جەنگ و کۆمەڵگە
جوان بەختیار بەهادین- خاوەن دکتۆرا لە مرۆڤناسی
جەنگ وشەیەکی قورس و قووڵە بە قەبارە و بە کاریگەری؛ تەنیا شەڕێک نییە لەنێوان دوو لایەن یان زیاتر، بەڵکوو ڕووداوێکە کاریگەری و ئاسەواری مەودادرێژی خۆی جێدەهێڵێت لەسەر تاک و کۆمەڵگە بە هەموو پێکهاتە و جومگەکانییەوە.
جەنگ بە درێژایی مێژوو بوونی هەبووە و لە دوای خۆی وێرانکاریی کۆمەڵایەتی، دەروونی، ئابووری، ڕامیاری، دامەزراوەیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتی جێدەهێڵێت.
جەنگ بارودۆخێکی نائاساییە؛ هەروەها هەواڵی جەنگ و ژیان لەناو جەنگدا دەبێتە هۆکارێک بۆ دروستبوونی کەشێک کە تاک و کۆمەڵگە بەرەو مەراق و ترس ببات. دەبێتە پاڵنەرێک بۆ گۆڕانی شێوازی بیرکردنەوە و ڕەفتار، ئەمەش وادەکات خەڵک زیاتر بەرەو ناجێگیری و هەندێک جار بەرەو توندوتیژی بڕۆن.
لە ئەگەری بەردەوامبوونی جەنگ و بەردەوامیی شڵەژان و ترس و داهاتووی نادیار، ئاراستەی تێکچوونی ئارامیی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروست دەبێت تا ڕادەی تێکچوونی شیرازەی خێزان و بیرکردنەوە لە مەترسیی شوێنی نیشتەجێبوون و کۆچ و ئاوارەیی (بەتایبەتی بۆ نەوەیەک کە چەند جار لە جەنگدا ژیابێت). هەروەها بیرکردنەوە و ترس لەدەستدانی ئەندام یان سەرپەرشتیاری خێزان، مرۆڤ بەرەو بیرکردنەوە لە قورسیی پێگەیاندنی نەوەیەک لە ژینگەیەکی ناسەقامگیردا دەبات.
هەروەها لە ڕووی هزرییەوە، لای تاکەکان هەستی نائارامی و متمانە لاواز دەبێت و هەستی چاوەڕوانیی داهاتووی ناڕوون زیاد دەکات؛ بەتایبەتی لای نەوەیەک کە جەنگی نەبینیبێت و هەواڵ و کەشی جەنگ بۆی نوێ بێت.
ئەوەی جەنگ قورستر دەکات وشەیە؛ کاریگەریی وشە و هەواڵ و چۆنیەتیی بڵاوکردنەوە و گواستنەوەی هەواڵ، کاریگەریی خۆی هەیە لە زیادبوونی مەترسی و دروستکردنی دڵەڕاوکێ، فشاری دەروونی و شڵەژانی کۆمەڵایەتی و دەروونی، لە لایەکی تریشەوە دروستبوونی قەیرانی پێداویستییەکانی ژیان.
بەڕێکردنی جەنگ تەنیا کاتی جەنگ نییە، بەڵکوو کاتی دەوێت بۆ گەڕانەوەی متمانە و سەقامگیری.