هاڵۆوین بە هەڵەی we
دالیا جەزا - نووسەر
ماوەی چەند ساڵێكە لای خۆمان یادكردنەوەی هاڵۆوین ئەبینرێت، هاڵۆوین بەزمانی ئینگلیزی" halloween" كە لە وشەی halllows evening ی ئینگلیزییەوە هاتووە واتا ئێوارەی پیرۆزەكان، كە شەوی ٣١تشرینی یەكەم دەكات وجەژنێكە لە ئەمریكا بەتایبەت و لەزۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا لەو ئێوارەیەدا یادەكە دەستپێدەكات و تا دەرەنگانی شەو مناڵانی گەڕەكەكان بەجلی خود ونكەرەوە لەدەرگای ماڵان ئەیەن و بەدەربڕینی trick or treat واتا شیرینی یان فێڵ، بەو وتەیە داوای شیرینی ئەكەن، بڕواشیان وایە ئەگەر ماڵێك نوقڵیان پێنەیات ڕۆحە ئازار دەرەكان یەن بۆ گیان كێشان وئازاردانی خەڵكی ئەو ماڵە.
ڕاستی ئەم جەژنە لەئێوارە پیرۆزەكانی مەسیحییەكانی ڕۆژئاواوە هاتووە، كە سێ ڕۆژە، تیایدا كەسایەتیی و شەهیدە ئاینییەكانیان بە یادكردنەوە دووبارە شكۆدار دەکەنەوە، بەڵام هاڵۆوین بەو شێوازە پیادەكراوەی چەند ساڵێكە گەیشتۆتە وڵاتانی ڕۆژهەڵات و لای ئێمەش نەریتێكی پیادەكراوی دێرینی وڵاتی ئەمریكایە و بەهۆی باڵادەستی ڕۆشنبیری ئەمریكا لەم سەردەمی گڵۆبالیزمەدا، جەژنەكە گەیشتووەتە زۆرینەی وڵاتانی دنیا و نزیك لەوەیە ببێتە نەریت لای زۆریان، بوونی هاڵۆوین بوەەتە هەلێكی بازرگانی لەبار بۆ مۆڵ وستۆرەكانی جل وبەرگ و یاری منداڵان، و ماوەیەك پێش ڕۆژەكەی، كاڵاكانی تایبەت بەهاڵۆوین نمایش دەكەن، ڕێستۆرانت ومیوانخانەكانیش لەوشەوەدا بلیتی تایبەت بەو ئاهەنگەیان هەیە.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە تیشكێكی لەسەر دابنێم باسكردنی هاڵۆوین نییە هێندی ئەوەی بپرسم پیادەكردنی جەژنی هاڵۆوین لەڕووی دەوونی و ڕۆشنبیری وپەروەردەییەوە چی بەتاك و منداڵی كورد دەبەخشێت؟ بەتایبەت ماوەی چەند ساڵێكە لەزۆرینەی دایەنگاو باخچەكانی مناڵان وقوتابخانەكان و زیاتریش لەوانەیان كە تایبەتن، یادی هاڵۆوین سازئەكەن وداوا لەمناڵانیان ئەكەن دەم وچاویان وێنەبكێشن و جلی خود ونكەرو تایبەت بەو ڕۆژە لەبەر بكەن، كەبریتیین لەجل و ماسكی دەم وچاوی ئێسكە پەیكەرو خوێن مژەكان و ڕۆحە گیان كێشەكان وشەیتان و دەموچاوی جادوكاران و كەلوپەل وگسكی جادو وچەقۆی خوێناوی ولاشەی مردووان وچاوی هەڵكۆڵراویان.
دیارە جەژن وفێستیڤاڵەكان لەنێو هەر نەتەوەیەك نەریتی قبوڵكراون و هەریەك تەریب بەئاستی ڕۆشنبیری ودنیا بینی خۆی پیادە دەكات، بێگومان كەرنەڤاڵ وئاهەنگ وجەژن بۆنەی شادی بەخش وئارام وڕفرێشكەری دەروونن و بوونیان خاڵی ئیجابی زۆریان تێدایە، بەمەرجێك بنچینە و مێژوو و فاكتەر وئامانج و دەرئەنجامی بۆنەكە خوێندنەوەی زانستی و ئەقڵانی بۆكرابێت ولەوەشە میكانزمەكانی بگیرێتەبەر، لێرەدا پێم ڕەوایە بڵێم بەنەریتكردنی هاڵۆوین لای ئێمەو بەتایبەت لەناوەندە بەروەردەییەكان هەڵەی ناشارەزاییە لە پەروەردەو دەروونناسی مناڵ، لەبەر ئەوەی لەهەموو زەمانێكدا فیترەتی مناڵ كێشكەرێتی بۆ جەژن وڕەنگاڵەیی بینیین، بەڵام هاڵۆوین جگە لە كولەكە پرتەقاڵییەكەی كە زۆر جار دەم وچاوی پڕ ترسی لەسەر هەڵدەكۆڵرێت، هەموو ڕازاندنەوەكانی بە نیشاندانی خوێن وگیان كێشانە، كەواتە باشترە تەنیا زانیاری لەسەر ئەو جەژنە بدرێتە منداڵان نەك پیادەی بكرێت حەزی بیینی خوێنیان لا ڕەوا بكرێت.
بۆ شادی بەخشینیش بەمنداڵ وكۆمەڵگا ئەكرێت، چەند جەژنێك بژاردە بكەن لەو زیاتر لەو دووسەد بۆنەو هەفتە جیهانییانەی كۆمەڵەی نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیاری لەسەرداوە كە ڕۆژی خاك، ئاو، ژینگە ، فێركردن ،ئازادی ،شێرپەنجە، داون ،میوزیك و ..هتد یان تێدایە.-
ئەكرێت بەهاوكاری مامۆستایانی هونەرو بەهەنگاوی پێشكەوتوو كەرنەڤاڵییان بۆسازبكرێت و بەندە پڕۆگرامی تایبەتییان بۆی هەبێت، هەموو بەندەكانیش بۆ خزمەت گەیاندنبێت بە نەتەوەی خۆمان لەپێناو ژیانێكی ئارام وئاسودە وتەندروست لەسەر خاكی خۆمان ودواتریش گۆی زەوی .
خۆزییا هەرچی ئەم پەیامەی منی بەرچاو ئەكەوت ئەیگەیاندە كارگێڕی ئەو ناوەندە پەروەردەییانەی ئاهەنگ بۆ هاڵۆوین ساز دەكەن ، لەبەر ئەوەی ئەو یادە لەوێ هاڵۆوینە بە هەڵەی we.