هەلی کار

پرژە زاهیر جەلال- نووسەر

ئاشکرایە  ڕۆژ بە ڕۆژ لە جیهاندا هەلی کار بە شێوەیەکی گشتی ڕوو لە کەمبوونە و بە تایبەتیش لە هەرێمی کوردستان ئەوە زۆر ڕوونە، بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار، یەکێک لەوانە هاتنی بە کۆمەڵی دەستی کاری بیانییە بۆ هەرێم، بە شێوەیەک ئێستا کۆمپانیای تایبەتمەند هەیە بۆ هێنانیان، بە پێدانی موچەیەکی زۆر کە بەشێکی بۆ کۆمپانیاکە دەگەڕێتەوە، یاخود ئازادانە دێن و ماوەی چەند ساڵێک لێرە کار دەکەن.

 

یەکێکی دیکە لەو هۆکارانە زۆر بوونی مەرج و داخوازی خاوەن کارە لە بێکار، به شێوەیەک زۆرینەی مەرجەکان زۆر نەگونجاون بەراورد بە کارەکە و مووچەی مانگانەکەی، وەک داوای ئەزموونی چەندین ساڵ، زانینی چەندین زمان، بڕوانامەی بەرز و کێشەی لەگەڵ کاتدا نەبێت و…هتد.

 

هۆکارێکی دیکە نەمانی کارگەی ناوخۆییە کە چەندین ساڵ بەر له ئێستا لە شاری سلێمانی کۆمەڵێک کارگەی زۆر باشمان هەبوو بە سەدەها کارمەندی چالاک لە تەمەنە جیاوازەکاندا بێ گوێدانە رەگەز کاریان تێدا دەکرد بەو هۆیەوە سەدان خێزان بژێوی ژیانیان دابین دەکرد و کارەکەیان خۆشدەویست.

 

یەکێکیتر له هۆکارەکان، کەم بوونەوەی مووچەی کارە یاخود رەفتاری خراپ و نەخوازراوی خاوەنکارە لەگەڵ کارمەندەکانیدا.

 

ئەو کەسانەشی لە رۆژێکدا زیاتر لە کارێک دەکەن هۆکارن بۆ بێکاربوونی چەندەها کەسی دیکە، لەبەرئەوەی زۆربەیان فەرمانبەرن دواتر تەکسی دەگێڕن دوای ئەوەش کارێکی دیکە دەکەن، لە کاتێکدا هەندێک کەس هەن تەنیا کارێکیان دەست ناکەوێت.

 

لە وڵاتە زۆر پێشکەوتووەکانیشدا ئەم کێشەی بێکارییە روو لە زیادبوونە، بەڵام هۆکارێکی جیاواز و مەترسیداریان هەیە بۆ تەواوی مرۆڤایەتی، ئەویش دروستکردنی ئەو رۆبۆتانەن کە جێی مرۆڤ دەگرنەوە لە کاردا، ئێستا بە دەیەها کارگەی گەورە هەن کە رۆبۆتیان بەسەر مرۆڤدا هەڵبژاردووە، بەهۆیەوه رێژەی بێکاری روو لە زیادبوونە.

چارەسەر بۆ زیادبوونی هەلیکار بەشێکی ئاسانە، پێویستە مەرجەکان ئاسان بکرێن و راستەوخۆ داوای ئەزموون نەکرێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەموو خاوەنکارێک بە ئەرکی خۆی بزانێت چەندین کەس فێر بکات و پڕ ئەزموونی بکات، ببنە سەرچاوەی فێرکردنیش نەک تەنیا کارکردن، لە هەمانکاتدا هەوڵەکانیان بەرزبنرخێنن و مووچەیەکی شایستەیان بۆ دابین بکرێت بە گوێرەی کات و سەختی کارەکە.

 

هەرچی ئەو کەسانەشە کە چەند کارێک دەکەن، ئەگەر لە کارێکی خۆیان خۆش بن کەسێکی بێکار و ماڵێکی تر ئاوەدان دەکەنەوە.

 

گرنگە هاتنی کرێکارە بیانییەکان بۆ کارکردن سنووردار بکرێن، بۆئەوەی ڕێژەی بێکاریی ڕوو لە کەم بوون بکات، هەروەها دووبارەکردنەوەی کارگە گەورەکانی بواری بازرگانی دەبێتە یەکێک لە چارەسەرە زێڕینە درێژخایەنەکان نەک تەنها چارەی بێکاری دەکات، بەڵکو وڵات دەباتە ئاستێکی باڵاتر.