هەڵمەتی سەوزکردنی هەموو کوردستان

نەرمین عوسمان محەمەد - نووسەر

رۆژی ٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، هاوکات لەگەڵ هەردوو یادی رۆژی جیهانی خاک و رۆژی جیهانی خۆبەخشیدا، لە هەر چوارپارچەی کوردستان لەیەک کاتدا هەڵمەتی زاگرۆسانە دەستیپێکرد، بە مەبەستی زیاتر سەوزکردنی کوردستان و قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو درەختانەی لە ساڵانی پێشوودا لەناوچوون، بەهۆی سووتاندنەوە بێت یاخود هەر هۆکارێکی دیکە.


لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتەکە ماوەی ٢٥ رۆژ دەخایەنێت، بە بەشداری ٢٠٠ کەسی خۆبەخش لە چالاکوانانی ژینگە و هاووڵاتییان هەڵمەتی سەوزکردنەکە لە قۆپی قەرەداغەوە بە روواندنی بەڕوو دەستیپێکرد و تائێستا زیاتر لە ١٠ هەزار دار بەڕوویان روواندووە، بەهیوای ئەوەی پەیامێکی گرنگ بگەیەنن بە خەڵک و پێیان بڵێن: سروشت بەشێکی گرنگی ژیانی ئێمەیە، هاوسەنگیی ژیانە و دەمانەوێت دەستمان هەبێت لە سەرلەنوێ بوژاندنەوەی سروشتە جوانەکەی کودستاندا.


هەڵمەتی زاگرۆسانە، ناوەکەی لەوەوە وەرگیراوە کە نەوەکانی زاگرۆس دەیانەوێت بەشێکبن لە پارێزگاریکردن لە سروشتی کوردستان و لەوێشەوە بەشێکبن لە پارێزگاریکردن لە ئیکۆ سیستمی هەموو جیهان بەشێوەیەکی سەرەکی بە هەوڵ و هەڵوێستی نەتەوەییانە و ژینگەییانەی تۆڕێکی ژینگەیی کە پێکهاتووە لە  پێنج رێکخراو و تیمی ژینگەیی.


بە وتەی یەکێک لە رێکخەران و سەرپەرشتیارانی هەڵمەتەکە، ئەم هەوڵە لە ساڵی حەوتەمی تەمەنیایەتی و لە ساڵی ٢٠١٨ەوە هەیە، بەڵام ئەمجارە ئەو تۆڕە دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی بانگەوازێک بۆ هاونیشتمانییان بە مەبەستی فراوانکردنی رووبەر و قەبارەی هەڵمەتەکە لەناو گشت هاووڵاتییاندا و دەخوازن بەردەوامی بە هەڵمەتەکە بدەن لە ساڵانی داهاتوودا.


گرنگترین خاڵ بۆ سەرکەوتن و بەردەوامبوونی هەڵمەتەکە خاوەنداریەتیکردنی خەڵکە لێی بەوەی هەموو تاکێکی کورد لەشوێنی خۆیەوە بەشداری لە هەڵمەتەکەدا بکات و هەرکەس لە شوێن و شاری خۆیدا بەڕوو بڕوێنێت.


بە مەبەستی زیاتر فراوانکردنی هەڵمەتەکە سەرپەرشتیارانی زاگرۆسانە لە هەوڵی ئەوەدان پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان گروپەکانی هەرچوار پارچەی کوردستاندا دروست بکەن، بۆئەوەی ساڵانە بەشێوەیەکی نەریتی و لە یەک کاتدا دەست بە روواندنی بەڕوو بکەن.


دواجار پێویستە بڵێین با هەموومان هەوڵبدەین بۆ بەردەوامی و پاراستنی ئەم هەڵمەتە وەک نەریتێکی ساڵانە و خۆمان بە خاوەنی بزانین هەریەکە و لەلای خۆیەوە و بەپێی توانای خۆی لەپێناو کوردستانێکی سەوزدا لە هەر چوار پارچەکەی بەڕوو بڕوێنین.