نەعامەکە سەری لەناو لمەکەدا دەشاردەوە، ئەوەی بە دەرەوە بوو گەورەتربوو!

بەشێک لە پەڕتووکی ( لەسەر ژن و ئایین و ڕەوشت)،  لە نووسينى د.نە‌وال ئەلسە‌عداوی.

وەرگێرانی: ڕۆزا حەمە ساڵح

 

ڕۆژی ٧ی مانگی سێبتەمبەری ٢٠٠٥ بەناو شەقامەکانی قاهیرەدا دەڕۆیشتم؛ بۆ ئەوەی بە چاوی خۆم بیبینم کە لە ڕۆژی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا چی ڕوودەدات،لەو کەسانەی  چاوم پێییان دەکەوێت دەپرسم  بۆچی بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە دەکەن، یان بۆچی بەشداری  ناکەن، لە وەڵامی خەڵکەکەدا گوێم لە گاڵتەوگەپ دەبوو، ئەمە خوی گەلی میسرە لە ڕێگەی گاڵتەجاڕی و پێکەنینەوە بۆچوونەکانیان دەردەبڕن.

 

کاتێک خوێندمەوە  تەنها لە ٢٠٪ ی خەڵک بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە، بۆ من جێگای سەرسوڕمان نەبوو، ئەمە لە کاتێکدایە ئەوانەی بەشدارییان کردبوو زۆرینەیان ژنان و پیاوانی ناو دامودەزگا حکومییەکانن، هەروەها ژمارەیەک  ژن و پیاو لە چینە باڵاکانی کۆمەڵگان، ئەوانەی بەدوای گۆڕانکاری زیاتردا دەگەڕێن بەرەو کەرتی تایبەت و بە تایبەتکردن، تاوەکو کەرتی ئابووری  لەناو بازاڕەکاندا هاوشێوەی ئەمریکای لێبکەن، بەمەش قازانجی زیاتر بۆ پیاوان و ژنانی  بازرگان  لە وڵاتەکەماندا بەدەستبهێنن.

پیاوێک لە ناوەڕاستەکانی تەمەنیدا بوو، ڕای وەستاندم، کرێکاری کارگەی قوماش بوو لە سەمنوود، چەند ڕۆژێک لەوەوبەر کارەگەکەیان داخرابوو، خاوەن کارگەکە نزیکەی هەزار کرێکاری دەرکردبوو، لەنێویاندا ئەم پیاوەی من بینینم یەکێک بوو لەدەرکراوەکان، لێم پرسی:

- دەنگ بەکێ دەدەی؟

- دەنگ بەو پیاوە دەدەم کە کارگەکەمانی داخستووە.

- ئەمە چۆن دەبێت؟

- ئەو بەڵێنی پێداوین  لەبری ئەو کارگەیە هەزار کارگەی تر بکاتەوە!

کابرا قاقایەکی کرد و پێکەنی، بەم گاڵتەجاڕیەی کردی ئەو دژ بەیەکیەی لە بەرنامەی حیزبی دەسەڵاتداردا ئاشکرا کرد.

 

•••

لەسەر شەقامی قەسری نیل، کچێکی شۆخی میسریم بینی، بە نەرم و نیانی هەنگاوەکانی دەنا، سەرپۆشێکی بەسەرەوە بوو، کاتێک لێی نزیک بوومەوە، بینیم پانتۆڵێکی تەسکی لە پێدابوو، کەمەری لە سەروو بانتۆڵەکەیەوە دیاربوو( بە ناوکیشییەوە)، هاوشێوەی ئەو پۆشاکە مۆدێرنانەی  لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا باو بوو، لە گەڵ پێداویستییەکانی جوانکاری و مکیاج و پاقلەی کوڵاو کە لە کالیفۆرنیاوە هاوردەی وڵاتەکەمان کرابوو.

 

لە کچەکەم پرسی: تۆ دەنگ بە کێ دەدەیت؟

- دەنگ بە ئەیمەن نور دەدەم.

-بۆچی ئەو؟

- چونکە گەنجێکی جوانە و ئەمریکا لێی ڕازییە.

-ئایا  تۆ لە ئەمریکا ڕازیت؟

- بەڵێ! ئەی مەگەر باشتر نییە لە ڕوسیا و کۆمۆنیزم و بێدینەکان!

- بێگومان تۆ موسڵمانێکی ئیمانداریت و حیجابت پۆشیوە.

- بێگومان، حیجاب فەرمانی خودایە.

- ئەی کەمەرت  کە دیارە؟

- عەیبی چییە؟ ئەمە مۆدەیە و هەموو کچەکانیش بەم شێوەیەن.

-کەواتە هیچ  دژبەیەکێک لە نێوان حیجاب و مۆدەدا نییە؟

-هیچ دژبەیەکێک نییە! هیچ باسێک لە قورئاندا نەهاتووە دژ بە مۆدە بێت!

