئا لەو کاتەدا فکرەی شەڕ دنەی دەدات و ئامادەگی هەڵگیرسانی جەنگی هەیە. چونکە لەملایشەوە ئەوەی کە بەهێزە دەزانێت کە ڕێیتێدەچێت و ئەگەری ئەوە هەیە ئەویش وەک ئەوی دیکەی بەرامبەر لاواز بێت، دوودڵی و ترسی ئەوەی ڕۆژێک بێت ئەویش دەسەڵات لە دەست بدات. هەر بۆیە هیچیان فکرە و کەڵکەلەی شەڕ وەلانانێن و دەستبەرداری نابن تەنها لە یەک کاتدا نەبێت، کە جەنگ لە دژی یەکدا بەرپا بکەن، یەکێکیان بەسەر ئەویتریاندا زاڵ بێت. پارادۆکسی ئەم جەنگە لەوەدایە کە هەر بە تەنها ئەو کاتە دەکرێت کە بە هەموو شیوەیەک یەکێکیان ئەوە پیشان بدات کە دەتوانێت بجەنگێت، دەتوانێت جەنگێکی یەکلاکەرەوە هەڵبگرسێنێت، جەنگی بردنەوەی هێز، خولیای جەنگ و بردنەوەی جەنگ بە شێوەیەک لە کاروکردەوەکانیاندا بۆ دەستبەردارنەبوونی فکرەی جەنگ خۆی نمایش دەکات کە تەواو ڕاستەقینە دەردەکەوێت، هێندە ڕاستەقینە کە وا لەویتر دەکات دوو دڵ بێت و شک لە توانا و قودرەتی خۆی بۆ بردنەوەی شەڕ مان و نەمان هەبێت. هەر بۆیە کاتێک قسە لە سەر هێز و پەیوەندی هێزە ئەوا بە ڕای هۆبز پێویستە ڕەچاوی ئەم سێ پێوەرە بکرێت بەر لە هەڵگیرساندنی جەنگ:
یەکەم: نمایشێکی وورد و پێوراو: واتە تێگەیشتن و درک کردن بەوەی کە هێزی بەرامبەر نمایشێکی وورد و دەقیقی بۆ هێز و دەسەڵاتی من کردووە. هاوکات نمایشێکی ووردو دەقیقی خۆم بۆ هێزو دەسەڵاتی خۆم و هی هێزی بەرامبەریش.
ئەم خاڵە بۆ ئێمەی کورد زۆر گرنگە بە بێ ووردبوونەوە لە دەسەڵات و هەژمونی خۆمان وەک هێز و هاوکات ووردبوونەوە لە نمایشی هێز و دەسەڵاتی ئەویتر وەک هەژمون کە چی لە باردایە چی دەتوانێت بکات، ئەوا ئەگەری بردنەوە جەنگەکەمان دەخاتە مەترسیەوە. لە ئێستادا کاتێک دەنگۆی ئەوە هەیە کە تورکیا لاوازە بۆیە پەنای بۆ دانوستان و ئیمڕاڵی بردووە، شتێک نیە ئێمە هەر وا سەیری بکەین و بە هەست و سۆز مامەڵەی لەگەڵ بکەین، چونکە کورد ئەو کاتە خاوەنی دەسەڵات و هێز و هەژموونی خۆیەتی کە بتوانێت شەڕەکە بە بێ خودی شەڕ بباتەوە، ئەو کاتە براوەیە کە بتوانێت وا لە ئەویتر بکات دەستبەرداری فکرەی جەنگ بێت ،چونکە درکی بەوەکردوە کە کوردیش لەملاوە خاوەنی قودرەت و ئیرادەیەکە کە دەتوانێت جەنگەکە یەکلایی بکاتەوە.
دووەم: گوزارشتکردن لە ئیرادەی شەڕکردن، واتە تۆ بەوپەڕی ئیرادەوە جەنگ بەرپا دەکەیت، توانای خۆت بۆ بردنەوەی جەنگەکە نمایش دەکەیت. بە مانایەکی تر، نیوەی بردنەوەی جەنگەکەت لە سەر گوزارشتکردنی خۆت وەستاوە بۆ دەستبەردارنەبوون لە فکرەی جەنگ یان شۆڕش.
ئۆجەلان لەمبارەیەوە دەڵێت: گەر ئەمجارەیش نەگەین بە دەوڵەت ئەوا دەستەبەرداری شۆڕش نابین. کاتێکیش دەلێت شۆڕش مەبەستی گەیشتنە بە ئازادی، ئەو خۆی دەڵێت: ( شۆرشی پانتۆڵ، شۆرشی شەپقە، شۆرشی خواردنەوە، شۆرشی مەستوبوون، بە کورتی هەموو رۆژێک شۆڕشێک، ئەوانە فڕیان بە شۆرشەوە نیە، لە مێژووی شۆڕشەکان بڕوانن، شۆڕشێکی بەو شیوەیە نیە).
سێهەم: بەکارهێنانی تاکتیکی بێلایانە کە ئەمەیش پێویستە ئەقڵی وورد و دەقیقی لە گەڵدا بێت، کەی ئەم تاکتیکانە و بە چ شێوازو گوتارێک بەکاریدەهێنێت. چونکە لێرەدا تۆ باس لە ترس و دوودڵی خۆت بۆ هەڵگیرسانی جەنگ دەکەیت، لێ بە شیوەیەک ئەو ترسە نمایش دەکەیت کە ئەویتری بەرامبەر لەوە تێبگات کە تۆ تەنها و تەنها ئەو کاتە هەست بە دڵنیایی دەکەیت و ناترسیت لە بەرپابوونی شەڕەکە ،کە لانی کەم ئەویتر هێندەی تۆ ترس و دڵەڕاوکێی لە هەڵگیرسانی شەڕ بێت، گەر ئەمە مومکن بێت لە تۆیش زیاتر بترسێت لە بەرپابوونی شەڕ، جا ئەو کاتە تۆ دەتوانیت دەستبەرداری خودی فکرەی جەنگ بیت.
هەمیسان گەر لەم دیدە هۆبزییەوە تەماشای ئێستای کورد بکەین بە تایبەت لە ڕۆژئاوا و پێشنیارەکانی ڕابەر ئاپۆ لە ئیمڕاڵیەوە لەمەڕ دۆخی شەڕ و ئاشتی ئەوا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە کرۆکی قسەکانی ئاپۆ مانای دەستبەرداربوون لە شۆڕش و دانانی چەک نیە لە بەردەم دوژمن وەک ئەوەی زۆرێک پێانوایە، بەڵکو ئاپۆ بە ووردی شەڕی ئیرادە دەکات، شەڕی خوڵقاندنی ترس و دڵەڕاوکێ لە ناو ئەویتری دوژمندا بۆ دەستبەرداربوونی فکرەی جەنگ دەکات، بەمەیش نەک کورد دەدۆرێت بەڵکو دەبێت بە هاوهێز و هاودەسەڵات. ئاپۆ دڵنیایە لەوەی کە شەڕی یەکلاکردنەوەی هێز و هەژمونی هێز بە ئاشتی و لە کاتی ئاشتیدا دەکرێت.