کورد، کوردی و کوردستان

نەرمین عوسمان – سیاسەتمەدار

 

ڕۆژی دوشەممە ١٩ی شوباتی ٢٠٢٤، لە ناوەندی شاری وان و لەبەردەم ناوەندی کاری ئایدن پەریهانەوە بەرەو باڵەخانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی زمان و فەرهەنگ و هونەر، پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان- دەم پارتی و ٢٤ ڕێکخراوی مەدەنی لە چوارچیوەی چالاکییەکانی ٢١ی شەبات، ڕۆژی زمانی دایک، ڕێپێوانێکیان بۆ پاڵپشتیکردن لە قسەکردن و خوێندن بە زمانی کوردی دەستپێکرد.

 

ڕۆژی ٢١ی شوباتی هەموو ساڵێک ڕۆژی زمانی دایکە، بۆیە وەک بەردەوامیی داکۆکیردن لە زمانەکەو چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ پاراستنی، ساڵانە لەو ڕۆژەدا زیاتر ئەو نەتەوانەی زمانەکەیان هەڕەشەی لەناوچوونی لەسەرە، چالاکی جۆراوجۆر دەکەن، بەو پێیەی زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە مەترسی لەسەر بووەکان، بۆیە زۆرینەی پارت و ڕێکخراوە مەدەنی و کولتوورییەکان لەو ڕووەوە خەباتەکەیان چڕتر دەکەنەوە.

 

بەپێی دەستووری تورکیا، تورکیا خاوەن یەک زمان، نەتەوەو ئاڵایە، بۆیە بە درێژایی ١٠٠ ساڵی ڕابردوو، زمانی کوردی لە تورکیا لەبەردەم مەترسی لەناوچوون و سەرکوتکاریدا بووە، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بە بەکارهێنانی لە قسەکردن، خوێندن، نووسین و چاپکردنی پەرتووک و هەر بوارێکی دیکە نەدراوە، ئەوە وایکردووە زمانی کوردی لە زۆر لایەنییەوە لەقاڵبدرابێت.

 

هەڤاڵ دڵبەهار، هاوسەرۆکی کۆمسیۆنی زمان و ڕۆشنبیری دەم پارتی بە میدیاکانی وتووە: یەکێک لەو زمانانەی کە مەترسیی لەناوچوونیان لەسەرە، زمانی کوردیی دەیان ملیۆن کوردە، بەبێ زمانی کوردی، کورد و کوردستان ناتوانن بوونیان هەبێت، کوردو کوردی و کوردستان یەک پارچەن و ناتواندرێت جیابکرێنەوە، یەکێکیان بەبێ ئەوەی دیکە بوونی نییە، ئازادیی زمانی کوردی، ئازادیی کوردو کوردستانە.

 

لە سەدەی فەرمانڕەوایی پارتە سیاسییەکانی تورکیادا بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی ڕەتکراوەتەوە، تەنها لە سەردەمی ئەردۆغاندا ڕێگە درا بە قسەکردن و کردنەوەی کەناڵی تەرەتە ٦ و هەندێک وردە ڕێگەپێدانی دیکە بە زمانی کوردی، ئەویش هیچ بنەمایەکی دەستووریی نییەو ئەگەری هەیە هەرخۆی یان حکومەتی دوای ئەوە بە بڕیارێک هەموو ئەوەی ناودەبرێت "دەستکەوت" هەڵبووەشێندرێتەوە.

 

زمانی کوردی، زمانێکی دەوڵەمەندە، بوونی ئەو هەموو شیوەزارە و قسەکردن پێی، هەر نووسین و کارکردن لەسەری، دەرخەری ئەوەیە کە سەرەڕای گوشاری زۆر بۆ لەناوبردنی، کەچی هێشتا زمانی کوردی بە زیندوویی ماوەتەوە.

 

مانەوەی زمانی کوردی بە زیندوویی، تەنها بە هەوڵەکانی پارتێکی سیاسی ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە هەوڵی جۆراوجۆرە، لە خێزانەوە بۆ قوتابخانە، بۆ بازاڕو هەموو شوێنێک کە ژیانی تێدا هەبێت، ڕەنگە تەنانەت چاپخانەکانیش بتوانن لە زیندووهیشتنەوەی زمانی کوردیدا ڕۆڵیان هەبێت.

 

"کورد، کوردی و کوردستان یەک پارچەن" یەکێکە لە جوانترین ئەو دروشمانەی ئەم ساڵ لە باکووری کوردستان بەرزکراوەتەوە، ئەوە دەریدەخات بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی، هەستی تەواوەتی بە مەترسییەکان کردووە، دەزانێت لێدان لە زمانی کوردی لێدانە لە مێژوو شوناس و کۆڵەکەکانی مانەوەی نەتەوە، بۆیە بە وردی دەیەوێت کاری لەسەربکات.

 

هەردوو هەوڵی لەناوبردنی زمانی کوردی و بەزیندوو هێشتنەوەیشی بەردەوامن، بەڵام دەرکەوت ئەزموونی ١٠٠ ساڵی بەردەوام بۆ لەناوبردنی زمانی کوردی، شکستیهێناوەو کورد لە بەرگری و مانەوەدا سەرکەوتوو بووە.