 

•••

هەروەها چاوم بە ژنێکی ئەمریکی کەوت، لە قاهیرە دەژیا، ئەو لە یەکێک لە کۆمپانیا  ئەمریکییەکان کاری دەکرد، لەگەڵ ژنێکی میسریدا پێکەوە دەژیان، پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانیاندا هەبوو، پەیوەندی نێوان ژن و ژن یان نێوان دوو پیاو( هاوڕەگەز خواز)، لە ولایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکا و ئەوروپا و وڵاتانێکی دیکە ئەم دیاردەیە بۆتە  شتێکی ئاسایی.

 

گرنگی لەوەدا بوو ئەم خانمە ئەمریکییە سەرپۆشی بەسەرەوە بوو، کاتێک ئەم پرسیارەم لێکرد: ئایا هیچ ناکۆکییەک لە نێوان حیجاب و هاوڕەگەزخوازیدا نییە؟

- بە هیچ شێوەیەک ناکۆکی نییە!

- چۆن؟

- خودا فەرمانی پێکردوم قژم داپۆشم، بەڵام هیچ ئایەتێک لە قورئاندا نەهاتووە دژی هاوڕەگەزخوازی بێت.

- ئەمە چۆن دەبێت؟ ئەی قومی لوت بۆ کوێ چوون؟

- قومی لوت پیاو بوون، نەک ژن!

 

•••

ئەم لۆژیکە کە ڕەوایەتی بە دژایەتییەک دەدات، ڕەنگە لە نەزانی یان درۆ و فێڵەوە بێتە ئاراوە،  تایبەتمەندی ئەم سەردەمە نوێیەی ئەمریکایە کە تێیدا دەژین، سەردەمی بازاڕ و قازانج بە  خێراییەکی کەم، سەردەمی پارە و پیاو و ژنانی بازرگان، بەرزی و نزمی لە بازاڕی بۆرسەدا و لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یان پەرلەمانیدا، سەردەمی بەبازاڕکردنی ئەو کاندیدەیە کە ئەمریکا لێی ڕازییە، وەک ئەوەی کاڵایەک بێتو لە ڕێگەی ڕیکلامەوە یان میدیاوە لە بازاڕدا بکڕدرێت و بفرۆشرێت؛ مەبەستم میدیای حکومییە، کە لەڕێگەی تایبەتکردنەوە دەبێتە میدیای بازاڕ و قازانج و پارە، میدیایەکی میسری-ئەمریکی لە نوێترین جۆردا، میدیایەک خزمەت بە بازرگانە پیاو و ژنەکان بێت، ئەوانەی بەشداری لە بۆرسەی هەڵبژاردن و سیاسەت وحزبەکان دەکەن.

 

•••

ئەم لۆژیکه لەسەر ئەنجامدانی گرێبەسته سیاسی و بازرگانییەکان و بەدەستهێنانی دەنگ له هەڵبژاردنەکاندایە لەسەر حیسابی ئەو پرەنسیپ و بەرنامانەی که هەژاری و بێکاری و گەندەڵی له ناو دەبەن.

 

هەر لەبەر ئەم هۆکارە هیچ کام لە کاندیدەکانی سەرۆکایەتی نەیانتوانی بەرنامەیەکی باوەڕپێکراوە بۆ لەناوبردنی هەژاری و بێکاری و گەندەڵی پێشکەش بکەن، بەڵکو بەڵێنی درۆ و گاڵتەجاڕانەیان دا، وەک دامەزراندنی هەزار کارگەی نوێ، لەکاتێکدا ئەو کارگانەی کە باشن و قازانج دەکەن یەک لەدوای یەک دایدەخەن، هاوکاری دارایی پێشکەش دەکەن هاوشێوەی ئەو یارمەتیانەی کە لە ئەمریکا پێشکەش دەکرێن، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی گەندەڵی و هەژاری زیاتر و لەناو نەبردنیان، هەروەها پاساو هێنانەوە بۆ گەندەڵییەکان لە ڕوانینی ئەمریکاوە بەو پێیەی سروشتی مرۆڤایەتی گەندەڵە، یان  گەندەڵی لە هەموو وڵاتاندا بوونی هەیە نەک بە تەنها لە میسردا، وە یاخود هەژاران تەمبەڵ و گەمژەن و ڕقیان لە کارکردنە و شایەنی ئەو هەژاریەن. سەبارەت بەو کەسە زیرەک و چالاکەی کە لە بازاڕ و سیاسەتدا چالاکە، دوای ماوەیەکی کورت دەبێتە ملیۆنێر، هەروەها دەبێتە سەرکردەی پارتێک و خۆی بۆ سەرۆکایەتی کاندید دەکات، هەمووان پێی سەرسام دەبن بە کۆندالیزا ڕایسیشەوە.

