توندوتیژیى لە کەلەپوری کۆمەڵناسیدا
دكتۆر ئەسما الجميلي
پرسی توندوتیژی، سەرنجی زۆرێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی بەلاى خۆیدا راکێشاوە، سەرەتا لە ئیبن خەلدونى دامەزرێنەری زانستی شارنشینییەوە دەستپێدەکەین و دواتر بە ساتەوەختی زانستی ئێستا کۆتایی پێدێنین. فەیلەسوف و کۆمەڵناسەکان گومانیان لە بابەتى سروشتیبوونى رەفتاری توندوتیژی هەبوو، کە ئایا لە سروشتی مرۆڤدا هەیە، یان پاڵنەرێکە کە لە ژینگەی دەوروبەری مرۆڤەکانەوە بەدەست هاتووە؟.
چەمکی توندوتیژی لەهزرى کۆمەڵایەتیدا
ئیبن خەلدون پێی وابوو کە توندوتیژیی مەیلێکی سروشتییە و، لە نێو ئەخلاقی مرۆڤەکاندا نادادپەروەری و شەڕانگێزی بەرانبەر بە یەکتر هەیە. ئەو لە تیۆرەکەى دەربارەى ململانێ باسی لەوە کردووە کە دەشتەکییەکان هێرش دەکەن بۆ سەر شارنشینەکان و دەوڵەت دادەمەزرێنن، هۆکارى ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ (العصبية)، دەمارگیریی لاى ئەو بریتییە لە (ئەو وابەستەییەى کە پێویستى بە پەیوەندیى سۆز و خزمایەتى هەیە تاوەکو پشتیوانیکردن رووبدات)، بنەماى ئەم دەمارگیرییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئامادەییە زگماکییەی کە پاڵدەنێت بە تاکەوە بۆ پشتگیریکردن و بەرگریکردن لە خزمە خوێنيیەکەی خۆی. بۆیە ئیبن خەلدون پێیوایە کە توندوتیژیى لە سروشتى مرۆڤدا هەیە.
تۆماس هۆبز پێی وایە سروشتی مرۆڤ تێر بووە لە توندوتیژیی، چونکە مرۆڤەکان ئارەزووەکانیان دەیانجوڵێنێت و ئەم ئارەزووانەش زۆربەى جار ستەمکارانەن، یان لەبەرئەوەیە کە ئەلتەرناتیڤێکى بابەتییانەیە بۆ پێداویستییە بایۆلۆجییە بێ سنوورەکان، یان لەبەر ئەوەیە تێرکردنی ئارەزووەکان خۆی لە خۆیدا هۆکارێکە بۆ گەڕان بەدوای نوێبوونەوەیدا. هاوکات تێربوونى پێداویستى کەسی یان گروپ هەمیشە سنووردارە؛ ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە ئەو شتانەی دەتوانن ئەم ئارەزووانە تێر بکەن، بڕێکی دەگمەنن، ئەمەش هۆکارى کێبڕکێیەکی هەمیشەیی نێوان مرۆڤەکانە و بەو پێیەی هیچ کام لە تاکەکان ئەوەندە بەهێز نین کە باڵادەستی خۆیان بۆ هەمیشەیی بسەپێنن، بۆیە ناسەقامگیری کێبڕکێی نێوان مرۆڤەکان دەبێتە هۆی (جەنگی هەمووان دژی هەمووان).
بە پێچەوانەی هۆبزەوە، هەریەک لە (جان جاک رۆسۆ و کارل مارکس) وایدەبینن کە توندوتیژیی نوێنەری دۆخی سروشتی ناکات، چونکە رۆسۆ لەو باوەڕەدایە کە مرۆڤ بە سروشتى خۆی ڕەسەن و چاکە، هۆکارى گەندەڵبوونى دەگەڕیتەوە بۆ شارستانییەت و ژیارەکان. دواتر مارکس بۆی دەرکەوت کە توندوتیژیی تایبەتمەندیی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتییەیە کە بە قۆرخکردنی ئامرازەکانی بەرهەمهێنان گەندەڵ بووە، کێبڕکێی نێوان مرۆڤەکان بنەچەیەکى کۆمەڵایەتیی هەیە، پەیوەستە بە خاوەندارێتیی ئامرازەکانی بەرهەمهێنانەوە، لەبەرئەوە ململانێکە لەنێوان هەموواندا نییە دژی هەمووان، وەک هۆبز وتی، بەڵکو ململانێیەکە لە نێوان چینەکاندايە.
جێگەى وەبیرهێنانەوەیە، بایەخپێدانى مارکس بە پرسی توندوتیژىی جەختکردنەوە بوو لەسەر توندوتیژیی شۆڕشگێڕانە کە لە نێوان سیستەمی کۆمەڵایەتی و شارستانیدا روودەدات. هاوکات مارکس لە کاتی باسکردنی ململانێدا، هەریەک لە گۆڕانکاری و ململانێ و توندوتیژیی بەیەکەوە گرێدا و جەختی لەسەر ئەو رۆڵە ئەرێنییە کردووە کە توندوتیژیی لە بزووتنەوەی مێژوودا دەیگێڕێت.
سەبارەت بە (ئەمیل دۆرکهایم) لە توێژینەوەکانیدا بۆی دەرکەوتووە، کە توندوتیژیی دیاردەیەکی کەلتورییە و لەگەڵ شنەبای گەشەسەندنی کۆمەڵایەتیدا هاتووە، بەتایبەت لە گۆڕینى کۆمەڵگەکان لە کۆمەڵگەى میکانیکییەوە بۆ کۆمەڵگەى ئۆرگانى.
دواتر سمێنسەر لە تێڕوانینی خۆیدا بۆ ململانێ و توندوتیژیی، جەختی لەوە کردەوە، بەهۆی جیاوازیی ترادسیۆن و نەریتە باوەکانیانەوە، لە نێوان گروپەکاندا بوونی هەیە. لە کاتێکدا (کێمپلۆڤیچ) جیاواز بوو لە (سمێنسەر) لەو باوەڕەدابوو کە ململانێ لە سروشتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا هەیە، و لە ریشەی یەکەمی گەشەسەندنى مرۆڤەوە دەست پێدەکات؛ بەو پێیەی رەگەزەکان چەند سەرچاوەیەکی بۆماوەییان هەیە، ئەمەش بەو مانایەیە کە دوژمنایەتییەکی بۆماوەیی لە رەچەڵەکى مرۆڤایەتیدا هەیە بەرانبەر بە یەکتر.
جۆرج زیمڵ پێیوایە فۆڕمی دەربڕینی دوژمنکارانە کە لەلایەن تاکەکانەوە دەردەکەوێت، ئەرکی ئەرێنی بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی هەیە؛ چونکە لە ژێر بارودۆخی گرژی و فشاردا کار بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان دەکات، پاشان رێگری لە هەڵوەشاندنەوەی گروپەکە دەکات. بە واتایەکى تر کاتێک هاوڕێیەک یان هاوبەشی ژیان دژایەتییەک دەکات تەنها هۆکارە بۆ پێکەوەژیان لەگەڵ ئەو خەڵکانەى کە تەحەمول ناکرێن، چونکە لە نەبوونى ئەم دژایەتییەدا دەکرێت ئەندامێک لە ئەندامەکانى گروپ جیاببنەوە و پەیوەندییەکەى لەگەڵ گروپدا کۆتایی پێبهێنێت.