 

•••

چەندە پێکەنینمان بەو ئەنجامە هات کە بزوتنەوەی دیموکراسی نوێ لە وڵاتەکەماندا هێنایە ئاراوە، لە هەموارکردنەوەی مادەی ٧٦ و پێکهێنانی لیژنەی حزبەکان کە لە ڕاستیدا ئەرکیان ئەوەبوو ڕێگری لە دروست بوونی حزبی ڕاستەقینە بکەن، یان تەنها  ڕێگە بە حزبە لاواز و گاڵتەجاڕەکان بدەن دروست ببن.

 

چەند پێکەنیین بە سەرۆکی حزبی ( گاڵتەجار) کە خۆی دژی حوسنی موبارەک کاندید کردبوو، کاتێک لێیان پرسی: بۆچی خۆت کاندید دەکەیت؟

گوتی: چونکە دەنگ بە موبارەک دەدەم!

 

نوکتەیەکی پێکەنیناوی بەهۆی ناتەباییەکی ڕوونەوە.

هەروەها چەند پێکەنیین بە سەرۆکی حیزبی (ئەلوەلید) یش، کە لەلایەن ئەنجومەنی دەوڵەتەوە مۆڵەتی کاتی لە دادگاییکردن لە دۆسیەیەکی تاواندا پێدرابوو، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکاندا ڕکابەرایەتی  حوسنی موبارەک بکات!

 

ئەمە لە کاتێکدایە یاسای نوێ (هەموارکردنەوەی مادەی ٧٦) ڕێگری لە حزبەکان و کەسایەتییە سەربەخۆکان  دەکات بەوەی کە زیاتر پابەندبن بە پرەنسیپەکانی دادپەروەری و ئازادییەوە لە چاو ئەوحزبە گاڵتەجاڕ و کەسایەتیە پێکەنیناوییەکان کە ڕێگەیان پێداون خۆیان کاندید بکەن.

 

پاشان دەبێت ئەو هێزە سەیر و سەمەرە چی بێت کە وایکرد ئەنجومەنی دەوڵەت لۆژیک و یاسا پێشێل بکات و مۆڵەتی (هەڵبژاردن) بدات بە کەسێک کە لە دۆسیەیەکی تاوانکاریدا دادگایی دەکرێت؟ ئایا دۆسیەکە هەڵبەستراوە؟ ئەی کەواتا بۆچی بەتەواوی هەڵنەوەشێتەوە؟ ئەی واتای مۆڵەتی کاتی چییە؟ مەبەست ئەوەیە دۆسیەکەی تاوانکارییە و دەتوانرێت خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر بکات؟ کەواتا ئەگەربێتو ببێت بە سەرۆکی دەوڵەت چی ڕوودەدات؟!

 

کەواتا چ هێزێکە وا لە ئەنجومەنی دەوڵەت دەکات ئەم ڕەفتارە سەیرە ئەنجام بدات، لەکاتێکدا بۆ کەسێکی ئاسایی شتی وا ڕوونادات ؟

 

هەندێک کەس دەڵێن: هێزی خاتوو کۆندۆلیزا ڕایسە، ستایش بۆ خودا( سبحان اللە)، هەمان ئەو کەسانەی سەرسامن بە هێزی خاتوو کۆندۆلیزا ڕایس و دژی ئەوەن ژنانی میسری بەبێ سەرپۆش بڕۆنە دەرەوە، هەروەها دژی بیرۆکەی ئەوەن ژنانی میسر ببنە سەرۆکی دەوڵەت یان کاندید بن بۆ سەرۆکایەتی، بە پاساوی ئەوەی ژنان کەمیی عەقڵ و ئایینیان هەیە، یان لەبەر ئەوەی دەکەونە سوڕی مانگانەوە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕێگرییە لەو ئەرکە سەرەکیانەی کە لێیان دەخوازرێت.

 

سەبارەت بە خاتوو کۆندالیزا ڕایسیش، ئەو ژن نییە، هیچ شتێکیش لەبارەی نەخۆشی سوڕی مانگانەوە نازانێت.

 

•••

هەروەها چەندە پێکەنین بەو کاندیدەی سەرۆکایەتیە کە چووبووە لای حزبی ئیخوانی موسلمین و پێی ڕاگەیاندبوون کە شەریعەتی ئیسلامی جێبەجێ دەکات،  ڕۆژی دواتر چووبووە لای قبطیەکان و پێی ڕاگەیاندنبوون کە ئایین بۆ خودایە و نیشتمان بۆ هەمووانە، ئاینیش دەبێت لە دەوڵەت و سیاسەت جیابکرێتەوە.

 

ئەم کاندیدە ڕایگەیاندبوو کە گرێبەستی لەگەڵ هەمووان کردووە، وشەی گرێبەستەکان لێرەدا بە تەواوی دەریدەخات کە هەڵبژاردنەکان، وەک بازاڕی بۆرسە و بازاڕی دارایی، تەنیا مامەڵە و گرێبەستێکە  ئامانج لێیان قازانج و بەدەستهێنانی دەنگە، بەبێ گوێدانە پرەنسیپ و بنەماکان.

 

ئایا لەبەر ئەمە هۆکارێکە خەڵکی ناڕەزایی دەرنابڕن (تەنها کەمینەیەک نەبێت) لەسەر پاشگەزبوونەوەی نوعمان جومعە (سەرۆکی حزبی وەفد) بە ڕێککەوتنێکی پێش وەخت بۆ بایکۆتکردنی هەڵبژاردن لەگەڵ هەردوو حزبی تەجەموع  و ناسری؟

 

لە پێناو بەرژەوەندییەکاندا وازی لە پرەنسیپەکانی هێنا، ئایا حزبی وەفد جگە لەو شکستە و سەرلێشێواویەی کە ئەمڕۆ تووشی بووە هیچی لە حزبی دەسەڵاتدار دەستکەوتووە، تا ئەو ڕادەیەی سەرۆکەکەی ڕایبگەیەنێت کە بەبێ ویستی خۆی چووەتە ناو هەڵبژاردنەوە، هەڵبژاردنەکە هەڵبژاردنێکی ساختە بووە؟

 

حزبی وەفد و سەرۆکەکەی دەیانتوانی ڕێز و حورمەت بەدەست بهێنن، ئەگەر بهاتبایە  پابەند بوونایە بە پرەنسیپەکان و ئەو پەیمانەیان بپاراستایە کە لە نێوان خۆیان و ئەوانەی بایکۆتی هەڵبژاردنیان کرد بوو.

 

لێرەوە تێدەگەین  پرەنسیپەکان لە دەستکەوتەکان گرنگترن، دادپەروەری و ئازادی ڕاستەقینە ئەوە نییە کە ڕابکەیت بۆ بازاڕی سیاسەت و بازرگانی و میدیایی، هەروەها واتای تەسلیمبوون و ملکەچبوون بۆ هێزی باڵادەست لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا ناگەیەنێت.

 

هەندێک کەس دەڵێن: بەربژێری حزبی دەسەڵاتدارو حزبی وەفد سەرکەوتن، هەروەها ئەم هەڵبژاردنەش لە دروستکردنی بزووتنەوەیەکی نوێدا سەرکەوتووبوو، لۆژیکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و دژایەتییەکانی  کۆندالیزا ڕایسیش سەرکەوتنیان بەدەستهێنا.

 

ئایا ئەمە سەرکەوتنە؟ ئایا ئەمە سەرکەوتنە یان دۆڕان؟ ئایا ئەم بزووتنەوە نوێیە بزووتنەوەیەکە بەرەو دادپەروەری و ئازادی و ڕاستگۆیی زیاتر دەمانبات، یان زیاتر سنووردارمان دەکات و درۆ و ئاشوبی زیاتر دەخوڵقێنێت و زیاتر بەرەو ملکەچبوون و تەسلیمبوون بە هێزە ئەمریکی-ئیسرائیلییەکانمان دەبات کە لە ناوچەکەدا زاڵن؟!

 

ئایا کۆمەڵکوژییەکانی فەلەستین و عێراق نابینین؟ ئایا ئێمە درک بەو پلانە دژبەیەکانەی ئەمریکا و ئیسرائیل ناکەین کە بە ڕوونی دیارە؟ پلانێکە بە پێی بەرژەوەندییەکانی لە ناوچە عەرەبیەکاندا دەگۆڕێت و بە تەنیا هانی بزووتنەوەی دیموکراسی دەدات تا ئەو ئاستەیە کە خزمەت بە بۆرسە و بازاڕ و سەرمایەداری جیهانی و ناوخۆیی بکات.

 

سەبارەت بە حیزبی ئیخوانی موسڵمانیش، ئەو ناکۆکییەی کە لە نێوان پرەنسیپ و بەرژەوەندییەکانیاندا هەیە، لە نێوان جەوهەری ئایین لە ڕووی دادپەروەری و ئازادییەوە، هەروەها پۆشینی ئایین لە ڕووی ڕیش و حیجابەوە پەرت و بڵاوی کردوون، کە لەهەمان کاتدا دەرهاویشتەی دژ یەک بوونی سیاسەت و ئەخلاقیشە.

 

ئەم کچە میسریە کە قژی بە سەرپۆشێک دادەپۆشێت و ورگی دەردەخات، بەنەرمییەکەوە دەڵێت: ئێ چییە؟ ئەمە مۆدەیە!.  یان ئەو گەنجە سیاسیانەی کە بۆینباخ نابەسن و دەڵێن: ئەمە مۆدەیە.